رۆژنامەی ھەولێر

چیرۆکی كوردی و ڕاستكردنەوەی هەڵەیەك!

سەدیق سەعید ڕواندزی
چیرۆک، وەك ژانرێكی هونەری نوێ و هاوچەرخ، مێژووێكی درێژی نییە و سەرەتاكانی دەركەوتنی لە ئەدەبی جیهانی، بۆ نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم دەگەرێتەوە و لە ئەدەبی كوردیشدا، هێشتا تەمەنی دەركەوتنی ئەو ژانرە، لە هەشتا ساڵێك تێپەڕی نەكردووە، ئەمەش پەیوەست بە چیرۆکی لە خەومای جەمیل سائب، بەڵام چیرۆکی فۆلكلۆری و میللی كە دەچنە خانەی ئەدەبی سەرزارەكییەوە، مێژووەكەی بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و ئەم ژانرە، تایبەتمەندییەكی نەتەوەیی جیاوازی هەیە و چیرۆکی میللی و حیكایەتی كۆن، ڕەنگدانەوەی واقیعی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نەتەوە جیاوازەكانە.
لەو ڕوانگەیەوە، لە ئەدەبی كوردیش، چەندین داستانی كۆن و چیرۆکی كۆنی كوردەواری هەن، كە تێماكانیان لە ئەفسانە و پاڵەوانسازی و ڕووداوی خەیاڵی پێك هاتووە و تاكو ئێستاش ماونەتەوە و لایەنێكی گرنگی ئەدەبی سەرزارەكی و نەنووسراو پێك دەهێنن، كە هاوتەریب لەگەڵ ڕەوتە مێژووییە نەتەوەییەکەماندا، لە ڕێگەی گێڕانەوە نەوەی دوا نەوە ماونەتەوە. لێرەوەش ئێمە لە بەردەم دوو جۆر ژانری جیاوازداین، كە ئەوانیش چیرۆکی میللی و كۆن، لەگەڵ چیرۆک بە مانا هونەرییەكەیەتی واتا چیرۆکی نوێ و هاوچەرخ.
لە نێوەندی ئەدەبی كوردیدا، بە تایبەتیش لە میانەی ئەو باس و توێژینەوانەی لە بارەی چیرۆکی هاوچەرخی كوردی دەنووسرێن، بەردەوام هەڵەیەكی گەورە دەكرێت ئەویش ئەوەیە، كە مێژووی سەرهەڵدانی هەردوو ژانرەكە تێكەڵ دەكرێت و كاتێ لە بارەی چیرۆکی نوێوە دەدوێن، باس لەوە دەكەن كە هەزاران ساڵە ژانری چیرۆک لە ئەدەبی كوردیدا هەیە، كە لە ڕاستیدا و بە شێوەیەكی ڕەها، ئەم بۆچوونە زۆر هەڵەیە، چونكە ناكرێ ئەم دوو ژانرە تێكەڵ بكرێن. مامۆستا فەرهاد شاكەلی، لە كتێبەكەی خۆیدا بە ناوی (گێڕانەوەی مۆدێرنی كوردی) چیرۆکی نوێی كوردی، بە گێڕانەوەی مۆدێرن ناساندووە، بەمەش جۆرە دابڕانێكی مێژوویی و فەرهەنگی و زمانی لە نێوان ئەم دوو ژانرەدا كردووە، بەو مانایەی هەموو ئەو چیرۆکانەی بەرلە چیرۆکی لە خەوما و هەروەها ئەوانەشی لە سەرەتای سەدەی بیست نووسراون، دەچنە خانەی چیرۆکی هونەری نوێی كوردی و بەرلەو قۆناغە، چیرۆکی كۆنی كوردەواری هەیە. تەنها مامۆستا شاكەلی، ئەو هەڵەیەی ڕاستكردۆتەوە و دركی بەوە كردووە، كە ئەم دوو ژانرە نابێ تێكەڵ بكرێن، كەچی بەردەوام ئەو هەڵەیە لەلایەن توێژەران و ئەكادیمیانی بواری چیرۆک دووبارە سەد بارە دەكرێتەوە، كە ئەمەش جۆرێك لە ناڕوونی وپۆلێنبەندی لە دیاریكردنی مێژووی هەردوو جۆرەكەی چیرۆک دروست دەكات و تێكەڵكردنیان لە ڕووی مێژووییەوە هەڵەیە، چونكە ئەم دوو جۆرەی چیرۆک، دوو ژانری سەربەخۆ و جیاوازن و لە ڕووی ناوەڕۆك و تەكنیك و فۆڕمی هونەرییەوە پەیوەندییان بە یەكترییەوە نییە.