مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان – خانەقینی پارتی پاڵپشتیی خۆی بۆ داواکاریی هاووڵاتییان دژی بەرزبوونەوەی نرخی کارەبای مۆلیدە دەربڕی و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بە دابینکردنی سووتەمەنیی پاڵپشتیکراو بۆ خاوەن مۆلیدەکان، بڕیارێکی هاوسەنگ بدەن لە پێناو کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر خەڵک.
دەقی بەیاننامەکەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک و گەرمیان – خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان.
جەماوەری بەڕێز و خۆشەویستی شاری کەرکووک،ماوەیەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە پاڵەپەستۆی دارایی کەوتۆتە سەر بژێوی هاووڵاتیان لە شاری کەرکوک و دەوروبەری، ئێمە لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوک و گەرمیان – خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ داواکاری ڕەوای هاوڵاتیان دەردەبڕین ،دژی گرانبوونی ئەو نرخەین کە بارگرانییەکی زۆری بۆ سەر بژێوی خەڵکی کاسبکار و کەمدەرامەت دروست کردووە.
لە هەمان کاتدا، بۆ پاراستنی مافی خاوەن مۆلیدەکانیش وەک چینێکی کاسبکاری ئەم شارە، داوا لە لایەنە بەرپرسەکان دەکەین کارئاسانی پێویستیان بۆ بکەن و مافی ئەوانیش نەفەوتێت، بەتایبەت لە دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخێکی پاڵپشتیکراو، بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بەبێ زەرەر کارەبا بە هاووڵاتیان بدەن.
لێرەوە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بڕیارێکی هاوسەنگ و دادپەروەرانە بدەن کە تێیدا هەم نرخی ئەمپێر بۆ هاووڵاتیان کەم بکرێتەوە و هەم پشتیوانی دابینکردنی سوتەمەنی بکەن بۆ خاوەن مۆلیدەکان بکەن بەمەبەستی بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییەکانیان.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە داکۆکیکاری ڕاستەقینەی ماف و هاوسەنگی ژیانی سەرجەم پێکهاتە و چین و توێژەکانی کەرکووک دەبێت و لەڕۆژانی ڕابردوودا لەڕێگەی فراکسیۆنمان لەناو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ڕژدی لەسەر ئەم بابەتە کارمان بۆ دابینکردنی پشتیوانی بۆ هاووڵاتیانمان کردووە.
داوا لە دام و دەزگا ئەمنیەکان و پەیوەندیدارەکان دەکەین کە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ داوای ڕەوای هاووڵاتیان بکەن و خۆیان بەدووربگرن لە توندوتیژی، چونکە حکوومەتی عیراق دەبێ وەڵامدەرەوەی داواکاری و دابینکردنی خزمەتگوزاری هاووڵاتیان بێت، وە لەوڕووەوە هەر داواکاریەکی هاووڵاتیان مافی خۆیانە و دەبێ ڕێزی لێبگیرێ.
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک و گەرمیان – خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان

