خوێندنەوە: جەمال گردەسۆری
الاغتیالات السیاسیە فی العراق، نووسراوی شەهاب ئەحمەد ڕەحمان لە بڵاوكراوەكانی ئەكادیمیای كوردییە،، لە بنەڕەتدا نامەیەكی ماستەرە و ساڵی ٢٠١٣ گفتوگۆی لەسەر كراوە و، نووسەر سەركەوتوو بووە و نامەكەی پێ بەخشراوە؛ ئەم چاپكراوە، ٣٣٠ لاپەڕەی قەبارە گەورەیە و بە تیراژی ٥٠٠ دانە لە چاپخانەی حاجی هاشمی هەولێردا چاپ كراوە.
یەكەم ماستەرنامە و تێزی ئەكادیمییە پشتبەستووی بە چەندین بەڵگەنامە و سەرچاوەی بەنرخ و باوەڕپێكراو كە باس لە تیرۆری سیاسی (غافڵكوژی) دەكات.
لە ڕووی زمانەوە بە زمانێكی پاراوی عەرەبی، کە كوردێك نووسیوەتی، هەڵەی زمانەوانیی زۆر کەمە؛ باس لە تیرۆركردنی سیاسی لە عێراق (14ـی تەمووزی 1958- 8 ی شوباتی 1963) مووسڵ و كەركووك وەك نموونە دەكات، لێكۆڵینەوەیەكی مێژوویی سیاسییە.
ئەم بڕوانامەیە بە پلەی زۆر باشە وەرگیراوە، وەك ئاماژەدراوە باسەكانی كەركووك و مووسڵ بە نموونە وەرگرتووە، باسی خۆكوژی بە شێوەیەكی ورد و ڕوونكردنەوەی چەندین كردەوەی كوشتنی سیاسی نێو كوردستان بە نموونەی هەولێر و سلێمانی و ڕانیە هێناوەتەوە.
لە خوێندنەوەی ئەم چاپكراوەدا دەتوانین بڵێین تیرۆركردنی سیاسی دیاردەیەكی كۆنە، بە درێژایی كۆمبوون و مێژووی مرۆڤ هەبووە و پەنابردنە بەری لە سەردەمە مێژووییە دوای یەكەكان و لە چەندین ناوچەی جوگرافیدا گرنگترین سیمای مێژووە.
ئەم دیادەیە هاوشانبووە لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕژێمە سیاسییەكانی سەر ڕووی زەمین بە درێژایی مێژووی یۆنانی كۆن كە پڕ بووە لە ململانێی سەركردایەتییە سیاسییەكانی ڕۆمای كۆن.
مێژووی كۆن و نوێی وڵاتانی ڕافیدەین دوور و بەدەر نەبووە لەم دیاردەیە، بەڵكو پیلانگێڕی و كۆششی لەنێوبردنی ئەویتر بەهەموو ڕێگایەك، لەوانەش تیرۆركردن، هاوتەریب و هاوشانی ئەو مێژووە بوون.
ئەم توێژینەوەیە تەنیا لە تیرۆركردنە سیاسییەكان دەدوێ، بەوەش، جیایدەكاتەوە لە تیرۆركاریی هۆزایەتی و تۆڵەسەندنەوەی تاكەكەسی ڕووداوی ئاسایی، ئەگەرچی هۆكاری سیاسی و ناسیاسی لە هەندێ ڕووداوی تیرۆركاریدا هاوبەش بوون و ئەو فەرمانڕەوا و سیاسەتمەدارانەی دەستیان تێدا هەبووە مۆركێكی سیاسییان پێ بەخشیبن.
ئەم توێژینەوەیە پێك هاتووە لە بەرایی و چوار بەش، بەرایی كە تێیدا ڕوخساری “تیرۆركاری سیاسی لە سەردەمی پاشایەتیی (1921- 1958)ـدا” خراوەتە بەرباس، دەروازە و چوارچێوەیەكی گشتییە، ئاماژەی كردووە بەبەرچاوترین ڕووداوی تیرۆركاری لە سەردەمی ناوبراو.
