محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، باس لە گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە بواری وەبەرهێنان بۆ ئاکرێ و ڕایگەیاند؛ سەرۆکوەزیران گرنگییەکی تایبەت بە ئاکرێ و بەردەڕەش دەدات لە رووی وەبەرهێنان و چالاکییە بازرگانییەکانەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک داوای کردووە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت لەو دوو ناوچەیە فراوانتر بکرێن.
لە رێوڕەسمی کردنەوەی نەخۆشخانەی ئایندە لە ئاکرێ، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت بۆ وەبەرهێنان لە ئاکرێ دادەمەزرێنین، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناخی جێبەجێکردن. ئاکرێ و بەردەڕەش دوو ناوچەی گرنگن لە پارێزگای دهۆک و بۆ قۆناخی داهاتوو گرنگییەکی زۆریان هەیە، بەتایبەت بۆ پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت.
وتیشی؛ ئێستا ٢٣ پڕۆژەی وەبەرهێنان لە ئاکرێ لە قۆناخی جێبەجێکردندان. لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەی گرنگتر لەوانە ناوچەی پیشەسازی لە ئاکرێ و بەردەڕەش، پڕۆژەی بازرگانی و هێنانی براندی جیهانی بۆ ئاکرێ، هەروەها پڕۆژەکانی پەیوەست بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و پەرەپێدانی ژێرخانی کشتوکاڵی لە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان.
محەمەد شوکری، ئەوەشی خستەڕوو؛ سەرجەم ئەو کارانە لە چوارچێوەی بەرنامەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندایە. لە داهاتوودا گرنگی زیاتر بە ئاکرێ و بەردەڕەش دەدرێت تا پلانی حکوومەت بۆ ئەو ناوچانە بەتەواوی جێبەجێ بکرێت.

