مەلا گۆگڵ و كۆتایی سەردەمی مەلاكان

مەشخەڵ كەوڵۆسی

لەگەڵ هەر ئاڵوگۆڕێكی ژیاندا، گۆڕانكاری و لێكەوتەی سەرەكی و لاوەكی دێنە پێشەوە. تیۆرەكانی ماركس زۆرترین جەختكردنەوەیان لەسەر وابەستەكردنی گۆڕانكاری و پێشكەوتنی كۆمەڵگەكانە بە هۆكارەكانی بەرهەمهێنانەوە. بەواتایەكی تر: هۆكارەكانی بەرهەمهێنان، كاریگەری دادەنێن لەسەر ئاست و قەبارە و كوالێتی بەرهەم و، ئەوەش ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤ و ترادیشناڵی كۆمەڵایەتی دادەنێت و، لەم گۆشەیەوە ئیدی كۆمەڵگەكانی بەرەو گۆڕانكاری دەچن.
بۆ ڕوونتر بوونەوەی مەبەست دەڵێم: خەڵكی گوندێك ئەگەر بە گا جووت بكەن و، بەداس دانەوێڵەكەیان بدورنەوە، بێگومان بەرهەمیان كەم دەبێت، كەمی بەرهەمیش وادەكات داهاتیان كەم بێت، كە داهاتیش كەم بوو، مرۆڤ هەر لەخەمی تێركردنی سكیدایە و، ناتوانێت بیر لەوە بكاتەوە، گەشتێك بكات، ئۆتۆمبیلێك بكڕێت، جلوبەرگێكی شایستە لەبەر بكات…هتد.
بەڵام ئەگەر بەرهەم زیاد بوو، داهات زیاتر دەبێت و، مرۆڤ بیر لەوە دەكاتەوە سەردانێكی ئەورووپا بكات، خواردنێكی شایستە بخوات و، پۆشاكێكی جوانتر لەبەر بكات، ئۆتۆمبیلێكی گرانتر بكڕێت. ئیدی لێرەوە مامەڵەی مرۆڤ لەگەڵ دەوروبەری دەگۆڕێت، پێوەرەكانی تەماشاكردنی كۆمەڵگە دەگۆڕێت. كەلتوری نوێ، ترادیشناڵی جیاواز و پێوەری نوێ دێنە كایەوە.
پرۆسەكە سەرجەمی وابەستەیە بە هۆكارەكانی بەرهەمهێنانەوە. نوسەرێك ئەگەر لەبەر فتیلە دابنیشێت و بۆ یەك دێڕ بچێتە شام، وەك ئەوەی لە زانستی فەرمودە ناسی هەمیشە باسی كەسێك دەكەن كە بۆ وەرگرتنی فەرموودەیەك گەیشتۆتە شام، ئەوا زانست و ئەقڵی سنوردار دەبن، ئەگەر ئیمامی بوخاری گۆگڵی لەبەردەست بووایە، مۆبایلی لەبەردەست بووایە و، بەشداری ڤیدیۆ كۆنفرانسەكانی بكردایە، كاتێكی یەكجار زۆری بۆ دەگەڕایەوە و دەیتوانی بەرهەمی زیاتر پێشكەش بكات، لەبری ئەوەی بۆیەك فەرموودە بگاتە شام، ژمارەی مۆبایلی ئەو كەسەی دەست دەكەوت و، ڤیدیۆكەڵێكی بۆ دەنارد و فەرموودەكەی بە دەخولەك لێوەردەگرت، نەك چەند ساڵ سەفەرێك بە سەر كۆڵی باربەرێكەوە بكات، تاكو فەرموودەیەك وەردەگرێت!. ئەوەیە گرنگی هۆكارەكانی بەرهەمهێنان.
ئەوەی مایەی سەرنجی قووڵە و پێویستە هەموو لایەك بە سنگی فراوانەوە وەری بگرین و لێی تێبگەین و ئامادەسازی بۆ بكەین، ئەوەیە لەگەڵ هەر ئاڵوگۆڕێكدا، پیشەیەك، پیشەوەرێك، مۆدیلێك، فیكرێك، تیۆرێكی زانستی، لەناو دەچن و، بەشێوەی ئۆتۆماتیكی ئەلتەرناتیڤی گونجاوتر جێگایان دەگرێتەوە.
بۆنمونە دەڵێم: هونەر یان پیشەی خۆشنوسیی، لەلایەكەوە هونەرێكی جوان و ڕاقییە، لەلایەكی تریشەوە پیشەیە و هەزاران كەس لەو ڕێگەیەوە بژێوی خۆیان پەیدا دەكرد، بەڵام ئەو هونەرە لەدوای هاتنە پێشەوەی كۆمپیوتەر، ئێستا لەگیانەڵادایە و، ژمارەیەكی زۆر كەمی خۆشنوسەكان دەتوانن وەك پیشەیەك بۆ دابینكردنی بژێوی لەسەری بەردەوام بن. چونكە ئێستا كۆمپیوتەر جوانترین خەت و لەكەمترین ماوەدا و بەتێچوویەكی كەم دەخاتە بەردەستی هەمووان. هاوكات پیشەكانی تریش كەم تازۆر لەسەردەمی زیرەكی دەستكرددا كۆتاییان دێت یان زۆر كەم دەبنەوەو، دەستەڵات و هەژموونی خاوەن پیشەكانیش لەسەر كۆمەڵگە یان نامێنێت یان بەرەو پوكانەوەی یەكجارەكی دەچێت.
مەلاكانیش كە خاوەنی پیشەیەكن و لە سەردەمەكانی كۆندا بەحوكمی واقیعی شارستانی كۆمەڵگەكان و ئاستی نزمی بەرهەمهێنانی مەعریفە، توانییان بۆ چەندین سەدە هەژموونی خۆیان بەسەر كۆمەڵگەكاندا بسەپێنن و ببن بە مەرجەعی بیركردنەوەی خەڵك و، لەسەردەمی تەكنەلۆژیای زانیاریدا ئەو هەژموونە بەتەواوی لەناو دەچێت و، كەسێك بۆ پرسیارێكی شەرعی لەبری ئەوەی لەمەلا فڵان بپرسێت، یەك سێرچی گۆگڵ دەكات و لە چاوتروكانێكدا سەدان هەزار وەڵامی جۆراوجۆری بۆ دێتەوە، ئیدی لێرەوە پێگەی زانستی و كۆمەڵایەتی و ئابوری مەلاكان دادەڕوخێت و، وردە وردە لەگەڵ پێشكەوتنی زیاتری زانیاری لەسەردەمی زیرەكی دەستكرددا، خۆری ڕۆڵ و پێگەی مەلاكانیش ئاوا دەبێت و، پیشەی مەلایەتی وەكو زۆرێك پیشەی دی لەگەڵ ئەو پێشكەوتنەدا دەبنە بەشێك لەیادەوەرییەكانی ڕابردووی كۆمەڵگەكان.

ھەواڵی زیاتر