رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر قۆناغی دووەمی سیستەمی ڕووناکی لە شەقامی 60 مەتری بەکاردەخات

لە چوارچێوەی پلانە بەردەوامەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بۆ جوانکردن و نوێکردنەوەی سیمای شار بە شەو و بەخشینی دیمەنێکی شارستانی و مۆدێرن بە شەقامە سەرەکییەکان، ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە یاوەری سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان، قۆناغی دووەمی سیستەمی ڕووناکی و دیکۆری جوانکاری لە شەقامی 60 مەتری هەولێر بەکارخست.

ئەم پڕۆژەیە بە ئامانجی بەرجەستەکردنی جوانی و درەوشانەوەی شەقامی ناوبراو لە شەودا و بەخشینی سیمایەکی نوێ و سەرنجڕاکێش بە یەکێک لە شادەماری سەرەکی شارەکە جێبەجێکراوە، کە تێیدا سیستەمێکی مۆدێرن و وزە-دۆستانە بەکارهاتووە و ڕەنگ و شێوازێکی تایبەت بە شەقامەکە دەبەخشێت.

بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، جەخت دەکاتەوە کە کارکردن لەسەر ڕووناککردنەوە و جوانکاری شەقامە سەرەکییەکانی دیکەی شاریش بەردەوام دەبێت.

ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر