ڕائیب جادر – هەولێر
ئێزدییەکان لە شەڕی داعش توشی جینۆساید و کارەساتی گەورە بوونە، کە ھەتا ئێستاش بە ھەزاران خێزانی ئێزدی لە ئاوارەیی و دەربەدەری دەژین، پاش ڕاگەیاندنی کابینەی نوێی عێراق دەنگی ناڕەزایی لەناو ئێزدییەکان زیاتر بڵاوبووەوە. ئێزدییەکان، دەڵێن، پشتگوێخستنی ئەوان لە حکوومەتی نوێ خزمەتی ئارامی و پێکەوەژیان لەو وڵاتە ناکات، داوا دەکەن ئەو بەڵێنانەی کە بە ئەوان دراوە ببنە کردار و تەنیا قسە نەبێت.
ئێزدییەکان لە عێراق پریشکی گەورەی ھێرشەکانی عێراق و ڕێکخراوە تیرۆرستییەکانیان بەرکەوتووە لە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، ھەر لە سەرەتای ھێرشەکەی داعش بۆ سەر شارۆچکەی شنگال و دەوروبەری بەدووری ١٢٠ کم لە خۆرئاوای مووسڵ، نزیکەی ١٠٠ ھەزار ئێزدیی لە چیایەکی ھەڵکەوتوو لە باکووری خۆرئاوای عێراق و ھەرێمی کوردستان بەبێ خۆراک و ئاو گەمارۆ درابوون.
ئێزدییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی باکووری خۆرئاوای عێراق و باکووری خۆرئاوای سووریا و ناوچەکانی باشووری خۆرئاوای تورکیا دەژین، بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەیان لە عێراقدا ٥٥٠ ھەزار کەس بووە، لەگەڵ ئەوەی کە ڕووبەرووی ترس و چەوساندنەوە و ناشرینکردنی وێنەیان بوونەتەوە، گومانی تێدا نییە کە بە درێژایی سەدەی ڕابردوو بە شێوەیەکی گەورە ژمارەیان کەمی کردووە.
چەوساندنەوەی بەردەوامی ئێزدییەکان لە بنچینەدا دەگەڕێتەوە بۆ ھەڵە تێگەیشن لە ناوەکەیان، بەجۆرێک سوننە توندڕەوەکانی وەک ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ئەم ناوە بۆ یەزیدی کوڕی معاویە دەگەڕێنێتەوە، دووەم خەلیفەی دەوڵەتی ئەمەوی (٦٤٧-٦٨٣ زاینی)، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەری خستووە کە ئەم ناوە پێوەندی بەو خەلیفە ئەمەوییەوە نییە، تەنانەت بە شاری یەزدیشەوە لە ئێران، بەڵکو لە وشەی فارسی “ئێزید”ـەوە وەرگیراوە کە واتای فریشتە یان خواوەند دەگەیەنێت.
بەپێی دوایین ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ئێزدی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ٣٦٠ ھەزار ھاووڵاتی ئەو پێکھاتەیە ئاوارە بوون و نزیکەی ٩٠ ھەزار کەسیش بۆ دەرەوەی عێراق کۆچیان کردووە.
لەو ئامارەدا ھاتووە ھەزار و ٢٩٣ ئێزدی شەھید بوون و نزیکەی سێ ھەزار منداڵ ھەتیو کەوتوون، بەجۆرێک ١٧٥٩ منداڵ باوکی لەدەست داوە و ٤٠٧ یان دایکیان نەماوە، ٣٥٩ منداڵ دایک و باوکی لەدەست داوە و ٢٢٠ منداڵیش دایک و باوکیان لە دەستی داعشدایە.
تەنیا لە سنووری شارۆچکەی شنگال، تا ئێستا نزیکەی ٥٠ گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە جگە لە دەیان گۆڕی یەک کەسی، ھەروەھا داعش لە ھێرشەکانیدا ٦٨ مەزارگە و شوێنی ئایینی ئێزدییەکانی تەقاندۆتەوە.
نیگەرانییەکانی پێکھاتەی ئێزدی لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا چڕ دەبێتەوە کە پەیوەستن بە نوێنەرایەتیکردنی سیاسی و پشتگوێخستنی مافەکانیان.
