دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

عەبدولخالیق مەعرووف

لە سلێمانی، لە ٢٣ی ١٢ی ١٩٢٣دا، جەمال عیرفان، لەسە ر فیکر تیرۆر دەکرێت، شەست و دوو ساڵ دواتر، عەبدولخالیق مەعرووف لە هەولێر، لە ١٠ی ئەپریلی ١٩٨٥دا لەسەر کتێبی: (ئادەمزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا،) بە هەمان چارەنووس دەگات. لە نیوەی دووەمی ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەمدا، لە سلێمانی، (ڕەئووف زوهدی و عومەر تۆفیق)یش تیرۆر دەکرێن، یەکەمیان لەسەر کتێبی: (بۆ لە هەقە کەوتنە تەقە) و دووەمیان لەسەر نامیلکەی: منداڵنەبوون بەبێ حەب. تەنانەت نووسینی کوردی بە حەرفی لاتینی، لای بەعس، (دەکەوێتە خانەی دژایەتیکردنی حەرفی عەرەبییەوە و دڵشاد مەریوانیی لەسەر دەکوژرێت.)(١) )کەریم زەند)یش چونکە (ئینجیل)ی کردبوو بە کوردی، هەوڵی کوشتنی دەدرێت و بە سەختی بریندار دەکرێت.
جاران زانایانی وەکوو حەللاج، قورتوبی و سەهرەوەری تیرۆر دەکران، لەم سەردەمەیشدا، حوسەین مەروە، مەهدی ئەلعامیل، فەرەج فۆدە و فەرهاد فەرەج دەکوژرێن و نەجیب مەحفووز، عەزیز نەسین، سەلمان ڕوشدی و تەسلیمە نەسرین فەتوا و هەوڵی کوشتنیان دەدرێت. عەلی عەبدولڕەززاق و جەلال سادق ئەلعەزم بە دادگا دەدرێن، عەلاء حامید زیندانی دەکرێت و نەسر حامید ئەبوو زەید ناچار دەبێت، زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت.
لە سەرەتای ١٩٨٥دا، عەبدولخالیق مەعرووف، کتێبی: (ئادەمزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا)(٢) بڵاو دەکاتەوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا، (ئەمن) کە بەدناوترین دەزگای سەرکوتکەری بەعس بوو، کلک لەگەڵ کۆمەڵێک مەلای توندڕۆدا گرێ دەدات و هەر چییان بۆ زڕاندنی ناوی نووسەرەکەی پێ دەکرێت، درێغی ناکەن و سەرەتا فەرمانی لەنێوبردنی کتێبەکە دەر دەکەن و دواتر نووسەرەکەی دەکوژن. (ئەوی کتێب بسووتێنێت، ئینسانیش دەسووتێنێت.) بەعس و مەلای توندڕۆ، ڕاستیی ئەو گوتەیەی شاعیری ئەڵمانیایی، (هەینریش هاینە)یان سەلماند.
پەنابردنە بەر تیرۆر، ڕەنگدانەوەی لاوازی و ترسنۆکییە، هەرگیز هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت نووسەرێکی ڕاستەقینە بسڕێتەوە، بڵند حەیدەری گوتەنی: (گولـلەیەک ناتوانێت، کۆتایی بە ژیانی نووسەرێک بهێنێت کە داهێنانی بووبێت بە بەشێک لە ژیانی کەسانی دیکە.) عەبدولخالیق مەعرووف چاوەڕێی ئەوەی دەکرد، پێستی بکەن بە چەکمە و (کاسەی سەریشی بە تەپڵەکی سیگار،)(٣) بەڵام ئەوەی بە ملکەچی دەزانی، بێدەنگ بێت و لێ بگەڕێت بەعسی فاشیست و مەلای بیربەردین، وێنەی ئێستا و داهاتووی وەڵاتەکەی بکێشن.
عەبدولخالیق مەعرووف دەیزانی گەلانی ئەورووپا، لە ئەنجامی خەباتێکی درێژخایەنەوە، لە دەسەڵاتی کەنیسە ڕزگاریان بووە، دەیزانی ئەورووپا بە کۆششێکی دژوار، کۆمەڵێک دەستکەوتی مەزنی بە دەست هێناوە، وەک: ئازادکردنی گەردنی سیاسەت لە کۆتی ئایین، بەرهەمهێنانی عەقڵێکی ڕەخنەگرانە کە پێی وایە هیچ شتێک لەسەروو ڕەخنەوە نییە، ئازادیی بیروڕا دەربڕین و ئازادیی ویژدان. عەندولخالیق مەعرووفیش چرای هەمان خەباتی لە کوردستان هەڵکرد و بۆیە تیرۆر کرا، چونکە ڕۆشنبیرێکی مەزن و شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینە بوو، ئەگەر بێدینێکی ساکار و نووسەرێکی ڕووکەش بووایە، لێی نەدەتۆقین و نەیاندەکوشت.
عەبدولخالیق مەعرووف شارەزای لاپەڕە خوێناوییەکانی مێژوو بوو، دەیزانی بەششاری کوڕی بورد، بە تۆمەتی زەندیقبوون، لەژێر قامچیدا گیانی لە دەست داوە، دەیزانی (کەعبی کوڕی ئەشرەف) بە تۆمەتی لاقرتیکردن بە ڕەمزی پیرۆز، سەری لە لەشی جوێ کراوەتەوە، دەیزانی دەشێت ئەویش هەمان چارەنووسی ئەوانی هەبێت. عەبدولخالیق مەعرووف لە کتێبەکەیدا، بە پشتبەستن بە دەقی قورئان، بە کۆمەکی گوتە و هەڵسوکەتی پەیامهێن و بۆچوونەکانی شافیعی، تێڕوانینی ئیسلامی سەبارەت بە ژن ڕوون کردبووەوە، نە سووکایەتی بە ئیسلام کردبوو، نە بەو مەبەستەیش هەڵوێستی ئیسلامی دەربارەی ژن شی کردبووەوە، بەڵکوو ئامانجی ئەوەبوو، پەردە لەسەر ڕووخساری دزێوی دێوی ئەو هەموو سووکایەتییە لا بدات کە لە سایەی ئیسلامدا بە ژن کراوە و دەکرێت.
*
(١) کنعان مکیة، القسوة والصمت، الطبعة الأولی، ص١٥١ دار الساقي ١٩٩٤ لندن.
(٢) عەبدولخالیق مەعرووف، ئادەمزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا، دار الجاحظ ١٩٨٥ بغداد. ئەم کتێبانەیشی بڵاو کردوونەوە: () ئەنتێنا، چاپخانەی کوردستان ١٩٧٧ هەولێر. () تەکنیککار، چاپخانەی بابل ١٩٨١ بەغداد. () دیوانی نالی و کێ ڕاستە؟ چاپخانەی المٶسسة العراقیة للدعایة والطباعة ١٩٨٤ بغداد.
(٣) عەبدولوەهاب بەیاتی.

ھەواڵی زیاتر