رۆژنامەی ھەولێر

هیوادارین دامەزراوە مرۆییەكان سوود لە ئەزموونی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەربگرن

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە یاوەریی شاندێك سەردانی دەوڵەتی ئیماراتی كرد و لەلایەن خالید عەبدوڵڵا بن شیبان ئەلمهێری، سەرۆكی دەستەی كارگێڕیی مانگی سووری ئیماراتی، بە گەرمی پێشوازییان لێ كرا.

لەو سەردانەدا، كە ئەحمەد ساری ئەلمەزروعی، ئەمینداری گشتیی مانگی سووری ئیماراتی ئامادە بوو، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەیاندە مانگی سووری ئیماراتی، لە بەرانبەر ڕۆڵ و كاریگەریی ئەم دامەزراوە ئیماراتییە لە بەردەوامیدان بە پڕۆژە و كارە مرۆییەكان لە هەرێمی كوردستان؛ هاوكات قەڵغانی ڕێزلێنانی بە دامەزراوەكە بەخشی.
لای خۆیەوە، سەرۆكی دەستەی كارگێڕیی مانگی سووری ئیماراتی پێزانینی تایبەتی خۆی دەربڕی بۆ كارەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە تایبەتیش لە ڕووی شەفافییەت و پێوەرەكانی كاركردن، و هیوای خواست ڕێكخراو و دامەزراوە مرۆییەكانیش چاو لە ئەزموونی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بكەن.
هەر لەو سەردانەدا، وێڕای جەختكردنەوە لە بەردەوامیی كار و پڕۆژە مرۆییەكانی ئێستا، پرسی ئەنجامدانی پڕۆژەی بەردەوام لە چەند بوارێكی دیكەی جیاوازدا لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا، لە سەرووی هەمووشیانەوە لە كەرتەكانی پەروەردە، تەندروستی و دەرووندروستی.