ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و زانكۆی ئەمریكیی كوردستان پڕۆژەیەكی هاوبەش ڕادەگەیەنن
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەمەبەستی بەهێزكردنی كەرتی پەروەردە و پشتگیری لە خوێندنی باڵا، یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ زانكۆی ئەمریكیی كوردستان (AUK) واژۆ كرد، بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەكی سكۆلەرشیپ كە بە پێی ئەوە، پێنج دەرفەتی خوێندن بۆ ماوەی پێنج ساڵ دابین دەكرێت.
سكۆلەرشیپ (Scholarship) واتە كورسی خوێندن، یان دەرفەتی خوێندنی پشتیوانیكراو و ئەم پڕۆژەیە بە ئامانجی پشتگیریكردنی قوتابییانی خۆجێیی، پەنابەران و ئاوارەكانە، تاكوو بتوانن بگەنە ئامانجە ئەكادیمییەكانی خۆیان و دەرفەتی خوێندنی باڵایان بۆ بڕەخسێت.
سكۆلەرشیپەكان چەندین بوار و پسپۆڕیی گرنگ لەخۆ دەگرن كە لە بازاڕی كاردا پێویستییان پێیە، لەوانە: بەڕێوەبردنی كار و ژمێریاری و بەڕێوەبردنی دارایی، ئەندازیاریی ئەلیكترۆنی و گەیاندن، ئەندازیاریی نەوت و پڕۆگرامسازی و كۆمپیوتەر.
ئەم هەنگاوە نیشانەی پابەندبوونی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە بە پەرەپێدانی دەرفەتەكانی خوێندن و ئامادەكردنی قوتابییان بە زانست و تواناكانی پێویست، تاكوو ببنە هێزێكی كاریگەر لە خزمەتكردنی كۆمەڵگە و لە بنیادنانی داهاتوویەكی باشتر ڕۆڵیان هەبێت

