ئاریان دەرگەلەیی- هەولێر
پ.د. ئەمین فەرەج شەریف (بەشی سیستەمە سیاسییەكان و سیاسەتی گشتی، كۆلیژی زانستە سیاسییەكان، زانكۆی سەلاحەدین – هەولێر، هەرێمی كوردستان – عێراق) و، م.ی. تەحسین وسو عەبدوڵڵا (بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دبلۆماسی، كۆلیژی زانستە سیاسییەكان، زانكۆی سەلاحەدینی هەولێر)، پێکەوە تویژینەوەكەیان بلاو كردۆتەوە لەسەر بنیاتنانی شوناسی گشتگیر لە كۆمەڵگە دابەشبووەكاندا: هەرێمی كوردستان وەك نموونە؛ ئەم تویژینەوە لە دیداری بامەڕنیدا بڵاو كرایەوە و كۆپیەكیش بۆ رۆژنامەی هەولیر هاتووە،
چوارچێوەی گشتی توێژینەوە بریتیە لەوەی لە جیهانی هاوچەرخدا، چەمكی شوناس (Identity) وەك یەكێك لە فرەڕەهەند و ئاڵۆزترین دیاردە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان سەیردەكرێت. شوناس تەنها پێناسەیەكی بایۆلۆژی یان جوگرافی نییە، بەڵكو سیستەمێكی داینامیكە لە بەها، بیروباوەڕ، مێژوو و كەلتوور كە تاكەكان لە دەوری یەكتر كۆدەكاتەوە و جیاوازییان لەگەڵ “ئەویتر”دا دیاری دەكات. لە كۆمەڵگە جێگیرەكاندا، دەوڵەت-نەتەوەی هاوچەرخ توانیویەتی مۆدێلێكی سەقامگیر لە هاووڵاتییبوون (Citizenship) پەرەپێبدات كە تێیدا شوناسیەكی گشتگیر (Inclusive Identity) بەسەر سەرجەم جیاوازییە نەتەوەیی، ئایینی و ناوچەییەكاندا زاڵ بێت. بەڵام كێشە گەورەكە لە كۆمەڵگە پەرتەوازەكاندا (Fragmented Societies) سەر هەڵدەدات، ئەو كۆمەڵگەیانەی كە بەهۆی پاشماوەی داگیركاری، جەنگی ناوخۆیی، نادادپەروەری لە دابەشكردنی دەسەڵات و سەروەت، یان نەبوونی مێژوویەكی هاوبەشی دیموكراتیكەوە، دابەشبوونی قووڵ لە نێوان پێكهاتەكانیاندا هەیە.
پرسی شوناس (Identity) لەناو كۆمەڵگە دابەشبووەكاندا (Divided Societies) یەكێكە لە سەختترین تاقیكردنەوەكانی بەردەم سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی. شوناس بە تەنها چەمكێكی كەلتووریی نییە، بەڵكو بزوێنەری سەرەكیی ڕەفتاری سیاسیی تاك و گرووپەكانە. لە كاتێكدا دەوڵەتە هاوچەرخەكان توانیویانە مۆدێلێكی سەقامگیر لە شوناسی گشتگیر لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون گەڵاڵە بكەن، كۆمەڵگە دابەشبووەكان بەدەست “قەیرانی شوناس” و باڵادەستبوونی شوناسە لاوەكییەكانەوە دەناڵێنن.
چەمكی شوناس (The Concept of Identity)
ئەم دوو تویژرەوە بەم جۆرە باسیان لە چەمكی شوناس كردووە نووسیویانە كە ئەو جەمكە یەكێكە لە ئاڵۆزترین و داینامیكترین چەمكەكان لە زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكاندا. لە ڕوانگەی زمانەوانی و فەلسەفییەوە، شوناس ئاماژەیە بۆ جەوهەری شتەكان یان ئەو تایبەتمەندییە نەگۆڕانەی كە قەوارەیەك لە قەوارەیەكی تر جیا دەكەنەوە. بەڵام لە كۆمەڵناسیی هاوچەرخدا، شوناس وەك پرۆسەیەكی بەردەوام لە دروستبوون و گۆڕانكاری سەیر دەكرێت كە تێیدا تاك یان گرووپ پێناسەی خۆیان و شوێنی خۆیان لە جیهاندا دەكەن (Jenkins, 2014, p. 18). شوناس تەنها وەڵامێكی سادە نییە بۆ پرسیاری “من كێم؟”، بەڵكو پرسیارێكی بەكۆمەڵیشە: “ئێمە كێین و چ جیاوازییەكمان لەگەڵ ئەواندا هەیە؟” تویژەرەكان شوناسیان لە دوو ئاستی سەرەكیدا دیاری كردووە كە بریتین لە:
شوناسی تاكانی (Individual Identity) : تایبەتمەندییە دەروونی، بایۆلۆژی و ئەزموونییە كەسییەكانی مرۆڤ.
