رۆژنامەی ھەولێر

نەخشە کۆمەڵایەتی و جیۆپۆلیتیکییەکان

فازڵ میرانی
یەکێک لە گرنگترین پێداویستییەکانی کارکردن بریتییە لە “نەخشە”؛ نەخشە و داتا و زانیارییە موجڕەد و نوێکراوەکان، یان تەنانەت ئەو نەخشە پەرشوبڵاوانەی تاک لە یادەوەریی خۆیدا بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی کۆیان دەکاتەوە. لە هەر شوێنێک جوڵە هەبێت، بێگومان نەخشەی گریمانەکراو بۆ ئاخافتن و هەڵوێستەکانیش هەیە.
هیچ سیستمێک سەرکەوتوو نابێت ئەگەر بە وردی ژینگەی دەوروبەری خۆی نەخوێنێتەوە، بەتایبەت ژینگەی ناوخۆیی، لەوانە: وجوودی کۆمەڵایەتی، تێگەیشتن لە بیروباوەڕی کۆمەڵگە، سەرچاوەکانی داهات، هێڵەکانی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگە و دەرەوە و پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵات. بە هەمان شێوە، هیچ سیستمێک بەو پێوەرەی بۆ سەرکەوتن مەبەستە، ناگاتە ئامانج ئەگەر بە باشی لەسەر نەخشە جوگرافییەکەی و کاریگەریی ئەو جوگرافیایە لەسەر سیاسەتەکانی نەوەستێت، کە دواجار دەبێتە هۆی ڕەنگدانەوەی سیاسەتەکانی لەسەر جوگرافیا؛ جا چ جوگرافیایەکی ڕووت بێت، یان ئەو کاریگەرییە تێکەڵاوەی لەنێوان هەمەجۆریی کۆمەڵایەتیدا هەیە، کە پەیوەندییەکانی (بە هەر جۆرێک بن) سنوورە سیاسییە سەروەرییەکان دەبەزێنن، چ لە ڕووی سروشتی و مێژووییەوە بێت یان لە واقیعی ئێستادا. هەر کەمتەرخەمییەک لەم بوارانەدا، کەمکورتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دامەزراوە سیاسییەی کە نەیتوانیوە ڕۆڵە نووسراوە تیۆرییەکەی ناو یاسا، بگۆڕێت بۆ ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرجەستە لە واقیعدا.
لە نموونەی عێراقدا، لە ناوخۆدا نەخشەیەکی کۆمەڵایەتیی فرەڕەنگ هەیە؛ ڕەنگە نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییەکان، کە بەپێی ئاستی ڕەزامەندی، یان ناڕەزایی پێکهاتەکان لە شێوازی مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵیاندا، گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و کەم و زیادیان کردووە. لە هەمان کاتیشدا، ئەم هەمەجۆرییە ناوخۆییە هەمیشە لە ڕێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە، لە هەموو ئاراستەکانەوە سنوورەکانی وڵاتی تێپەڕاندووە؛ لە پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریاوە بگرە تا بەرەو سەرەوە بۆ تورکیا، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ئێران و لە باشووریشەوە بۆ کوێت و سعوودیە و لە ڕۆژئاواوە بۆ ئوردن. ئەمانە درێژبوونەوەیەکی مێژوویین ئەگەرچی ڕەنگە بەهۆی سروشتی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتە سیاسییەکانەوە پاشەکشەیان کردبێت، بەڵام هەرگیز نەپچڕاون، چونکە کۆمەڵگە قەوارەیەکی زیندووە و لە دەسەڵاتی سیاسی دێرینترە.
لە لایەکی دیکەوە، پەیوەست بە گرنگیی تێگەیشتن لە نەخشە، پێویستە تێگەیشتن لە ئامرازەکانی بەکارخستنی هێزە سروشتییەکانی سەرچاوە جوگرافییەکان و درککردن بە کێش و قورسایی ئەمانە لە بڕیارسازیدا هەبێت. هەروەها هەژمارکردنی ئەو فاکتەرە دەسەڵاتدارییەی کۆنترۆڵی جوگرافیای نیشتمانی دەکەن، وەک: چیا و بیابانەکان، دەشت و دۆڵەکان، ئاوەکان؛ چ ئەو ئاوانەی هاوبەشن؛ یان لە وڵاتانی دراوسێوە دێن، یان ئەوانەی سەرچاوە و ڕێڕەویان لە ناوخۆدایە، یان ڕێڕەوی چوونە دەرەوە و هاتنە ناوەوەیان هەیە. جگە لەمانەش، تێگەیشتن لە ئاووهەوا و کەشوهەوا و کاریگەرییەکانیان لەسەر کۆمەڵگە، و ڕۆڵی دەسەڵات لە وەبەرهێنان یان دەستەمۆکردنیاندا.
دروستیی بڕیارەکانی دەسەڵات لەوەدایە کە لە تێگەیشتنەوە سەرچاوە بگرن و بەرەو جێبەجێکردن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی نیشتمانی یان بەشداریکردن لە بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەنگاو بنێن. بەڵام مەترسیی بڕیارەکان لەوەدایە، کە لەسەر بنەمای ئارەزووی کەسی، یان زانیاریی کۆن و هەڵە دەربچن.