فەرهاد قادر ئۆمەر
کاتێ تیشکی زێڕینی خۆر، بەلاری بەسەر ڕووبەری سپێدەی بەیانیدا دەپرژێت، دەروازەی قوتابخانەی ئەرگووشی بنەڕەتی وەک باوەشی دایکێک بە ڕووی خەونی منداڵاندا دەکرێتەوە. لێرە، پیتەکان وێڕای مەرەکەبی سەر دەفتەر، تیشکن بۆ هزرو بیر. دەنگی پێکەنین وخەندەی منداڵان ئاوازێکی شاعیرانەیە کە زەمین لە خەوی قورس ڕادەوەشێنێت. لە ناوەڕاستی ئەم تابلۆ زیندووەدا، پیاوێک بە هێمنی ڕاوەستاوە، مامۆستا ڕێبواری بەڕێوه بەر، ئەو وەك باخەوانێکی بەسەلیقە، لەگەڵ چاودێری تەڵاری قوتابخانە، مێژووی ڕۆحی نەوەکانیش لە دەفتەری تێبینی ڕۆژانەیدا دەنووسێتەوە، چوونکە چاک دەزانێت کە پەروەردەکردنی منداڵ هونەری ڕێبەرایەتیە بەر لەوەی فەرمانپێکردن بێت. لەم گەشتە وەسفییەدا، تێدەگەین کە فەلسەفەی ئەم بەڕێوبەرە پەروەردەکارە لە یەک دێڕی زێڕیندا کورت دەبێتەوە: پەروەردە پێویستی بە هاوسەنگی هەیە، نەك نازپێدانی زیاد لە پێویست کە تۆوی سەرەڕۆیی وسەرلێشێواوی بچێنێت، ونە تووندوتیژییەك کە پەڕوباڵی ئەندێشەو داهێنانیان دەسڕێتەوە.. لەو لاشەوە لەبەسەرکردنەوەیەکیدا بۆ هۆڵێکی تاقیگەی پڕ لەکەرەستە وهۆکارەکانی فێربوونی قوتابخانەکەیدا، کاتێ قوتابییان لەگەڵ مامۆستا مەحەمەد لە دەوری مێزەکەی تاقیگەدا کۆببوونەوە، ڕۆشنایی زانست لە چاوە گەشەکانی قوتابییاندا دەدرەوشایەوە، مۆسیقای پیتەکان و پەرۆشی فێربوون، فەزای پۆلەکەی تەژی کردبوو لەخەون و هیواکان. مامۆستا ڕێبوار، لەو ساتە ئومێدبەخشەدا بە دەنگە هێمن و پڕ حیکمەتەکەی، نەغمەی ئومێد دەچێنێت و دەڵێت:”مرۆڤ دەبێ هەموو ڕۆژێك شتێکی نوێ فێربێت، ئەوەی ئەمڕۆ پاشەکەوتی دەکەین، دەبێتە توێشووی دواڕۆژی نەوەکانمان.” ئەم گوتەیە وەک شیعرێکی پەروەردەیی وایە، ئاوێتە لەگەڵ فەلسەفە پەروەردەکەی پێرمێردی شاعیر یەکدەگڕێتەوە، کە پێی وابوو خودی قوتابخانە خۆی ژیانە. لەو مەنزلگەیە، مۆسیقا، هونەر و تەکنەلۆژیا وەك شەپۆلێکی نەرم دێن و دڵەڕاوکێی دەروونی منداڵ دەشۆنەوە، بۆ ئەوەی خەیاڵیان بێ سنوور بفڕێت.. ئەو کاتانەی قوتابیەك لە سەر ڕێڕەوی ڕاست لادەدات و هەڵەیەک دەکات، کە ئەمەش لە سرووشتی مرۆڤبوون و ناسکی تەمەنیاندایە، مامۆستا ڕێبوار وەك بەڕێوه بەرێك نابێتە هەورێکی تەڵخ و بروسکەی سزا ببارێنێت. ئەو بە نیگایەکی پڕ لە باوکایەتی، دەستی نەرمی بەسەر سەری قوتابییەکەدا دەهێنێت و بە گەرمی پێشوازی لە پەشیمانیەکەی دەکات. لە چاوەکانیدا ئەم پەندە نەستەقە دەخوێنرێتەوە کە: «منداڵ هاوشێوەی مۆمە، بە گەرمی دەتوێتەوە نەك بە شکان. ئەو هەمیشە هۆشداری لە دوو ڕێگای هەڵە دەدات، کە پرۆسەی پەروەردە ده خنکێنن:
مەترسی نازپێدانی بێ سنوور: کە وەك بارانێکی زۆر وایە، لەبری ئاودانی گوڵەکان، ڕەگ و ڕیشەی کەسایەتیان دەڕزێنێت و منداڵ لەبەردەم باهۆزی داهاتووی ژیاندا بێدەسەڵات دەکات.
دووەمیشیان: سزادانی تووندو هەرەمەکی، بەو پێیەی تووندوتیژی هەرەمەکی، دەبێتە هۆی لاوازی متمانە بەخۆبوون لە دەروونی منداڵدا وڕێگەیەکە بەرەو شەڕانگێزی و یاخیبوون. لێرەدا وتەکەی مەلای گەورە(مەلا مەحەمەدی کۆیی) بیردەکەوێتەوە کە دەڵێ: “پەروەردەکردن بەبێ خۆشەویستی، پەروەردەکردنی دارێکی سێبەرداری بێبەرە”.. لەو نێوەندەدا هاوسەنگیەك هەیە ئەویش ئەوەیە کە سۆزێك نا کە سەرەڕۆیی بەرهەم دەهێنێت، و سزایەکیش نا کە ببێتە پاساوی شەڕانگێزی.. ماوە بڵێین قوتابخانەی ئەرگووشی بنەڕەتی، بە سایەی ئەم دیدگا پەروەردەییانەی بەڕێوبەرەکەیەوە، کارگەیەکی گەورەی ژیان وپێگەیاندن ومرۆڤسازیە، مەشخەڵێکی ڕێگایە، کە تێیدا نەوەکانمان بەرەو لووتکەی مرۆڤایەتی هەنگاو دەنێت..

