بەرپرسیاریەتی وشە

عومەر چنگیانی

ئەرکە پیرۆزەکەی مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان، نەخاسمە ئەو بەڕێزانەی لە ڕێگای دوانگەی مزگەوتەکانەوە هەفتانە پەیامی پیرۆزی ئیسلام دەگەیێنن، وای خواست کە مامۆستا بەڕێزەکانی لیژنەی باڵای ئامادە کردنی گوتاری هەینی بۆ هەینی ڕابردوو تیشک بخەنە سەربابەتی بەرپرسیارێتی وشە و سەرەتا بەبیرهێنانەوەی ئایەتی ١٧و١٨ی سورەتی (ق) دەستیان پێکرد کە خوا دەفەرمێت: (ئەرکە مەردمیەل لەوە ئاگاداربن کە بە ویستی خوا لەلایەنی ڕاست و چەپی هەرتاکێکدا چاودێری وردبینی هیچ لەدەست قوتارنەبوو هەن و مەردم هیچ وشەیەکی لەدەم دەرناچێت کە ئەوان نەینووسن و نەیگەێینن)، کە بیستنی ئەو دوو ئایەتە پیرۆزە، وا لە مسوڵمان دەکات کە چاک بزانێ هەرچییەکی کە دەیڵێین و دەینوسن لە کاتی قسەکانیان کاریگەریی باش و خراپی هەیە لە دواڕۆژدا و، لە دونیاشدا، وڵات و کۆمەڵگای لەسەر بنیاتدەنرێ و پێشدەکەوێ و، خۆشبەختی و تەبایی و ئاوەدانی بەدوادا دێ، پێچەوانەکەیشی هەیە کاتی وتەی خراپ بڵاودەکرێتەوە لەنێوان خەڵکیدا بەتایبەت لە ئێستاماندا سەردەکێشێ بۆ ناکۆکی و ڕقەبەرایەتی و پچرانی خزمایەتی و کاولکاری و شەڕ و خوێن ڕشتن .
زانایان (رحمهم الله) دەفەرموون دەربارەی گوتەی چاک و باش : بریتیە لەوەی کە دڵ و هزری باوەڕدار خۆشبکا بە دڵخۆشکردنی و ئەستۆ پاکی و دیفاع کردن لێی، هەروەها گوتەی چاک و باش شوێنەواری مەزنی هەیە لە دونیاو دوا ڕۆژدا، موسڵمان ئەو کەسەیە کە خەڵکی لەدەست و لەدەمی سەلامەتبن، ئەو کەسەی گوتەکانی جوانتر و باشتربێ ئەوا موسڵمانێتییەکەی زۆر باشترە، گوتەی جوان دەبێتە مایەی خۆشەویستی نێوان کەسەکان، لابردنی دوژمنایەتی و ڕقەبەرایەتی، چەندین ئاگری شەڕ و ئاژاوە بەهۆی گوتەی جوان و چاک کوژاوەتەوە و چەندین خێزان لە ترازان ڕزگاریان بوەو چەندین ساڵ ژیانێکی خۆشیان بردۆتە سەر، چەندین دووبەرەکی خەریک بوە خوێن ڕشتنی بکەوێتە نێوان لایەنی ناکۆکیکار بەهۆی گوتەی چاک و باشەوە ئاشتبونەتەوە، خاوەنی گوتەی چاک و باش لە قیامەت خودان پاداشتێکی مەزنە، هاوکات گوتەی خراپ و ناشیرین : هەموو وشەیەک دەگرێتەوە کە لەخودای گەورەت دوردەخاتەوە، دەبێتە هۆی دووری و لێکترازانی نێوان خەڵکی، وەکو کوفر کردن و گوناحەکانی زوبان، چەند گوتەی خراپ بۆتە هۆکاری دڵ توندی و کێشەی بەردەوامی خێزانی و هاوسەران و خۆشەویستان، چەندین خەڵک بەهۆی گوتەی خراپەوە بەند کراوە و یان مردوە و یان بە ناحەقی کوژراوە، ئەمە هەموو بەهۆی گوتەی خراپی کەسانێک کە کردویانە .
لە کۆتاییدا سوێند بەخوا هەرکەسێ تەنها قسەی چاک و باش بکات و زوبانی بپارێزێ لە ووشەی خراپ هەرگیز زەرەر ناکات و شەرمەزار نابێت، با گوتەی باش بکەینە دروشمی ژیانمان .
لەدوا وشەدا وەبیری دێنینەوە کە ئەو بەربادییەی ئێستا زۆرێک بەهۆی سۆشیال میدیاوە تێیکەوتوون بێگومان گەر سنوورێکی بۆ دانەنرێت ئاکامی باش نابێت .

ھەواڵی زیاتر