رۆژنامەی ھەولێر

کارکردن لە پرۆژەی پارکی نیشتمانی لە دهۆک بەردەوامە

چواس خالید – هەولێر

دوای جێبەجێ کردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ڕۆنانی پارکی نیشتمانی لە دهۆک، ئێستا ڕشتانە کار لە تەواو کردنی دەکرێت، کە لەسەر ڕووبەری نزیک بە شەش سەد دۆنم زەوی ڕۆدەنرێت و ٣% ئاستی سەوزایی لە دهۆک زیاد دەکات، هاوکات پێشکەشکردنی پڕۆژەکان بەردەوامە و لە ماوەی حەوت ساڵدا ١٦٠٠ پڕۆژە لە دهۆک جێبەجێکراوە.

پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و له‌و چوارچێوەیەدا و هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، پارێزگای دهۆک بووەتە گۆڕەپانی جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی گەورەی خزمەتگوزاریی ژینگەیی و ژێرخانی، کە ئامانج لێیان گۆڕینی سیمای شارەکە و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانە بۆ هاووڵاتیان.
یەکێک لە دیارترین ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانەی پێشکەش بە پارێزگای دهۆک کراوە، پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ڕۆنان و بنیاتنانی پارکی نیشتمانی دهۆک ە، پارکی نیشتمانی دهۆک لە ڕۆژئاوای شاری دهۆک هەڵکەوتووە و لە حوزەیرانی ٢٠٢٤، مەسرور بارزنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پارکی نیشتامانی دهۆکی دانا.
دوای دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕۆنانی پارکی نیشتمانی دهۆک، کە جیا لە جوانترکردنی سیمای دهۆک و دەرفەتێکی زێڕین بۆ ڕاکێشانی زیادتری گەشتیاریی بۆ شارەکە و ڕەخساندنی هەلی کاری زیادتر، ٣%ی ڕێژەی سەوزایی دهۆک بەرز دەکاتەوە، ئێستا ڕشتانە کار لە جێبەجێکردنی دەکرێت و تا ئێستا زیادتر لە ٢٥%ی کارەکانی تەواو بووە و هەوڵ دەدرێت بەر لە وادەی خۆی تەواو بکرێت، کە ماوەی تەواو بوونی چوار ساڵە.
ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە، کە لەسەر ڕووبەری ملیۆنێک و پێنج سەد و حەفتا و پێنج هەزار مەتر دووجا، نزیک بە شەش سەد دۆنم زەویی ڕۆ دەنرێت، بە گوژمەی سەد و بیست و هەشت ملیار دیناری عێراقی جێبەجێ دەکرێت.
لە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پارکی نیشتمانی دهۆک، جیا لە ڕێژەی سەوزاییەکەی کە ٨٠%ی کۆی ڕووبەرەکەی پێک دەهێنێت، هوتێل و بەنداو و نافورە و مزگەوت و یاریگە و چەندان خواردنگە و کافێی تێدا هەیە، کە دەبێتە ناوەندێکی گەشتیاریی گەورە و سەرنجڕاکێش لە ناوچەکە.
کاتێک کارەکانی پارکی نیشتمانی دهۆک تەواو دەکرێت و درەختەکانی ئەم پارکە گەورەیە باڵا دەکەن و دەگاکانی بەڕووی هاووڵاتیاندا دەکرێتەوە، دهۆک دەبێتە نموونەی شارێک، کە سەرەڕای ئاڵەنگارییە داراییەکان، بە ئیرادەی ئاوەدانکردنەوە و پاراستنی ژینگە، بەرەو داهاتوویەکی گەشتر و سەوزتر هەنگاو دەنێت.
پارێزگای دهۆکیش هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی ئاوەدانکردنەوەی بۆ درێژکردووە و لە پێشکەشکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاریی کەمتەرخەمی نەکردووە، کە تەنیا لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیادتر لە هەزار و شەش سەد پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاریی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، پێشکەش بەو پارێزگایە کردووە، کە ئێستا زۆرێکیان تەواو بوونە و ڕشتانەش کار لە تەواو بوونی ئەوانی دی دەکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا دەخرێنە خزمەت هاووڵاتیانی ناوچەکەوە.