سەرنجیش لەوە دراوە كە ئەو تیرۆركاریانە لە بری ئەوەی بە مۆركێكی گشتی دەركەون، پەیوەستبوونە بە ململانێی نێوان سیاسەتمەدار و گەورە ئەفسەرانی نێو سوپا، هەر دەبوو ئیستێكیش بكەین لە ئاست كێشەی كاریگەربوونی عێراق بە پەرەگرتنە سیاسیەكان لەسەر گۆڕەپانی عەرەبی و جیهانی بەر لە شۆڕشی 14ـی تەمووزی 1958 و چۆنێتی سەرهەڵدانی ڕێكخستنی ئەفسەرە ئازادیخوازەكان و ڕۆڵیان لە هەڵگیرسانی شۆڕشەكەدا.
بەشی یەكەم لە گۆڕانكارییە ئابووری كۆمەڵایەتی و سیاسیەكانی 1958- 1963 و كاریگەریی گەورەیان بۆ سەرهەڵدانی دیاردەی تیرۆركاریی سیاسی ئاخڤیە.
لێرەدا ئەوەی گرنگترین ئاماژەیپێدراوە ناكۆكی نێوان سەركردەكانی هەڵگیرساندنی شۆڕشی 14ـی تەمووزی 1958 و پەڕینەوەی جێكەوتەی ئەو ناكۆكییانەیە بۆ نێو كۆمەڵگە و پێكهاتەكانی، لەو سۆنگەیەشەوە دەبوو تیشكبخرێتە سەر هەندێ لەو یاسا و ڕێكارانەی شۆڕشەكە هینانیە ئارا لەڕووی كاریگەری بەرچاویان لەسەر هەندێ پێكهات و چینی كۆمەڵایەتی، بەتایبەتییش كە بڕێك لەو یاسایانە یەخەگیری بەرژەوەندیە ئابووریەكانی هەندێ لەو گەورە دەرەبەگانە دەبوون كە خزیندرابوونە دوای لایەنە ناحەزەكانی شۆڕش، كە ئەو دۆخەش هۆكارێك بوو بۆ هێنانەئارای كەشێكی پڕ لە پێشبڕكێ كە بە فرە تیرۆركاری و دەستدرێژیكردن دوایی هات.
هەرچی ململانێی پارت و تەوژمە سیاسیەكانە دوای 14ـی تەمووزی 1958 و گواستنەوەیانە بۆ كاركردنی ئاشكرا، پانتاییەكی گەورەی بایەخپێدانی ئەم توێژینەوەیەی بەركەوتووە، چونكە كەوتنە نێو كاری ئاشكرا و گردبوونەوەی كۆمەڵانی خەڵك لە دەوری هەندێ لەو پارت و تەوژمە سیاسیانە هاوكاتبوو لەگەڵ دەركەوتنی مۆركی پێشبڕكە كە وردە وردە بەرەو لێكترازان و ڕووداوی دەستدرێژیكردنە سەر توخمە سادەكانی هەر پارت و تەوژمێكی سیاسی.
بەشی دووەمیش ((تیرۆركاریی سیاسی لە عێراق 14ـی تەمووزی 1958- 1963))، تەرخان كراوە بۆ ئاخاوتن دەربارەی ئەو تیرۆركارییانەی لە شار و ناوچە جیاوازەكانی باكوور و باشووری عێراق ڕوویان داوە، بۆ ئەو مەبەستەش جەختی كردۆتە سەر دوو تەوەر، یەكەمیان: تێیدا دیارترین ئەو هەوڵانەی تیرۆركردن كە عەبدولكەریم قاسم دووچاریان بوو باس كراوە، كە هەوڵەكەی تشرینی یەكەمی 1959یە، بە دەستی چەند توخمێكی سەر بە پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست.
دووەمیشیان: جەختی كردۆتە سەر ئەو تیرۆركارییانەی لە هەندێ شار و ناوچەی عێراقدا ڕوویانداوە، ڕێژەی بەرزی ئەو تیرۆركاریانەش لە هەردوو شاری مووسڵ و كەركووك ڕوویان داوە، لەبەرئەوە هەر یەكەیان لە دوو بەشی سەربەخۆدا بە تێروتەسەلی باس كراون.
