ماكوان عێزەت – ههولێر
خەوی منداڵ یەکێکە لە پڕباسترین پرسەکانی پەروەردە و تەندروستیی خێزان؛ مشتومڕی نێوان «خەواندنی منداڵ لە باوەشی دایک» یان «ڕاهێنانی لەسەر جێگەی سەربەخۆ» هەمیشە جێگەی سەرنجی پسپۆڕان بووە.
زۆرجار سۆز و دڵەڕاوکێی زۆری دایک و باوکان، لە جیاتی پاراستنی منداڵ، دەبێتە هۆی تێکدانی سووڕی خەو و دروستکردنی پشتبەستنێکی ناتەندروست. بەپێی ڕێنماییە پزیشکییەکان، فێرکردنی منداڵ لەسەر خەوی جیاواز لە قۆناغە سەرەتاییەکانی تەمەنییەوە، هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ مسۆگەرکردنی ئارامیی جەستەیی و گەشەی دەروونیی سەربەخۆ.
گرنگیی جیاکردنەوەی شوێنی خەوی منداڵ
پێشنیاری زانستیی پزیشکان ئەوەیە کۆرپە لە شوێن و جێگەی تایبەت بە خۆی بخەوێندرێت نەک لە باوەشی دایکدا. ڕاستە پێویستە چاودێریی بەردەوام هەبێت، بەڵام ئەم چاودێرییە نابێت ببێتە هۆی تێکدانی خەوی کۆرپەکە. زۆرجار دڵەڕاوکێی بەردەوامی دایکان و زوو زوو سەرلێدانیان ناپێویستە؛ تەنیا دڵنیابوونەوە لەوەی هەناسەدانی ئاساییە، دەم و لووتی پاکن و هیچ گرفتێکی جەستەیی نییە، بەتەواوی بەسە بۆ ئەوەی بێدەنگ لێی بگەڕێن تا بحەوێتەوە.
یاسای «پێنج بۆ شەش کاتژمێر» لە خەوی شەوانەدا
ڕێسایەکی بنەڕەتی لە گەشەی منداڵدا هەیە: کۆرپەیەک کە تەمەنی گەیشتە ٥ بۆ ٦ مانگان و کێشی نزیکەی ٥ بۆ ٦ کیلۆگرام بوو، جەستەی دەتوانێت بە درێژایی شەو بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر بەبێ شیرپێدان بمێنێتەوە.
کەواتە پێویست ناکات لەگەڵ یەکەمین قیژەقیژ یان دەنگی گریان، دەستبەجێ مەمک یان مەمۆڵە و، مەمکەمژەی پێ بدرێت؛ چونکە پێدانی بەردەوامی شیر لە شەودا دەبێتە هۆی پڕبوونی میزڵدان و میزکردنی زۆر، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆکاری لەخەوڕاپەڕین و تێکچوونی خەوی منداڵەکە.
دەنگی قیژە قیژی هەمیشە نیشانەی برسیەتی نییە
شێوازی خەوی کۆرپە لەگەڵ کەسانی پێگەیشتوودا جیاوازە. قیژەقیژ و جووڵەی کەم لە کاتی خەودا حاڵەتێکی تەواو سروشتییە. ئەگەر دایک لەگەڵ هەر جووڵەیەک کۆرپەکەی لە باوەش بگرێت و بیلاوێنێتەوە، منداڵەکە فێر دەبێت تەنیا بە لای دایکیەوە بخەوێت و توانای خۆهێورکردنەوەی نامێنێت.
پێشنیار دەکرێت کاتێک منداڵ لە خەو ڕادەچڵەکێت:
• سەرەتا لە دوورەوە سەرنجی بدرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی مێروو یان هەر هۆکارێکی ئازاربەخش.
• ئەگەر گریانی ئاسایی بوو، بۆ ماوەی ٢ بۆ ٣ خولەک دەرفەتی پێ بدرێت؛ لە زۆربەی حاڵەتەکاندا خۆی بە ئارامی دەخەوێتەوە.
دابینکردنی شوێنی گونجاو پێش بڕیاردان لە منداڵبوون
خۆتێهەڵقورتاندنی بەردەوام لە خەوی منداڵ، سەربەخۆیی دەروونیی لێ زەوت دەکات. زۆر لە خێزانەکان بە بیانووی نەبوونی ژووری تایبەت، منداڵ لە جێگەی خۆیاندا دەخەوێنن. چارەسەری گونجاو لەم دۆخەدا ئەوەیە لە هەمان ژووری دایک و باوکدا، سووچێک یان جێگەیەکی جیاواز و سەربەخۆ بۆ کۆرپەکە دابین بکرێت.
پێویستە هاوسەران پێش بڕیاری منداڵبوون، لە ئامادەیی تەواوی شوێن، دەرەتان (ئیمکانات) و کاتی پێویست بۆ پەروەردەیەکی دروست دڵنیا ببنەوە، تا لە سەرەتای لەدایکبوونەوە کەشێکی تەندروست بۆ گەشەکردنی منداڵەکەیان بڕەخسێنن.

