بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سۆران رایدەگەیەنێت، لە ئەنجامی هەڵمەتێکی پشکنینی مەیدانیدا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر ماست و پەنیری ماوەبەسەرچوودا گرتووە و سەرجەمیان لەناوبراون.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سۆران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە؛ لە درێژەی گەڕان و پشکنینە مەیدانییەکانی تیمەکانی چاودێری بۆ نێو مارکێت، کۆگاکانی خواردەمەنی، بەڕادەکانی مریشک، گۆشت و دووکانەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، توانراوە دەست بەسەر بڕێکی زۆری ماست و پەنیری ماوەبەسەرچوو و نەشیاو بۆ خواردندا بگیرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو خۆراکە تێکچووانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە:
– 51 سەتڵی 15 کیلۆگرامیی ماست.
– 14 سەتڵی 4 کیلۆگرامیی ماست.
– 40 کیلۆگرام پەنیری تێکچوو و نەشیاو.
خۆپاراستنی تەندروستیی سۆران ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای تۆمارکردنی کۆنووسی فەرمی و گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان بەرامبەر سەرپێچیکاران، سەرجەم ماست و پەنیرە دەستبەسەرداگیراوەکان بە شێوەیەکی زانستی و تەندروست لەناوبران، تاوەکو نەبنە مەترسی بۆ سەر ژیان و تەندروستیی هاووڵاتییان.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هۆشداری دراوەتە سەرجەم خاوەن مارکێت، کۆگا و کاسبکاران کە پێویستە بە وردی پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و بەردەوام چاودێریی بەرواری بەسەرچوونی کاڵا و خۆراکەکانیان بکەن، بە پێچەوانەوە هەر کەسێک کەمتەرخەم بێت یان سەرپێچی بکات، رووبەڕووی توندترین سزای یاسایی دەبێتەوە.

