دەوڵەتی عەلمانی

حەمەسەعید حەسەن

(٣)
دوا بەش

لەزووەوە گوتراوە: دین هی خوایە، بەڵام وەتەن هی هەمووانە. مەبەست ئەوەیە، ئایین شتێکە تایبەت بەم یان بەو تاک، شتێکە لە نێوان تاک و خوادا، بەڵام سیاسەت گشتییە، تایبەت نییە بەم یان بەو هاووەڵاتی. لە دەوڵەتی تیۆکراتیدا، سەرۆک هەر فەرماندەی سیاسی نییە، باوکی ڕووحیشە، ئەمەیش بە قەدیسکردنی سیاسەتمەدارە. کە (مەسیح)یش گوتوویەتی: بەشی قەیسەر بۆ قەیسەر و بەشی خوایش بۆ خوا، هاوزەمان بەگژ دەمارگیریدا چووەتەوە و تەکەزی لەسەر ئەوەیش کردووە کە قەیسەر نوێنەری خوا نییە لەسەر زەوی.

کە موحەممەد عەبدە (١٨٤٩ – ١٩٠٥) گوتی: با خەلیفە فەرمانڕەوایەکی مەدەنی بێت، لەوە بە دواوە لە میسر، لەبری دەوڵەتی دینی، دەوڵەتی مەدەنی، بوو بە یەکێک لە خواستەکانی میللەت. ساتیع ئەلحوسرەی (١٨٧٩ – ١٩٦٩) کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی عورووبە، دەڵێت: (تەنیا خەڵکی نیمچە دوورگەی عەرەب، سەر بە عورووبە نیین، هەر کەسێک لە وەڵاتێکی عەرەبیدا بژی، سەر بە عورووبەیە. هەر کەسێک بە عەرەبی بپەیڤێت، بە چاوپۆشین لەوەی موسوڵمانە یان نا، سەر بە عورووبەیە.) چونکە دامەزراندنی سیستەمی عەلمانی، لە سەربەخۆیی دوورەدەستترە، بۆیە بۆ کورد و تورکمان و کریستیان، وا باشترە چی زووترە خۆیان لەبن هەژموونی دەوڵەتی عەرەب ڕزگار بکەن. کوردستان تا لەبن هەژموونی عێراقدا بێت، کە دەوڵەتێکی تیۆکراتی شیعە مەزهەبە، نابێتە خاوەنی سیستەمێکی عەلمانی.

لە ئەورووپا لە سەدەی هەژدەیەم بەدواوە، شێوازێکی نوێی فەرمانڕەوایی هاتە ئاراوە، شێوازێکی نادینی، کە نوێنەرایەتیی خوای نەدەکرد و فەرمانڕەوا خۆی بە سێبەری خوا نەدەزانی، سیستەمی عەلمانی بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە. نە عەلمانی مولحیدە و نە عەلمانیبوون ئیلحاد، لە سەرهەڵدانییەوە تا هەنووکە، سیکولاریزم دژی دین نەبووە و ئازادیی بیر و باوەڕی بۆ هەموو هاووەڵاتییان بە یەکسانی دابین کردووە. لە سایەی سیکولاریزمدا، نە دین دەست وەردەداتە سیاسەت، نە سیاسەت سواری سەری دین دەبێت.

گەوهەری سیکولاریزم ئەوەیە کە جیاوازی لە نێوان فەزای گشتی و فەزای تایبەتیدا دەکات، هەر ئەمەیشە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت. دەوڵەتی عەلمانی ڕەنگدانەوەی خواستی ئازادی خەڵکە، بە تۆپزی بەسەریاندا نەسپێندراوە. فەزای گشتی، گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە کە هاووەڵاتییانی خۆویستانە پێکەوە گرێ داوە. فەزای تایبەتی، ژیانی ڕووحی تاکەکانە کە دەسەڵات مافی ئەوەی نییە، دەستی تێ وەربدات. ئەوە ئەتککردنی فەزای تایبەتییە کە واعیزێک جۆری خۆراک و پۆشاک، بۆ هاووەڵاتییان دیاری بکات، یان ئاژۆتنی ئۆتۆمۆبیل بۆ ژن بە تابوو لە قەڵەم دەدات.

