سلێمان تاشان – هەولێر
دەرکردنی بڕیارەکانی عەلی فالح زەیدی و دواتر پاڵپشتیکردنیان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە دژی هەرێم، کە جۆرێک شەرعیەتدان بوو بە گوتاری لەشکرکێشی، خەڵکی کوردستانی تووڕە و نیگەران کرد لەوەی ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، درێژەپێدەری هەمان عەقڵییەتی رژێمەکانی پێشووە دژی کوردستان، بەو جیاوازییەی تەنیا شێواز و تۆنەکەی بە شێوەیەکی زیرەکانە گۆڕدراوە. بەغدا کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و هەندێک کەموکوڕی و حاڵەتی گەندەڵیی قۆستووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەجێندایەی کە چەندین ساڵە خەونی پێوە دەبینێت.
لۆجیکی رووداوەکان دەری دەخات کە هەنگاوەکانی بەغدا نەک هەر یاسایی نین، بەڵکوو بە تەواوی سیاسین. حکوومەتی فیدراڵی “رێگریکردن لە قاچاخچێتیی نەوت و گەندەڵی لە دەروازەکان” کردووەتە بیانوو بۆ دەستوەردان، لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممەی رابردوو بە فەرمی پاڵپشتیی خۆی بۆ هەر هەنگاوێک راگەیاند کە ببێتە هۆی بنبڕکردنی گەندەڵی لە سەرتاسەری عێراقدا.
ئەم هەڵوێستە بەهێزەی هەرێم لەو راستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەگەر لە هەرێمی کوردستان لە یەک شوێن گەندەڵی هەبێت، ئەوا لە عێراقی فیدراڵیدا لە سەد شوێن هەیە. ناکرێت لایەنێک خۆی لەناو زەلکاوی گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی گشتیدا خنکابێت، کەچی بانگەشەی چاکسازیی کەموکوڕییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەویش نەک بە رێگەی گفتوگۆ، بنەما دەستوورییەکان و رێکاری یاسایی، بەڵکوو بە زمانی هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی خودی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و سەرچاوەکانی وەک رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی، قەبارەی گەندەڵی لە عێراق زۆر بەرزە و لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە زیاتر لە پێنجسەد ملیار دۆلار دزراوە، تەنانەت هەندێک سەرچاوە باس لە بەهەدەردانی زیاتر لە هەشتسەد ملیار دۆلار دەکەن.
ئەگەر سەیری ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بکرێت، حکوومەتی ئەو وڵاتە جگە لە دابەشکردنی مووچە هیچی دیکەی نەکردووە. هاووڵاتییان لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا و رێگاوبان بێ بەشن، لە کاتێکدا رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت و داهاتی هەندێک ساڵی تەنیا لە نەوت زیاتر بووە لە سەد ملیار دۆلار. بە پێچەوانەوە، لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای کەمیی داهات و ئەو قەیرانە ئابوورییانەی بەسەریدا سەپێنراون، بەردەوام ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان هەبووە و خەڵک لە هەموو روویەکەوە باشتر لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ژیاون. بەڵگەش بۆ ئەمە، ئاماری فەرمیی وەزارەتی پلاندانانە لە پێنوێنی هەژاریدا، کە دەریدەخات پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کەمترین رێژەی هەژارییان هەیە، لە کاتێکدا هەندێک پارێزگای عێراق نیوەی دانیشتووانەکەیان لە هەژاریی رەهادا دەژین.
ناکرێت تۆ “بێژینگ” بیت و پڕ بیت لە کون و کەلێنی گەندەڵی، بەڵام رەخنە لە “دەرزییەک” بگریت بە بیانووی ئەوەی کونێکی تێدایە! پێویستە بەغدا سەرەتا کێشە و کەموکوڕییەکانی خۆی چارەسەر بکات و وڵاتەکەی خۆی ئاوەدان بکاتەوە. هەمووان شایەتی بۆ ئەوە دەدەن کە هەرێمی کوردستان چ جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ عێراقدا هەیە، ئەگەر قەیرانێکیش هاتبێتە کایەوە، هۆکارە سەرەکییەکەی بەغدا بووە. بۆ نموونە، پچڕانی کارەبا دەرەنجامی هێرشی گرووپە میلیشیاکانە بە فیتی نەیارانی کوردستان، بە ئامانجی لێدان لە پڕۆژەی “رووناکی” و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بووە.
هەرچەندە خۆپێشاندانەکەی رۆژی پێنجشەممە و هەڵوێستی یەکگرتووی حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، جۆرێک پاشەکشەی بە بەغدا کردووە و زمانی هەڕەشەی بۆ دیپلۆماسی و دانوستان گۆڕیوە، بە جۆرێک بڕیارە بەمزووانە کۆبوونەوەیەکی گرنگ بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای هەرێم، حکوومەتی فیدراڵی و ناوبژیوانیی ئەمریکا بەڕێوە بچێت. بۆیە زۆر گرنگە شاندی کوردستان لەو دانیشتنە و سەرجەم کۆبوونەوەکانی دیکە بە زمانی دەستوور و یاسا بدوێت و هیچ هەنگاو و داواکارییەکی بەغدا قبووڵ نەکات کە پێچەوانەی دەستوور بێت و ئەگەر قەرارە خاڵێکی دەستووری جێبەجێ بکرێت کە لە قازانجی بەغدایە و بە زیانی هەرێمە با بڕگەیەکیش جێبەجێ بکرێت کە لە قازانجی هەرێمی کوردستاندایە و لە هەر دوو حاڵەتدا خزمەتی عێراق کراوە و لێرەدایە هەم بەغدا و هەم هەولێر براوە دەبن و قۆناغێکی نوێی پێکەوەکارکردن دەست پێدەکەنەوە.
