رۆژنامەی ھەولێر

کۆڕەک تیلیکۆم: سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن یاسا پێشێل دەکات و بڕیاری دادگا جێبەجێ ناکات

کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقی بە پێشێلکردنی یاسا و پابەندنەبوون بە بڕیاری دادگا تۆمەتبار دەکات و جەخت لە مافی خۆی بۆ داواکردنی قەرەبوو دەکاتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کارگێڕیی گشتیی کۆڕەک تیلیکۆم، کۆمپانیاکە هەموو ڕێکارێکی یاسایی بۆ بەرگریکردن لە مافی خۆی و بەشداربووانی گرتووەتە بەر دژی ئەو بڕیارە “سەرەڕۆییانە”ی سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یەکلاکردنەوە (عقد التسوية)، کە چوارچێوەکەی بە ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاری کرابوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە سەرۆکی دەستەکە نەک هەر سوور بووە لەسەر هەڵوێستەکەی، بەڵکوو پەنای بردووەتە بەر کۆمەڵێک ڕێکار کە هیچ پەیوەندییەکیان بە گرێبەستی مۆڵەتپێدانەوە نییە، لەوانەش داخستنی بارەگای کۆمپانیایەک کە بەپێی یاسای کۆمپانیاکانی عێراق تۆمار کراوە.
کۆڕەک تیلیکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای پەنابردنە بەر دادگا، بڕیارێکی دادوەریی خێرایان (مشمول بالنفاذ المعجل) بەدەست هێناوە کە بڕیارەکەی سەرۆکی دەستەکە هەڵدەوەشێنێتەوە و گرێبەستی یەکلاکردنەوەکە بە کارا دادەنێت، بەڵام دەستەکە لەبری پابەندبوون بە بڕیاری دادگا، پاساوی نوێ بۆ بەردەوامبوون لە ڕێکارەکانی دژی کۆمپانیاکە دەهێنێتەوە.
کۆمپانیاکە جەختی کردووەتەوە کە مافی یاسایی خۆی دەپارێزێت بۆ داواکردنی قەرەبووی تەواوی ئەو زیانانەی بەهۆی بڕیارە تاکلایەنەکانی سەرۆکی دەستەکە و جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگاوە بەر کۆمپانیاکە کەوتوون و دەکەون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆڕەک تیلیکۆم ئاماژە بە بەڵگەیەک دەکات کە پیشانی دەدات هەڵوێستێکی پێشوەختە دژی کۆمپانیاکە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە سەرۆکی دەستەکە نووسراوێکی بۆ پاساوهێنانەوەی ڕێکارەکان بە ڕێکەوتی ئەمڕۆ (1-11-2026) ئاراستە کردوون، لە کاتێکدا لە خوارەوەی نووسراوەکەدا واژۆی ڕۆژی 29-10-2026ـی لەسەرە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا کۆڕەک تیلیکۆم دەپرسێت: “ئایا ڕێی تێدەچێت لە عێراقدا بڕیارەکانی بەڕێوەبەرێکی گشتی لە سەرووی بڕیارەکانی دادگاوە بن؟”