سەپاندنی دەسەڵات بە ناوی دین و دابونەریتەوە و بە میراتی مانەوەی دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ، مۆدێلی حوکمی سەدەکانی ناڤین بوون، لە سایەی سیستەمی عەلمانیدا، ئەوە هاووەڵاتییانن متمانە بە دەسەڵات دەبەخشن، یان لێی وەردەگرنەوە. ئەوە نسکۆی سیستەمی عەلمانییە، ئەگەر دەسەڵات شەرعیبوونی خۆی لە کوودەتا یان شۆڕشەوە وەرگرتبێت، یان بەهۆی جاڕدانی باری نائاساییەوە، درێژە بە حوکم بدات. لە دەوڵەتی عەلمانیدا دەستاودەستکردنی دەسەڵات، ئاشتییانە ڕوو دەدات، ئینسان سەرکوت ناکرێت و زەبروزەنگی شۆڕشگێڕانە لە ئارادا نییە. سپینۆزا (١٦٣٢ – ١٦٧٧) گوتوویەتی: (مەبەست لە ڕۆنانی دەوڵەت، بە کۆیلەکردن و ئامێراندنی هاووەڵاتییان نییە، بەڵکوو ئازادکردنی وزە شاراوەکانیانە و هاندانیانە بۆ ئەوەی بە ئازادی بیروڕای خۆیان دەرببڕن.) مەترسیی گەورەی دەوڵەتی ستەمکار، تیرۆرکردنی تاکی ناڕازی نییە، بەڵکوو بەمێگەلکردن و مل پێ کەچکردنی خەڵکە. لە دەوڵەتی عەلمانیدا عەقڵێکی ڕەخنەگرانە سەروەرە کە بەردەوام کۆمەڵ بەرەو پێشەوە دەبات.

دەمارگیریی دینی کە دوژمنە سەرسەختەکەی سیکولاریزمە، ئیش لەسەر شێواندنی ویژدان و دەروون دەکات. هەر دەوڵەتێک دین بکات بە ئایدۆلۆجیا و شەرعیبوونی خۆی لە دینەوە وەربگرێت، خۆی بە پیرۆز و نەیارانی بە دژەدین لە قەڵەم دەدات. دەوڵەتی وا فەزای گشتی بە دینی دەکات، ئیدی هەر لە حیزب و سەندیکاوە، تا زانکۆ و شانۆ. دەوڵەتی عەلمانی بە کۆمەکی کاوێژکردنەوەی کەلەپوور و وەڵامە دێرینەکان دانامەزرێت، لەڕێی ورووژاندنی پرسیاری نوێ و داهێنانەوە دێتە ئاراوە. سیکولاریزم، مامەڵەکردنێکی واقعییە لەگەڵ ئینسان و کاروبارە دونیایییەکاندا، مامەڵەکردنێکی بەدەر لە هەژموونی دین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە، دینداری دەمارگیر، بڕوای بەوە نییە، شتێک هەبێت نەکەوێتە ژێر چەتری لێکدانەوەی خۆیەوە بۆ دین.