ئێزدییەکان پێیانوایە لە دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و جێگرانی سەرۆکوەزیراندا فەرامۆش کراون، لە کاتێکدا پۆستەکان لە نێوان لایەنە گەورەکانی شیعە، سوننە و کورد دابەشکراون، پێکھاتە بچووکەکان بەشێکی کەمیان بەرکەوتووە یان بە تەواوی بێبەش کراون.
ململانێ لەسەر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، ئەم وەزارەتە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دۆسیەی ئاوارە ئێزدییەکان و کەمپەکانەوە ھەیە، زۆرجار وەک پشک بۆ پێکھاتەی کریستیان دادەنرێت، ئەمەش وای کردووە ئێزدییەکان ھەست بکەن کە نوێنەرێکی ڕاستەقینەی خۆیان لە ناوەندی بڕیاردا نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشە مرۆییەکانیان.
لە ھەمان کاتدا پێکھاتەی ئێزدی نیگەرانن لەوەی حکوومەتی نوێ نەتوانێت یان نەیەوێت ڕێککەوتنامەی شنگال جێبەجێ بکات، یان ئارامی و ئاوەدانی بۆ ناوچەکانیان بگەڕێنێتەوە، بە تایبەت لە کاتی بەردەوامیی ھەژموونی ھێزە چەکدارە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا.
ئەم پەراوێزخستنە سیاسییە وای کردووە کە نوێنەران و چالاکوانانی ئێزدی لە ڕێگەی میدیاکان و ڕاگەیاندراوە فەرمییەکانەوە دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و داوای چاوخشاندنەوە بە پێگەی پێکھاتەکەیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بکەن.
بەشێکی زۆری ئێزدییەکان ھێشتا لە کەمپەکاندا دەژین و نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان، ئەوەش بەھۆی نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزاریی بنەڕەتی. ئێزدییەکان، دەڵێن، پشتگوێخستنی ئەوان لە حکوومەتی نوێی عێراق خزمەتی ئارامی و پێکەوەژیان لە عێراق ناکات، داوا دەکەن ئەو بەڵێنانەی کە بە ئەوان دراوە ببنە کردار نەک تەنیا قسە بێت.
حەسەن خدر، چالاکوانی ئێزدی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر”دەڵێت: ئێزدی دڵگرانن لە حکوومەتی نوێی عێراق، ھەموو ئەو کێشانەی کە لە عێراق ھەن کە پەیوەندییان بە ئێزدییەکانەوە ھەبێت، کەیسی شنگال، گۆڕەبەکۆمەڵەکان، ئاوارە و گەڕانەوەیان و قەرەبووکردنەوەیان ھەموو ئەوانە ھۆکارن کە دەبوایە ئێزدییەکان بەشداری کارایان ھەبوایە لە حکوومەتی نوێی عێراق، بەڵام بەداخەوە ئێزدییەکان بە تەواوەتی پشتگوێ خراون.
لیاس داود، چالاکوانێکی دیکەی ئێزدییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بە مافی خۆمان دەزانین کە ھەندێک لە پۆستی باڵا بەتایبەتی وەزارەتێک بدرێتە ئێزدییەکان، چونکە ئێزدییەکان ھیچیان نەماوە بەسەرنەیەت، لە ھەمان کاتدا تا ئێستا شنگال وێرانە، بۆیە پێکھاتەی ئێزدی مافیان خوراوە، ئەوەش وای کردووە کە ئێمە بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نەبین و داوای مافەکانی خۆمان بکەین، پێویستە پەرلەمانتارانی کورد خۆ لەو کەیسە بکەنە خاوەن بۆ ئەوەی مافی ئێزدییەکان نەخورێت، بەڵام نەک تەنیا لە عێراق بەڵکو لە سنووری پارێزگای مووسڵیش ئێزدییەکان پشتگوێ خراون، بۆیە دەنگی خۆمان دەگەیەنینە ھەموو جیھان کە ئەو بابەتە چارە بکەن و ئێزدی ببنە بەشێکی سەرەکی لە عێراقی نوێ.
سەرەڕای ئەوەی چەندینجار سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنەکان بەڵێنیان داوە کە لەگەڵ پێکھاتەی ئێزدی بن و لە حکوومەتی نوێی عێراق بەشدار بن، بەڵام بەداخەوە لە حکوومەتی نوێ کۆمەڵگەی ئێزدی بە تەواوەتی پشتگوێ خراوە، ئەوەش بۆتە ھۆکار کە ئێزدییەکان لە حکوومەتی نوێی عێراق ناڕازی بن.

