رۆژنامەی ھەولێر

چەند سەرنجێکی کورت بەبۆبەی پێشانگەی کتێبی کوردی لە هەولێر

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

پسپۆڕانی بواری پەروەردە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەنەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی فێربوون سەرکەوتوو بێت، پێویستە فێرکار بە کردار ئەو بابەتە بۆ فێرخواز شی بکاتەوە، کە دەیەوێت. بێگومان ئەمە یەکێکە لە ڕێگە کاریگەرەکان. ڕێگەیەکی دیکە هەیە، ئەویش ئەوەیە لەڕێگەی چیرۆکی پەندئامێز، یان بەسەرهاتی کاریگەرەوە تا سەرنجی فێرخواز ڕابکێشێت و ببێتە هۆی فێربوونی ئەو بابەتەی دەمانەوێت لێی شارەزا بێت و پێی بگەیەنین.

مامۆستایەکی هاوڕێم گێڕایەوە بۆ ئەوەی منداڵەکەی فێری ژینگەدۆستی بکات هەرکات چووبێتنە گەشت و سەیران دوای کۆکردنەوەی هەموو کەلوپەلەکان دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی هەر خۆڵوخاشاکێک کە لەو دەورەبەرەدا هەبووبێت، ئیدی منداڵەکەشی فێربووە لەگەڵ ئەودا دەستی بە کۆکردنەوەی خۆڵوخاشاکەکان کردووە و دوای چەند ساڵێک کە لەگەڵ هاوپۆلەکانی خوێندنگەیدا چوون بۆ سەیران هەمان کرداری کردووە و خوێندکارەکانی دیکەش چاویان لەو کردووە و شوێنکەیان بە خاوێنی بەجێهێشتووە.
هەمان هاوڕێیم سەبارەت بە پرۆسەی خوێندنەوە و خۆشەویستکردنی کتێب لای منداڵەکەی هەمان شتی پەیڕەو کرد بوو، گوتی لەبەردەمی منداڵەکەمدا بۆ پێویستی نەبوایە مۆبایلم بە دەستەوە نەدەگرت و هەموو شەوێک دوو کاتژمێرم دانابوو بۆ خوێندنەوە، گوتی؛ لە ساڵی دووەمەوە سەیرم دەکرد منداڵەکەشم دەچێت کتێبێک لە کتێبخانەکەم دەهێنێت و سەیری دەکات و بەو چەشنەی من لاپەڕەکانم هەڵدەدایەوە ئەویش لاپەڕەکان هەڵدەداتەوە. گوتیشی؛ کاتێک گەورەتر بوو کتێبی منداڵانم بۆ کڕی و بۆم خوێندەوە ئیدی لەوێوە، کە گەورەتربوو خۆی بووە خوێنەر و ئێستا کتێبخانەی تایبەتی خۆی هەیە.
لەم چیرۆکە کورتەوە ویستم ئەوە بخەمەڕوو کاتێک دەمانەوێت خوێندنەوە، یان ژینگەدۆستی، کوردپەروەریی، یان هەر بابەتێکی دیکە لە منداڵەکانماندا بچێنین، پێویستە ئەوە لە خۆماندا هەبێت تاکو ببینە ڕێگەخۆشکەر بۆ ئەوەی ئەو بابەتە لە منداڵەکانماندا گەشە بکات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە یەکەم پێشانگەی کتێبی کوردی لە شاری هەولێر کرایەوە، سەرنجی بەشێک لە وێنەکانمدا، کە بەشێک لە میوانانی پێشانگەکە منداڵان و مێردمنداڵانن، ئەمە جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشیم بوو، هەستم کرد یەکێک لە خەونەکانم کە لە پڕۆژەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوەدا کارم لەسەر کردووە و هاندانی خێزانە بۆ خوێندنەوەی منداڵەکانیان خەریکە هێدی هێدی سەرڕێ دەخرێت و ئەو کولتوورەی کە تەنها دابینکردنی پێداویستییە ماددییەکان گرنگ نییە بۆ منداڵ، بەڵکو پێداویستییە مەعنەوی و ژیارییەکانیش گرنگن گەشە دەکات و هیواخوازم ئەوە زیاتر و زیاتر گەشە بکات.
یەکێک لەو خاڵانەی دەبێتە هۆی گەشەپێدان و هاندەر بۆ بەکولتوورکردنی خوێندنەوە خێزانە. لەدوای دامەزراوەی پەروەردە خێزان یەکەم هاندەر و گەشەپێدەری پرۆسەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوەیە. بۆیە زۆری ژمارەی ئەو منداڵ و نەوجەوانانەی لە چەند ڕۆژی پێشانگەی کتێبی کوردی ئامادەییان هەبوو هیوایەکی دڵخۆشکەرە بۆ ئەوەی بەرەو هەنگاوە سەرەتاییەکانی پرۆسەکە بڕۆین و لە ساڵانی داهاتووشدا بەردەوامی ئەم جۆرە پێشانگایانە ببنە وزەی نوێ بۆ بە کولتوورکردنی خوێندنەوە، چونکە تەنها سەرچاوەی ڕەسەنی مەعریفی و ژیارییە و هیچ جێگرەیەوەیەکی نییە.