سلێمان تاشان – هەولێر
ئەم هەفتەیە هەفتەیەکی گرنگە بۆ چارەنووسی ئابووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و شاندی باڵای حکوومەت سەردانی بەغدایان کردووە و هەموو هەوڵەکانی خۆیان بەگەڕ خستووە بۆ ئەوەی مافی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ٢٠٢٧ بە گوێرەی دەستوور و شایستە داراییەکان جێگیر بکەن.
تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە شاندی دارایی دوو شەویان لە بەغدا بەسەر بردووە و دەستیان بە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دارایی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوەی ئەو مافانە بۆ هەرێمی کوردستان بگێڕنەوە کە بە گوێرەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکە پێشێل کراون.
سەرەتای ئەم مانگە کاتێک ناوەڕۆکی ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧ بۆ نوێنەرانی کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێم ئاشکرا بوو هەمووان لەو ژمارانە سەریان سوڕما کە لە بودجەکەدا وەک پشکی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کرابوو و زۆر بە ڕوونی یاسا و بڕگە و مافە دەستوورییەکان پێشێل کرابوون.
زەقترین بڕگەی پێشێلکراو ئەو بڕگەیەیە کە باسی لە پشکی هەرێمی کوردستان دەکات و دوازدە پۆینت شەست و حەوتی بۆ هەرێمی کوردستان دەستنیشان کردووە لە کاتێکدا بە گوێرەی دواین سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق کە لە سالی ٢٠٢٤ ئەنجام دراوە و بڕیار بووە لە تەواوی پلان و ئامارەکان پشتی پێ ببەسترێت لەسەدا چواردە پۆینت چواردەی دانیشتووانی عێراق لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
کەمکردنەوەی نزیکەی لەسەدا دووی پشک بە واتای کەمکردنەوەی ترلیۆنان دینار لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دێت. بەدەر لەم خاڵە حکوومەتی عێراق بودجەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانی ئەوەندە کەم کردووەتەوە تەنانەت لەسدا یەکی پێ بە ڕەوا نەزانیوە لە کاتێکدا دەبێت لانی کەم حەوت ترلیۆن دیناری بەر هەرێمی کوردستان بکەوێ.
پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی خەرجییە گشتییەکان تەنیا سێزدە ترلیۆن و سێسەد ملیار دینارە کە دەکاتە شەش پۆینت یەکی قەبارەی بودجە. قەبارەی ئەو بودجەیەش بۆ کەرتی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان داوا کراوە تەنانەت ناگاتە نیو ترلیۆن دینار.
لە پرسی هەناردەکردنی نەوت چوارسەد هەزار بەرمیل نەوتی بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندووە لە کاتێکدا پرسی هەناردەکردنی نەوت پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە و ئەگەر هەر بڕێک لە توانای هەناردەی هەرێمی کوردستان کەم بکات پەیوندی بەو کێشە و لەمپەرانە هەیە کە بەغدا دروستی کردووە و هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەوەدا نییە چ بڕە نەوتێک هەناردە بکرێت.
ترسی ئەوە هەیە لە ئەگەری کەم ڕەوانەکردنی نەوتی هەرێم بە هۆی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، بەغدا لەو پشکە کەمەش کەم بکاتەوە کە بۆ هەرێمی کوردستانی دیاری کردووە.
پێشێلکارییەکان تەنیا ئەم چەند بڕگەیە نین بەڵکوو هەرێمی کوردستانی لە دانەوەی قەرزەکان هاوبەش کردووە بێ ئەوەی هیچ سوودێکی بۆ کوردستان هەبێت کەچی لە وەرگرتنی قەرزەکان سوودمەندی نەکردووە. هەروەها پشکی بودجەی هەرێمی کوردستانی لە بودجەی فعلی یان کرداری دەستنیشان کردووە نەک بودجەی گشتی و جگە لە هێنانەدەرەوەی بودجەی سیادی تەنانەت قەرزەکانیشی هەر لەو بڕگەیە هەژمار کردووە و بەسەر هەرێمی کوردستانی سەپاندووە.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆیە لە بەغدان تا تاوتوێی هەموو ئەو کەمی و کورتییانە بکەن و ڕاستی بکەنەوە چونکە ئەگەر پێشی ڕاستکردنەوەی هەڵەکان ڕەشنووسی بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت ئەوا لە پەرلەمان لەوانەیە بە زۆرینە تێپەڕێنرێت و سەری کورد بێ کڵاو بهێڵنەوە.
پەسندکردنی بودجە بەم شێوەیەی نووسراوە زۆر مەترسیدارە چونکە دەبێتە بنەما بۆ ساڵانی داهاتوو و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تەواوی تووشی چەقبەستویی و تەنانەت پاشەکشە دەکات و گەشەی هەرێم دەوەستێنێت و بۆیەش ئەرکی سەرجەم نوێنەر و پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزیر و ڕاوێژکارە کوردەکانە لە بەغدا بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر ئەو مافە دەستووریانە نەکەن و نەهێڵن بەم شێوەیە لەسەر بنەمای زۆرینە بەغدا ستەم لە هەرێمی کوردستان بکات.

