رۆژنامەی ھەولێر

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕ دروست کردووە

لەگەڵ ھەر بەرزبوونەوەیەکی نرخی دۆلار شلەژانێکی دیکە ڕوو لە بازاڕ دەکات. لیژنەکانی چاودێری بازاڕ ھۆشداری دەدەنە بازرگانان، خاوەن مارکێت و دووکانەکان ھەر زیادکردنێکی نایاسایی لە نرخدا ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان ھۆشداریی دا و ڕایگەیاند: سزای توند و یاسایی چاوەڕوانی ھەموو ئەو کەسانە دەکات، کە دەیانەوێت نرخی کەلوپەل لەسەر ھاووڵاتییان گران بکەن.دەشڵێ، ئەنجوومەنی وەزیران ئاسانکاری بۆ بازرگانان دەکات لە کەمکردنەوەی باج و ڕسوومات بۆ ھاوردەکردنی کاڵاکان.

شارەزایانی بواری ئابووری، دەڵێن: بە گشتی دابەزینی بەھای دینار بۆ بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان باش نییە، چونکە دەبێتە ھۆی ھەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی شتوومەک، خەڵک کە مووچەکەیان بە دینارە و کاڵا و شتوومەکیش بە دۆلارە ناچارن پارەی زیاتر بۆ ھەمان پێداویستی بدەن. بەرپرسانی بازاڕ و چاودێری بازرگانی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار، کاریگەریی خێرای لەسەر نرخی کەلوپەل لە بازاڕەکان نابێت و، دەبێ تاوەکو نزیکەی دوو مانگی دیکە نرخەکان جێگیر بن.
ئەم ڕێکارانەی وەزارەتی بازرگانی دوای ئەوە دێن، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی ٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بگۆڕێت و نرخی فرۆشتنی ھەر دۆلارێک بۆ ھاووڵاتییان بە ١٥٢٠ دینار دیاری بکات.
ھاووڵاتییانیش، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، بەرزی نرخی دۆلار کاریگەری کردۆتە سەر ھەموو سێکتەرەکان و ناتوانن وەکو پێشتر پێداویستییە سەرەکییەکانی ماڵەوە دابین بکەن، ئەوەش حکوومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە، چونکە لەسەر گیرفانی ئێمە نرخی دۆلاری بەرزکردۆتەوە.
جیھاد قاسم، دووکانێکی گەورەی خۆراک و پێداویستی ڕۆژانەی ھەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: دوای گرانبوونی نرخی دۆلار، بازرگانەکان شت نافرۆشن، ئەوەش وای کردووە کە نرخی ھەموو پێداویستییەکی ڕۆژانە بەرزبێتەوە، ئەوەش زەرەرێکی زۆری داوە بە دووکاندار و ھاووڵاتییان، داوا دەکەین نرخی دۆلار سەقامگیر ببێتەوە، بۆ ئەوەی نرخی کەلوپەل جارێکی دیکە دابەزێت.
کەمال جەبار، فرۆشیارێکی کەلوپەلی خواردنە، کەلوپەلی نوێی ھێناوە، پاش بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر بە دیناری عێراقی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، نرخی کەلوپەلیش بەرزبووەتەوە، ھەندێک کەلوپەل تا پێنج ھەزار دیناری چووەتە سەر، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە کۆمپانیاکان کەلوپەلی خواردن و خواردنەوە نافرۆشن، ئەوەش بۆ ئەوەیە کێشە بۆ ھاووڵاتییان دروست بکەن.
بەشێک لە بەرپرسانی چاودێری بازرگانی لە شار و شارۆچکەکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، سەردانی ھەموو شوێنەکانمان کردووە، بەتایبەتی شوێنە بازرگانییەکان و ئەو شوێنانەی کۆگای گەورەی لێیە، ھەر بازرگانێک قۆرخکاری بکات و نرخەی کەلوپەلەکانی گران بکات سزا دەدرێت، سزاکە دارایی، داخستنی کۆمپانیا و دووکانەکەی لەگەڵ ڕەوانەکردن بۆ دادگە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا دەبێ، بەڵام بەو خێراییە نا، تاوەکو ئەو وەجبە کەلوپەلەی پێش ئەمڕۆ ھێنراون لە بازاڕەکاندا بمێننەوە کە نزیکەی دوو مانگی دیکەیە، پێویستە نرخەکان وەک خۆیان بن، ئەگەر لەو ماوەیەدا خاوەن مارکێت یان دووکانەکان نرخەکانیان بەرزکردەوە، ھاووڵاتییان دەتوانن لیژنەکانمان ئاگادار بکەنەوە و ئێمەش ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگرینەبەر.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، گوتیشی: ئێمە ھەرێمێکی ھاوردەکارین، بۆیە کاریگەری لەسەر کەلوپەلەکانمان دەبێت، بەڵام دەبێت ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر تاوەکو ئەو بەرزبوونەوەیە بە شێوەیەک نەبێت زیان بە ھاووڵاتییان بگەیێنێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، لەبارەی ئەو ھەنگاوانەی دەگیرێنەبەر دەڵێ: لیژنەکانی بازرگانی و قایمقامەتەکان فراوانتر دەکەین و گەڕان و بەدواداچوونەکانمان زیاد دەکەین، لە بەرامبەر ھەر شوێنێکی سەرپێچیکاریش ڕێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر، ھاوکات پسوولەکانی کڕین بەراورد دەکەین تاوەکو بزانین کاڵاکە بە چەند کڕدراوە و بە چەند دەفرۆشرێتەوە، ئەگەر زیادەڕەوی لە نرخدا کرابێت خاوەنەکەی سزا دەدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، باسی لەوەشکرد: ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ھێڵە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ بازرگانان بکات لە کەمکردنەوەی باج و ڕسوومات بۆ ھاوردەکردنی کاڵاکان.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی و لقی ھەولێری ھاوردە و ناردنکاران و کۆمپانیاکانی بواری خۆراک و خاوەن کۆگاکان و مارکێتەکان کۆبووەوە و گفتوگۆ لەبارەی دابەزینی بەھای دینار و نرخی کاڵاکان کرا. سەروەر کەمال ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکان و یەکێتی ھاوردە و ناردنکاران و خاوەن کۆمپانیاکانی خۆراک و کۆگاکان لە گفتوگۆ و ھەوڵی جددی داین بۆ ئەوەی کاریگەری دابەزینی بەھای دینار کەمبکەینەوە و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان بکەن.
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: لەپێناو پاراستنی بەرژوەندی ھاووڵاتییان و ڕێگری لە گۆڕانکاری گەورە لە نرخەکان، جەخت لە ھاوکاری نێوان کەرتی حکومی و تایبەت دەکەنەوە و ھەموو ھەوڵێک دەدەن بارگرانی لەسەر خەڵک دروست نەبێت و کەمترین کاریگەری لەسەر ھاووڵاتییان ھەبێت.
سەروەر کەمال ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاتر گوتی: ڕێکاری پێویست بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگی بازاڕ و بەردەوام دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان دەگرنەبەر و کاریگەری ھەڵاوسان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک کەمدەکەنەوە.