رۆژنامەی ھەولێر

ئاماژەی ئەرێنی هەن بۆ دامەزراندنی کابینەی دەیەمی کوردستان

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

هەفتەی داهاتوو ڕێک دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت کە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو. دوای ئەو ماوە درێژە هەواڵی خۆش لەبارەی دامەزرانندی کابینەی دەیەم و ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان براوەکانی هەڵبژاردن دڵی خەڵکی خۆش کردووە.

لە هەرێمی کوردستان دوو ساڵ تێپەڕی بەڵام هێشتا مشتومڕە دووبارەکان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی و پێکهێنانی کابینەی دەیەم کۆتاییان پێ نەهاتووە و چەند مانگ جارێک دڵی خەڵک بە دامەزراندنی کابینە خۆش دەکەن و دواتر ئاوێکی ساردیان پێدادەکەن.
ئێستاش چەند ڕۆژێکە هەواڵی دڵخۆشکەر لەبارەی دامەزراندنی کابینە بڵاو دەکرێنەوە و ئەو ئەگەرە بە‌هێز بووە لایەنەکان لەسەر دامەزراندنی کابینە ڕێکبکەون و ڕێگە بدەن پەرلەمان و حکوومەت بە ئەرکەکانی خۆی هەستێت و هەرێمی کوردستان و دامەزراوە یاساییەکان لەو چەقبەستووییە ڕزگار بکەن.
ئاماژەی ئەرێنی هەن بۆ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستە باڵاکان و وەزارەتە سیادییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و جگە لە بەرپرسانی باڵای یەکێتی و پارتی بەرپرسان لە حیزبەکانی دیکەی کوردستانیش گەشبینی خۆیان بۆ ڕێککەوتن و دامەزراندنی حکوومەت دەربڕیوە.
رۆژی دووشەممە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پانێڵێکی کۆنفرانسی مێری لە هەولێر گوتی دانیشتنی باش هەبووە و پەیوەندی هەیە لەگەڵ برادەرانی پارتی و دەتوانن خێرا حکوومەت پێکبهێنن.
هاوکات بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوام لە هەوڵدان بۆ نەهێشتنی چەقبەستوویی سیاسی و خێراکردنی پرۆسەکە بەرەو دامەزراندنی حکوومەتی نوێ.
هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند هەر دەستپێشخەرییەک بە ئاڕاستەی پێکهێنانی حکوومەت و نەهێشتنی ئەم چەقبەستووییە سیاسییەی هەرێمی کوردستان بێت، کارێکی باشە. جەختیشی لەوە کردەوە کە پارتی لە ڕابردووشدا دەستپێشخەریی کردووە و بەردەوامیش دەبێت لەو هەوڵانە.
رۆژی دووشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکیب هەرێمی کوردستانیش لە کۆنفرانسی مێری زانیاریی دڵخۆشکەری لەبارەی ڕێککەوتن درکاند و گوتی هەفتەی داهاتوو دانیشتنی دیکەیان بۆ ئەو پرسە لەگەڵ یەکێتی دەبێت.
تایبەتمەندیی سیاسی، مێژوویی و جیۆستراتیژیی و تەنانەت دۆخی ئیداریی هەرێمی کوردستان ئەوە دەخوازێت لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی پێگە وقورسایی خۆیان دەست بۆ هاوپەیمانێتی و پێکهێنانی کابینە بەرن و هەرێمی کوردستان لەو دۆخە ڕزگار بکەن.
لەوەتەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کراوە چەندین وڵات هەڵبژاردنیان کرد و کابینەیان دامەزراند، بەو عێراقەشەوە کە ساڵێک دوای هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی کرد کەچی سەرەڕای ئەو ناکۆکییە زۆرەی لە ئاستی عێراق و تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیش لەئارادابوو، کابینە دامەزرێنرا و لە ڕۆژانی داهاتوودا پەرلەمانی عێراق بە تەمایە ئەو وەزارەتانەش پڕ بکاتەوە کە بێ وەزیرن.
هەرێمی کوردستان لە دۆخێکدایە کە زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە پێویستی بە دامەزراندنی حکوومەت و چالاککردنی دامەزراوە یاساییەکانە.
بەداخەوە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەو دۆخەی هەرێمی کوردستانیان زۆر بە خراپی قۆستۆتەوە و هەندێک هەنگاو لە بەغدا دژی کوردستان نراون ئەگەر لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی ڕووبەڕوویان نەبنەوە ئەوا زیانێکی زۆر بە پێگەی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەگات.
نووسینەوەی ڕەشنووسێک بۆ یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا کە بەشێک لە ناوەڕۆکی ڕەشنووسەکە ئاشکرا بووە بە ڕاستی مایەی سەرسوڕمانە کە عێراقی فیدراڵی چەند ناجوامێرانە دەیەوێت قووت و مافی یاسایی و دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان پێشێل بکات. سیاسەتی بەغدا بووەتە سیاسەتی زۆرینە و سەپاندنی بڕیار بەدڵی خۆی و بە هیچ شێوەیەک گوێ لە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێت.
هۆکارەکەش ڕێک ئەو پەرتەوازەیی سیاسی و چەقبوستووییەیە کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە و، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بە گشتی و یەکێتی و پارتی بە تایبەتی مشووری ئەم دۆخە نەخۆن ئەوا زیانەکان هیچ کاتێک قەرەبوو ناکرێنەوە، چونکە ئەوەشمان بیر نەچێت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاری و جەنگ و کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە و دۆستی متمانەپێکراو و خەمخۆری کورد هەر کورد خۆیەتی و هەبوونی حکوومەتێکی تۆکمە و یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.