رۆژنامەی ھەولێر

کارەکانی فێستیڤاڵی خانی لە شاری دهۆک دەستی پێکرد

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ی ١١ی ٢٠٢٦، لە شاری دهۆک، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، نوێنەرانی دامودەزگا حزبی و حکومییەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری کوردستان، کارەکانی «فێستیڤاڵی خانی» دەستی پێکرد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد، لەگەڵ مارشی نیشتمانی «ئەی ڕەقیب» دەستی پێکرد.
ئیحسان ئامێدی، سەرۆکی فێستیڤاڵ، وتەی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربووانی فێستیڤاڵەکەی کرد.
پاشان، وتاری پارێزگای دهۆک لەلایەن ماجد ساڵح خوێندرایەوە، کە تێیدا تیشکی خستە سەر گرنگی و بایەخی سازکردنی ئەم فێستیڤاڵە و بە ناوی پارێزگای دهۆکەوە دەستخۆشیی لە ڕێکخەران و سەرپەرشتیارانی کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا بە وردی تیشکی خستە سەر بایەخ و سەنگی فێستیڤاڵی خانی وەک ڕووداوێکی مەعریفی و فەرهەنگیی دیار لە شاری دهۆک وەکو یەکەم زێدی فیستیڤاڵ و دیدارە ڕۆشنبیرییەکان، ناوبراو جەختی لە گرنگیی فێستیڤاڵەکە کردەوە وەک چەترێکی کۆکەرەوەی ئەدیبان، نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردستان، بە ئامانجی قووڵکردنەوەی دیالۆگی فکری و دەوڵەمەندکردنی کایەی ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردی لەسەر بنەمای ڕەسەنایەتی و داهێنان.
دواتر، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەبارەی ناوەندنی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن خانی و فێستیڤاڵی خانی نمایش کرا و، پاشان چەند بڕگەیەکی مۆسیقا و گۆرانی پێشکەش کران.
هەروەها لە ڕێوڕەسمی دەستپێکی فێستیڤاڵەکەشدا، هەردوو پێشانگەی کتێب و شێوەکاری بە ڕووی ئامادەبوواندا کرانەوە.