بەشی سێیەمی توێژینەوەكە تەرخان كراوە بۆ خستنەبەرباسی تیرۆركارییە سیاسیەكانی نێو شاری مووسڵ، لە سەرەتای ئەو بەشەدا بە پێویست زانراوە بە چڕی تیشك بخرێتەسەر هۆكارەكانی پەلهاوێژی تیرۆركارییەكانی لەنێو شارەكە، هەر لەو ڕوانگەیەشەوە ڕەوشی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی پێش بەرپابوونی شۆڕشی 14ـی تەمووزی بایەخێكی تایبەتیان پێدراوە، دواتر بایەخدراوە بە بزاڤی ئاداری 1959ی شەوواف، كە بارودۆخی دامركاندنەوە و ئەو كوشتار و داپڵۆسین و تاڵان و دەسدرێژیانەی هاوشان بوون وایان كرد شاری مووسڵ دووچاری گێژاوی تیرۆركاری بێت، لە درێژەی ئەو بەشەشدا پەیوەندی نێوان ئەو ڕووداوانە و بەربڵاوبوونی تیرۆركاری سیاسی خراوەتە ڕوو، لەگەڵ دیاركردنی ناوی تیرۆركراوان و بكوژان و ڕۆڵی لایەنە داراییكار و لایەنە ئەمنیەكان لە جۆشدانی ڕووداوەكان.
لە بەشی چوارەمیشدا ((تیرۆركارییە سیاسیەكانی نێو شاری كەركووك))، چوارچێوەی توێژینەوەكەی زۆرە هاوشێوەی بەشی سێیەم، بەتایبەتی لە ڕووی جەختكردنەسەر بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی شارەكە پێش 14ـی تەمووزی 1958 و كاریگەریان لەسەر لێكدابڕانی چینایەتی و پێكهاتە نەتەوەیی و ڕەگەزییەكانی، لە بەدواداچوونی تایبەتمەندیی سیاسی ڕووداوە تیرۆركارییەكانی ئەو شارەشدا نەدەبوو لە خستنەبەرباسدا خۆببوێرین لە تیشكخستنەسەر ڕووداوەكان و كاریگەریان لە گەرمەی ئاهەنگەكانی یەكەمین یادكردنەوەدا لە 14ـی تەمووزی 1959 و ڕۆژانی دواتر.
لە ناوەڕۆكیشدا جەختكراوە سەر پەیوەندی ئەو ڕووداوانە و ململانێی نێوان هەردوو پێكهاتی كورد و توركمان و دیاركردنی ناوی ئەوانەی بوونە قوربانیی لێشاوی تیرۆركاریەكانی هەردوولا و ناوی هەندێ لە بكوژان و لایەنە داراییكاران و ڕۆڵی هێزە ئەمنیەكان لە قەومانی ئەو ڕووداوانە.
كەواتە، گەیشتن بە زانیاری ڕاستەقینەی بابەتی تیرۆركارییە سیاسیەكانی نێو عێراق بۆ گەڵالەكردنی ئەم توێژینەوەیە كارێكی ئاسان نییە بەتایبەتی چونكە هەندێ لە پارتە سیاسیەكان و بنەماڵە و كەسە بەشداربووەكانیان هێشتا خاوەن پێگە و هەژموون (دەسەڵات)ـن، بەڵام وێڕای ئەوەش، توێژەر بەپەرش بووە بۆ خستنەگەڕی توانای خۆی بۆ ئەو مەبەستە.
لە درێژەی ئەنجامدانی توێژینەوەكەشیدا، ئەوەندەی چوونیەكی پابەندبوون بووبێ بە ڕێبازی توێژینەوەی مێژوویی، پشتبەستبووە بە هەندێ بەڵگەنامەی بڵاونەكراوە و یادگاری تاكەكەسی هەندێ لەو كەسایەتیانەی لە نێو ئەو ڕووداوانەدا بوون، لەگەڵ سووربوونی بۆ ئەنجامدانی چەندین چاوپێكەوتنی تاكەكەسی كە لە بەراوردكردنی نێوان ئەو سەرچاوانەی بەكاری هێناون سوودی لێ وەرگرتوون.
دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە نووسەر دەكەین و بە هیوای چەندین چاپكراوی تر.

