کارزان گلی – هەولێر
دادگای توركیا، بەفەرمی بڕوانامەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی زیندانكراوی شارەوانی ئیستانبۆڵی هەڵوەشاندەوە، بەمەش ئیدی بێبەش بوو لەوەی ببێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی توركیا.
لە ٢٠٢٥، دوای ئەوەی ئیمامئۆغڵو بەتۆمەتی ئەوەی رەشوەی وەرگرتووە، لەلایەن ئاساییشی ئیستانبۆڵ لەناو ماڵەكەی خۆیدا دەستگیر كرا و تاوەكوو ئێستاش هەر لەزیندانە، بڕوانامەی هەڵوەشایەوە، بەڵام لەرێگەی پارێزەری تایبەت بەخۆیەوە تانە لەبڕیارەكە درا.
دەستەی نەزاهەی توركیا، تانەی ئیمامئۆغڵوی رەتكردەوە و بڕیاریدا كە بڕوانامەكەی هەڵوەشایەوە و كاری پێناكرێت.
بەگوێرەی دەستووری توركیا، هەر كەسێك بیەوێت ببێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، دەبێت بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت، بەهۆی ئەوەی بڕوانامەی بەكالۆریۆسی ئیمائۆغڵو هەڵوەشایەوە، بۆیە لەبەربژێربوون بێبەش كرا.
پارێزەری ئیمامئۆغڵو، لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی دا، بڕیارەكە ناعادیلانەیە و دۆسیەكە دەبەینە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا.
چی رویدابوو؟
داواكاری گشتی ئیستانبۆڵ، بڕوانامەی ئیمامئۆغڵوی بەساختە وەسف كرد، كە لە ١٩٩٤ لە زانكۆی ئیستانبۆڵ بەدەستی هێناوە، ئەمەش یەك رۆژ بەر لەوەی دەستگیر بكرێت بڵاوكرایەوە. هەروەها لیژنەی بەدواداچوونی بڕوانامەكان لەوەزارەتی خوێندنی باڵا، بەهەمان شێوە بڕوانامەكەی هەڵوەشاندەوە، بەهۆی ئەوەی ساختە بووە. بەڵام ئیمامئۆغڵو رەتی كردەوە بڕوانامەكەی ساختە بێت و گوتی ئەمە بۆ ئەوەیە تا رێگریم لێبكەن نتوانن ببمە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و دەزانن سەركەوتن بەدەست دەهێنم.
ئیمامئۆغڵو، لە هەڵبژاردنی شاروانییەكانی ٢٠١٩ وەكوو سەركردەیەكی جەهەپە هاتە مەیدانی سیاسەت و بەربژێر بوو بۆ سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ. لەو هەڵبژاردنەدا توانی بەسەر بەربژێری ئاكەپە كە بیناڵی یڵدرم بوو سەربكەوێت، ئیدی لەوكاتەوە چاوی لەوەبوو ببێتە بەربژێری سەرۆكایەتی و لەسەر كورسی سەرۆكایەتی توركیا دابنیشێت.
لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، دووبارە بەربژێری جەهەپە بوو و توانی سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بهێنێت و بەجیاوازی ١٠٪ لەبەربژێری ئاكەپەی بردەوە، ئەمەش ترسێكی گەورەی لەلای ئاكەپە دروست كرد، چونكە ئەمە سەلماندی كە ئیمامئۆغڵو خاوەن جەماوەرە و خەڵك قبوڵییەتی، ئەو تەنیا بەربژێری جەهەپە بوو و هیچ پارتێكی ئۆپۆزسیۆن پشتگیریی نەكرد، بەڵام لەناو ئیستانبۆڵ دەنگی كورد و پارتەكانی تریشی بەدەستهێنا.
ئیمامئۆغڵو وەك بڵێی دەیزانی دەستگیری دەكەن، بۆیە لەرێگەی جەهەپەوە داوای كرد بیكەنە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ٢٠٢٨، تا نەتوانن دەستگیری بكەن و پارێزگاری لەخۆی بكات، بۆیە بەدەنگی ١٥ ملیۆن دەنگدەری جەهەپە بووە بەربژێر، بەڵام ئەم رێگەیەش نەیتوانی رزگاری بكات و پۆلیس چووە بەر دەرگای و لە ٢٠ی ٣ی ٢٠٢٤ دەستگیر كرا.
میدیاكانی ئەورووپا بەگرنگەوە باسیان لەدەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو كرد و ئەوكات گوتیان: ”ئیمامئۆغڵو بۆیە دەستگیر كراوە، چونكە ئەردۆغان ترسی هەبوو لەهەڵبژاردندا لێی بباتەوە و نایەوێت ئیمامئۆغڵو ببێتە رەقیبی، باشترین رێگەش بۆ دوورخستنەوەی دەستگیركردنییەتی و هەروەها تۆمەتی رەشوە و تیرۆریان داوەتە پاڵ.“
بەهۆی دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، بەهەزاران لایەنگرانی ئەو كەسایەتییە سیاسییە هاتنە سەر شەقام و لەزۆربەی شارەكانی توركیا خۆپیشاندانیان كرد و داوایان كرد ئازاد بكرێت، بەڵام هەر لەزیندان مایەوە و بێبەشیش كرا لەبەربژێربوون.