شوناسی كۆمەڵانی (Collective Identity): هەستی بەشداربوون و وابەستەیی بە گرووپێكی گەورەترەوە وەك خێڵ، ئایین، نەتەوە یان حزب. لەم ئاستەدا، شوناس دەبێتە هێزێكی سیاسیی گەورە كە دەتوانێت كۆمەڵگە یەك بخات یان پەرتەوازەی بكات.
بەشێوەیەكی گشتی توێژینەوەكەیان پێك هاتووە لە پێنج تەوەری سەرەكی، ئەوانیش: یەكەم پێشەكی و چوارچێوەی گشتی توێژینەوە، دووەم چوارچێوەی مێتۆدۆلۆژی و چەمكی شوناس لە ئەدەبیاتی سیاسی و كۆمەڵناسیدا. سێیەم پاشخانی مێژوویی و داینامیكیەتی پەرتەوازەیی شوناس لە هەرێمی كوردستان، چوارەم ڕۆڵی دامەزراوە كەلتووری، ئابووری و پەروەردەییەكان لەسەر شوناس و پێنجەم نەخشەڕێگای ستراتیژی بۆ بنیاتنانی شوناسێكی گشتگیر و دەرئەنجامەكان.
وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەكی توێژینەوەكە بریتیە لەوەی كە
-چۆن دەكرێت لەناو كۆمەڵگەیەكی دابەشبووی وەك هەرێمی كوردستاندا، شوناسێكی نیشتمانیی گشتگیر بنیات بنرێت كە دان بە فرەییدا بنێت و یەكپارچەییی نیشتمانیش بپارێزێت؟
-مۆدێلی “هاووڵاتیبوونی دەستووری” چۆن دەكرێت وەك چارەسەر بۆ یەكخستنی كایە دابەشبووەكان بەكار بهێنرێت؟
دەتوانرێت گرنگی ئەم توێژینەوە بۆ سەر دوو ڕەهەند دابەش بكرێت، ئەوانیش:
یەكەم: ڕەهەندی زانستی و تیۆری، زۆربەی توێژینەوە ناوخۆییەكان ململانێیەكانی هەرێم تەنها وەك كێشەی سیاسیی كاتی یان ململانێی دارایی دەبینن. ئەم توێژینەوەیە گرنگییەكەی لەوەدایە چەمكە ستانداردەكانی زانستی سیاسی (كۆمەڵگەی دابەشبوو، شوناسی گشتگیر) دەخاتە سەر كەیسی هەرێمی كوردستان تا پێگەیەكی تیۆریی قووڵتر بە بابەتەكە ببەخشێت.
دووەم: ڕەهەندی كرداری، پێشكەشكردنی نەخشەڕێگایەكی ڕەخنەیی و پراكتیكی بۆ داڕێژەرانی سیاسەتی گشتی لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە بواری چاكسازیی پرۆگرامەكانی خوێندن و یاسای حزبی، بۆ گۆڕینی بیركردنەوەی ناوچەیی بۆ بیركردنەوەی نیشتمانی.
میتۆدی توێژینەوە
بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ئەم توێژینەوەیە، پشت بە میتۆدی وەسفی-شیكاری (Descriptive-Analytical Method) بە شێوازی چۆنایەتی (Qualitative Approach) دەبەسرێت. ئەم میتۆدە لەڕێگەی ئەم كەرەستە و هەنگاوانەوە جێبەجێ دەكرێت:
شیكردنەوەی ڕەخنەیی دەقەكان (Textual Analysis): پێداچوونەوە و شیكردنەوەی دەقە یاساییەكان، وتاری سیاسیی فەرمیی حزبەكان و پرۆگرامەكانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە بۆ دیاریكردنی چۆنیەتیی ڕەنگدانەوەی چەمكی هاووڵاتیبوون و شوناس تێیاندا.
میتۆدی مێژوویی-بەراوردكاری (Historical-Comparative Method): بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی گەشەكردن و جێگیربوونی هێڵەكانی دابەشبوون لە قۆناغی دوای ١٩٩١ و دوای ٢٠٠٣ لە هەرێمی كوردستاندا.

