جەنگی زیرەک .. جەنگی درۆنەکان

پ.د. نەزاکەت حسێن

مرۆڤایەتی دوای جەنگی جیهانی دووەم تائێستا چاوەڕیی جەنگی جیهانی سێەمیشە، وە هەر جەنگێک لەپارچەیەکی جیهان ڕوویدابێت لەم ماوەدا، خێرا گومان دەکرا و چاوەڕوان دەکرا، ئایا دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم یان نا؟ وە ترسێکیش لەوە هەبوو ئەوجەنگە بە چەکی ئەتۆمی یان چەکێکی کۆمەڵکوژی بکرێت و بە یەکجار یەک بەشی گەورەی جیهان لەناوبچێت، یاخود ببێتە هۆی گەورەترین کارەساتی مرۆیی و ژمارەیەکی بێشومار مرۆڤ قڕ بکرێت و کورد واتەنی تەڕو وشک بەیەکەوە بسووتێت. جگە لەوەش وەهمی ئەو گەشە گەورەیەی تەکنیکی چەک و تەقەمەنی بەهۆی گەشەی تەکنەلۆجیا و چەکە زیرەکەکانەوە لای مرۆڤایەتی هەبوو. جەنگی درۆنەکان لەئاسماندا گەشەی بەهێزی ئەو جەنگە زیرەکەیە کە ئەمڕۆ دەیبینین، گەرچی نوێ نیە و ساڵانێکە درۆن و چەکە زیرەکەکان بەشدارن لەهێرشە ئاسمانیەکان، بەڵام بەو شێوەی کە کۆمەڵێک وڵات لەیەک کاتدا بەشداری جەنگەکە بکەن نمایشێکی نوێ و فۆڕمێکی نوێی جەنگی بنوێنن دەگمەن بووە. لەشەوی ١٣ ی نیساندا کە لەگرژی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە بێدەنگی بەماوەیەکی کەم هێرش کرا و وەڵام درایەوە و چەندین وڵات لەیەک ساتدا لەبۆشایی ئاسماندا لەجەنگدابوون. گەرچی تێچوونە مادیەکەی خەیاڵی بوو لەخەرجی هێرش کردن و لەخەرجی بەرپەرچ دانەوە، بەڵام بەبێ هیچ زیانێکی مرۆیی و دوور لە ڕووی زەوی و دروست کردنی هیچ ترس و تۆقاندن و دەنگێک بۆ مرۆڤەکان کۆتایی هات. لەبارەی جیاوازی ئەم جەنگە لەجەنگی کلاسیک وکۆن، پسپۆڕان بەجەنگی ئۆتۆنۆمی چەکە زیرەکەکان و بێ بەشداری مرۆڤ ناوی دەبەن . Paul Scharre جێگری سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی نوێ بۆ ئاسایشی ئەمریکی دەڵێت ” دەسەڵاتی زیرەکیی دەستکرد چوەتە هەمووگۆشەیەکی ژیانەوە، بەهۆی دەسەڵاتی هەبوونی داتاو سیستمی کۆمپیتەری و دامەزراوەیی زۆری تایبەت. لەبواری جەنگدا کۆنتڕۆڵی لەمرۆڤەکانیش وەرگرتووە، کە ئۆتۆنۆمیانە ئەمڕۆ درۆنەکان و چەکە زیرەکەکان جەنگمان بۆ دەکەن، جگە لە بەکارهێنانی داتا و پرۆگرامکراوی، ئەوەی وادەکات ئەم چەکە زیرەکانە کاری خۆیان بکەن، درۆنەکان توانای وێنەگرتن و ڤیدیۆگرتنی شوێنی مەبەستیان هەیە و بۆیە خێرا بڕیار دەدەن و ئامانج دەپێکن . Paul Scharre لەکتێبە بەناوبانگەکەی Four Battle Grounds Power in the Age of Artificial Intelligence باسی چوار مەیدانی نوێ دەکات لەجەنگی زیرەکدا کەبریتین لە : هەبوونی داتا و سیستمی کۆمپیتەری و مەوهیبە و دامەزراوە’ باسی ئەوەدەکات ئەم جۆرە لەجەنگ و ئەم مەیدانە نوێیانەی جەنگ بووەتە هۆی تێکچوونی قوڵ لە تەرازووی هێزی جیهانی، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە لە لوتکەی بەهێزیدان لەهەبوونی ئەم دەسەڵاتەی چەکی زیرەک، کە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و سین و وڵاتانی ئەورووپان. دەبێت سەرلەنوێ خۆیان ڕێکبخەنەوە دەسەڵاتی خۆیان ڕاگرن لەم توانەیەدا. ئەمەش پەککەوتن و پێویست نەبوونی مرۆڤە بە بوارێکی تری ژیان کە بوارێکی مەترسیدار و هەستیارە کە بواری جەنگە. یۆڤاڵ نوح هەراری، فەیلەسوفی سەردەم دەڵێت” ڕەنگە ئێمە دوا نەوەی مرۆڤایەتی بین کە ڕۆڵمان هەیە لەژیان وەک مرۆڤ، ئیتر دوای ئەم نەوەیە ئامێرەکان هەموو ئیشمان بۆ بکەن و ژیان بەرن بەڕێوە. تەنانەت جەنگیشمان بۆ بکەن.” بەڵام هەرچۆن سەرکەوتوو و ئەرێنی هەبێت ئەم فۆرمە نوێیەی جەنگ نەبوونی مرۆڤ تیایدا بۆشاییە، چونکە مرۆڤ بونەوەرێکە لەهەست و سۆز و باکگراوندی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و سیاسی رۆڵی هەیە لە بڕیاردانی و لەجوڵە و ڕەفتارەکانی لەجەنگ. ئامێری زیرەک ئەوەی نیەتی هەست و سۆزە و ئۆتۆنۆمی و پرۆگرامکراوانە بڕیاردەدات و ئامانجی نیشانەگرتنی ئەوشوێنەیە بۆی دانراوە هیچی تر ناخوێنێتەوە.
ئەم شێوازە نوێیەی جەنگ گەرچی لەلایەک ترس بێت بۆئەوانەی کە مەبەستن بۆ دۆزینەوە و بەئامانج گرتن، ئارامیشە بۆ مرۆڤایەتی کەئیتر جەنگی تۆپ و فڕۆکە و دەنگە دەنگ و کاولکاری ڕەشبگیری کۆتایی هاتووە، وەک جاران تاوانبار و بێتاوان نابنە سووتەمەنی .
ئێستا وڵاتانی خاوەن ئەم جۆرە چەکانە سەرلەنوێ خۆیان ڕێکدەخەنەوە و پێگەی هێزی خۆیان لەم بوارەدا بناغە دەکەنەوە. دوای دەرچوونی ئەم کتێبەی Paul Scharre سیاسیەکانی ئەمریکا کردیانە بناغەی ئەوەی چۆن ڕووبەڕووی ئەم بارودۆخە ببنەوە و سوود ببینین لەو تەکنەلۆجیا و توانای خۆیان ڕێکبخەنەوە. چونکە ئەم کتێبە باسی ئەوە دەکات چۆن تەکنەلۆجیا بناغەی یاریەکانی گۆڕی و زاڵبوو بەسەر ئایندەدا، باسی ئەوەدەکات چۆن زیرەکی دەستکرد ئاراستەی جەنگ و ئاسایشی جیهانی گۆڕی تەنانەت ئایندەی ئازادی مرۆڤ و پێداویستیەکانیشی گۆڕی، تەڵخی لەئایندەی دیموکراسیەتی جیهانیش دروستکردووە، چونکە مرۆڤ بەردەوام کۆنترۆڵ دەکرێت. گرنگترین پرسیاری جیۆسیایەکان ئەوەیە چۆن زیرەکیی دەستکرد گۆڕانکاری کرد لە بەڵانسی دەسەڵاتی دیموکراستەکان و دەسەڵاتداران. چونکە خۆیان پێشوەخت ئیشیان کردووە چۆن زیرەکیی دەستکرد بەکاربێنن بۆگەورەترین سودی خۆیان، دیموکراسیەکانیش یان دەبیت وابکەن یان دەبیت ترسی لەدەستدانی پێشبڕکێکەیان هەبێت.
لە دوای ئەم گەشە خێرایەی زیرەکیی دەستکرد لەبواری جەنگی، کۆنگرێس سەرقاڵی ڕێکخستنێکی یاسای جیهانیە بۆ بەرگرتن لەم دەسەڵاتە، ئەگینا پێشبینی خراپ هەیە بۆ تێکچوونی بەڵانسی هێز و ژێرپێ کەوتنی زۆرێک لە وڵات و نەتەوەکان.

ھەواڵی زیاتر