رۆژنامەی ھەولێر

د. سالار عوسمان سەردانی ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەرانی کرد

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی ١١ی ٢٠٢٦، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە یاوەریی ژمارەیەک لە ئەندامانی بەش، سەردانی ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەرانی کرد.

لە سەردانەکەدا، لەلایەن مەسعوود ساڵەیی، بەرپرسی ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەران و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.

لە دیدارەکەدا، د. سالار عوسمان بە ڕێز و پێزانینەوە تیشکی خستە سەر خەبات و مێژووی پڕ شکۆی تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن جەختی لە گرنگی و پێویستیی دروستکردنی هەماهەنگییەکی پتەوی میدیایی لە نێوان هەردوولادا کردەوە، بە مەبەستی کۆکردنەوە، بە دۆکیۆمێنتکردن و ئەرشیفکردنی زانستییانەی سەروەرییەکانی گەلی کوردستان و بیرەوەریی تێکۆشەران.