کە دەوڵەتێکی وەک یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، ئازادیی لەبەردەم ئەم یان ئەو دیندا بەرتەسک دەکردەوە، لە عەلمانیبوونییەوە نەبوو، لە سۆنگەی ئەوەوەبوو، ئەوسا لەوێ یەک گوتار زاڵبوو، یەک کولتوور سەروەربوو، پەرستنی یەک کەسیش باوبوو. جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت، بەردی بناغەی دامەزراندنی سیستەمی عەلمانییە، بەڵام بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی وەڵاتانەوە. لەسایەی سیستەمی عەلمانیدا ڕێز لە هەموو دینێک دەگیرێت و کەس ناچار ناکرێت بچێتە سەر دینێکی دیکە، بەڵام دەوڵەتی دینی، ئەو شێوازی ژیانە بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت کە بانگاشەی بۆ دەکات و ڕێ لە هەموو دەنگێکی جیاواز دەگرێت، تەنانەت ئەگەر دەنگێکی ڕیفۆرمخوازی سەر بە دینی فەرمییش بێت. عەلمانیبوون جاڕدانی جەنگ نییە لە دژی دین، قەبووڵکردنی ئەوی دیکەیە، سەر بە هەر ئایین و کولتوورێک بێت. عەلمانیبوون دیالۆگێکی هەمە لایەنەیە، لە گۆشەنیگا جیاوازەکانەوە، بە مەبەستی شکاندنی ئەو تابووانەی جەهل بەرهەمی هێناون و عەقڵی خەڵکانێکی زۆریان سڕ کردووە.

دەقی پیرۆز سیستەمێکی دیاری نەکردووە تا دەوڵەت پابەندی بێت، بەڵکوو موسوڵمانانی سەرپشک کردووە، ئەو سیستەمە ڕەچاو بکەن کە لەگەڵ هەلومەرجیاندا دەگونجێت. گرنگ ئەوەیە سیستەمەکە دادپەروەر بێت، ئازادی و یەکسانی لەبەر چاو بگرێت، نە سیاسەت بکات بە دین و نە دین بکات بە سیاسەت. دەوڵەتی عەلمانی شەرعیبوونی خۆی لە پیاوانی ئایینەوە وەرناگرێت، لەڕێی هەڵبژاردنەوە لە هاووەڵاتییانی وەردەگرێت. لە سیستەمی عەلمانیدا، نە دەوڵەت دەست وەردەداتە کاروباری ئایینەوە، نە ئایین دەست لە بینی دەوڵەت گیر دەکات.

سیستەمی عەلمانی نە گوێڕایەڵی ئەو جیهادیستانە دەبێت کە لە دەستی عەدالەت هەڵاتوون، نە ملکەچی ئەو ئیسلامیستانەی لە پەرلەمانەوە بەگژ نیشتماندا دەچنەوە و نە ڕێز لەو واعیزانە دەگرێت کە مزگەوتیان وەکوو کارگەی بەرهەمهێنانی داعش لێ کردووە. ناکرێت خۆمان بە عەلمانی بزانین و لافی دیموکراتی لێ بدەین، کەچی گوتاری ئایینێک بەسەر فەزای گشتیدا زاڵ بێت. دەوڵەتی دینی بۆیە لەسەر ئاستی دونیا شکستی هێناوە، چونکە ڕێز لە بەها ئینسانییەکان ناگرێت.
*

سەرچاوەکان

(١) علي مبروک، العلمانیة ذات جوهر إنساني، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد ١٠ أب ٢٠١٧ أبوظبي.
(٢) د. ألفة یوسف، الدولة الدینیة خارج العصر، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد ١٠ أب ٢٠١٧ أبوظبي .
(٣) حنا عبود، الخروج علی الأیدولوجیا، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد١٠ أب ٢٠١٧ أبوظبي .
(٤) أحمد فرحات، حرکة تحریر من عمی التعصب الدیني، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد١٠ أب ٢٠١٧ أبوظبي.
(٥) أم الزین بنشیخة المسکیني، کانت ونقد التعصب، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد ١٠ أب ٢٠١٧ أبوظبي.
(٦) هاشم صالح، هذه هي العلمانیة، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد ١٠ أب ٢٠١٧ أبوظبي .
(٧) الفاهم محمد، الفکر العلماني، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد ١٠ أب ٢٠١٧ أبوظبي.
(٨) محمود عبداللە، صحافة تنویریة، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد ١٧ أب ٢٠١٧ أبوظبي.
(٩) أمین مسعود، الظلمة والدیاجیر، الملحق الثقافي لجریدة الإتحاد ١٧ أب ٢٠١٧ أبوظبي.

ھەواڵی زیاتر