رۆژنامەی ھەولێر

لە دهۆک؛ پانێڵ و کۆڕە فکری و ئەدەبییەکانی ڕۆژی یەکەمی فیستیڤاڵی خانی بەڕێوەچوو

لە چوارچێوەی چالاکییە فکری، ڕۆشنبیری و ئەدەبییەکانی فیستیڤاڵی خانیدا، چەند پانێڵێکی گرنگ بە بەشداریی توێژەر، نووسەر و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان بەڕێوە چوو و، تێیدا چەندین تەوەر و بابەتی تایبەت تاوتوێ کران.
سەرەتا د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای دەستخۆشی و پێزانین بۆ ڕێکخەران و بەشداربووانی فیستیڤاڵەکە، ئاماژەی بەوە دا کە فیستیڤاڵی خانی بۆنەیەکی زۆرباش و سەرکەوتووە و هەمیشە وەک هێزێکی کۆکەرەوە و لێک نزیککردنەوەی ناوەندە فکری و ڕۆشنبیرییەکان ڕۆڵی خۆی دەبینێت.
لە چوارچێوەی پانێڵی یەکەمدا کە ناونیشانەکەی (ڕاگەیاندنی کوردی و پیشەییبوون) بوو، بەڕێوەبردنی پانێڵەکە لەلایەن ڕێبەر کوردۆ، سەرپەرشتی کرا و لەم پانێڵەدا هەریەکە لە نەوشیروان شەریف سەعید، ڤیان عەباس، بژار حەکیم، بەشدار بوون و باسیان لە دۆخ، پێشکەوتن و پیشەییبوون، پەیام و کایەی ڕاگەیاندن کرد.
هەروەها لە پانێڵی دووەمدا بە ناونیشانی، پێکەوەژیانی جیاوازییەکان، پانێڵەکە لەلایەن کۆڤان حسێن بەڕێوەبردرا، هەریەکە لە د. دلین سەردار، د. عماد وەیسی و جەعفەر سمۆ)، باسیان لە کولتوور و ناسنامە، ڕۆشنبیری لەسەردەمی دیجیتاڵی و هەروەهو فرە کولتووری و پێکەوەژیان کرد.
هاوکات لە پانێڵی سێیەمدا کە ناونیشانەکەی (ئەدەب لە بەردەم قۆناغی گۆڕانکاریدا بوو و بەڕێوەبردنی پانێڵەکە لەلایەن (بێوار ئەکرەم)ـەوە ئەنجام درا، چەندین بابەتی گرنگ تاوتوێ کران؛ تێیدا د. عەبدولرەحمان شنگالی باسی لە گۆڕانکاری و وەرچەرخان لە ڕۆمانی کوردیی هاوچەرخدا کرد و، ئەکەد مراد تیشکی خستە سەر ئەنتۆلۆجیای ئەدەبی سریانی، هەروەها (د. ئومێد سەگڤان) باسی لە ڕۆڵی وەرگێڕان کرد لە دەوڵەمەندکردنی هزریدا.