ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر بڕیاری لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە و لە پێناو پاراستنی ئەمنییەت و سەلامەتیی بەشداربووان و دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە بە شێوەیەکی ئارام و ئاسوودە، رێکاری ئەمنیی توند دەگیرێتەبەر.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیس، بردنە ژوورەوەی هەر جۆرە چەکێک، یاریی ئاگرین، تەقەمەنی و کەرەستەیەکی قەدەخەکراو بۆ ناو شوێنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، پۆلیسی هەڵەبجە داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان، گەشتیاران و بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە دەکات، پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن و بە مەبەستی پاراستنی کەشوهەوایەکی لەبار و شایستە بۆ فێستیڤاڵەکە، خۆیان لە هەڵگرتن و بردنە ژوورەوەی کەرەستە نایاسایی و قەدەخەکراوەکان بەدوور بگرن.

