بودجەی ٢٠٢٧ لە ڕووی پێکھاتە و فەلسەفەی داراییەوە جیاواز دەبێت لە ساڵانی ڕابردوو
حکوومەتی عێراق بە فەرمی ئاشکرای دەکات، بودجەی ٢٠٢٧ی عێراق زیاتر لە ٢٠٠ ترلیۆن دینارە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا ڕەشنووسەکەی ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت. پەرلەمانتاران داوا دەکەن، لەسەر بنەمای سەرژمێریی گشتیی عێراق، دەبێت پشکی ھەرێمی کوردستان بۆ ١٤.١٤% بەرز بکرێتەوە، لە ھەمان کاتدا ھەرێمی کوردستان داوای تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت بە شێوازێکی دادپەروەرانە دەکات.
بەپێی ھەواڵێکی ڕۆژنامەی (الێباح)ی سەر بە حکوومەتی عێراق، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ڕەشنووسی بودجەی گشتیی ٢٠٢٧ دەنێردرێتە پەرلەمان کە تێکڕای خەرجییەکانی بودجەکە سەرووی ٢٠٠ ترلیۆن دینارە و بڕی ٦٥ ملیار دیناریش کورتھێنان ھەیە، ھەروەھا سەرووی ملیۆنێک گرێبەست بەپێی ئەو یاسایە جێگیر دەکرێن.
لە سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق کە ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجام درا، ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بەبێ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بریتی بوو لە شەش ملیۆن و ٥١٩ ھەزار و ١٢٩ کەس، ئەم ژمارەیەش دەکاتە ڕێژەی ١٤.١٤٪ی کۆی گشتیی دانیشتووانی عێراق کە دەبێتە پێوەرێکی یاسایی حاشاھەڵنەگر بۆ دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە خەزێنەی فیدراڵیدا.
ئەمە بەڵگەیەکی فەرمییە کە عێراق خۆی سەرژمێری گشتیی کردووە و ئەو ڕێژەیە دروست کراوە، ھەرچەندە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە بابەتی بودجەدا ستەمی زۆر لە ھەرێمی کوردستان کراوە.
داواکارییەکانی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ گفتوگۆی زۆر باشیان لەسەر کراوە و بەشێکی زۆریان لەناو ڕەشنووسی بودجەدا شوێنیان بۆ کراوەتەوە. ئەوەشی ماوەتەوە دیاریکردنی پشکی ڕاستەقینەی ھەرێمی کوردستانە، بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی عێراق کە خۆیان ئەنجامیان داوە و پێویستە پشکی ھەرێم لانی کەم ١٤.١٤٪ بێت.
شارەزایانی بواری ئابووری، دەڵێن، دەبێت سەرجەم ھێزە کوردستانییەکان یەکدەنگ و یەکدەست بن بۆ تێپەڕاندنی پشکی شایستەی بودجەی کوردستان بەپێی سەرژمێری، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا ئەوەی بۆ کوردستان نێردراوە نەک پشکی ڕاستەقینەی خۆی نەبووە، بەڵکو زۆر کەمتر لەو بڕەی دیاریش کراوە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە. کەیفی ساڵح، شارەزای بواری ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: بەداخەوە حکوومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی بەغدا خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە ھاووڵاتیی عێراق نازانن و ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی کەمترین پشک بۆ کوردستان تەرخان بکەن، لە کاتێکدا ھەتا ئێستا جگە لە ھەرێمی کوردستان، ھیچ ناوچەیەکی عێراق پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەدیوە و خەڵکی تەواوی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش خەون بەوە دەبینن کە بێن لە ھەرێمی کوردستان بژین، ئەمەش ئەرکی ئەوە دەخاتە سەر دەسەڵاتدارانی بەغدا کە پابەند بن بە تەرخانکردنی بڕە بودجەی شایستە بۆ کوردستان.
ئەو شارەزایەی بواری ئابووری، دەشڵێ: جگە لە مووچە، پێویستە لەو ملیۆن گرێبەستەی کە دەکرێن بە فەرمانبەری ھەمیشەیی، ١٤٠ ھەزاریان لە ھەرێمی کوردستان بێت، بەڵام تا ئێستا دیار نییە بەغدا ئەمەش جێبەجێ دەکات یان نا.
بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ ڕووبەڕووی ئالنگاریی کورتھێنان دەبێتەوە کە بەھۆی گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت لە بازاڕە جیھانییەکانەوە دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە فشار بۆ سەر بەغدا کە بەتەواوی پابەند نەبێت بە ناردنی تەواوی پشکی وەبەرھێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکانی ھەرێم، ھەرچەندە گفتوگۆ ھەیە لەسەر جێگیرکردنی شایستەی دارایی فەرمانبەرانی گرێبەست لە ھەرێم، بەڵام مەترسیی بەردەوام ھەیە لەسەر دواکەوتنی ناردنی شایستەکان بەھۆی مەرج و ڕێکارە توندە داراییەکانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
سەبارەت بە جیاوازیی ڕێژەکان، حکوومەتی فیدراڵ لەسەرەتای ئامادەکارییەکاندا پشکی ھەرێمی بە نزیکەی ١٢٪ خەمڵاندووە، لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان پشت بە داتا سەرەتاییەکانی سەرژمێریی دانیشتووان دەبەستێت و داوا دەکات ڕێژەکەی بە لایەنی کەمەوە نزیکەی ١٤٪ یان زیاتر بێت، ھەروەھا سەرەڕای ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانەوە لە ماوەکانی ڕابردوودا، خەرجییەکانی دەرھێنان و تێچووی کۆمپانیا نەوتییەکان ھێشتا کێشەیەکی گەورەیە. لە بودجەی ٢٠٢٧ دا ھەرێمی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەلایەن بەغداوە قەرەبوو بکرێتەوە، یان ئەگەر نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکار بێت، تێچووەکەی لە بودجەی گشتیدا جێگیر بکرێت.
سیروان رۆژبەیانی، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا، دەڵێت: داواکارییەکانی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژە بودجەی ٢٠٢٧ی عێراق بریتین لەوەی پرسی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوازێک نەبەسترێنەوە بە کێشە سیاسییەکان، یان خاڵە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و وەکو مافێکی بنەڕەتی جیا بکرێتەوە، جیالەوەش، لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق، گفتوگۆیەکی گەورە لەسەر ڕێژەی پشکی ھەرێم ھەیە، داواکاریی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە لە کاتی دیاریکردنی پشکەکەیدا دادپەروەری ڕەچاو بکرێت و مافە دەستوورییەکان و تایبەتمەندیی ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێن، بەتایبەت لە بودجەی وەبەرھێنان و پشکی بودجەی سیادی. ھەروەھا بەشێک لە شارەکانی سەر بە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە ئیرادە دەدرێن و بودجەیان بۆ خەرج دەکرێت، لەکاتێکدا لە دانانی بودجەی عێراق بودجەی ئەو ناوچانە دەچێتەوە سەر عێراق، یەکێکی دیکە لە داواکاریی ھەرێمی کوردستان، تەرخانکردنی بودجە و شایستە داراییە تەواوەکان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە، وەکو بەشێک لە سیستەمی ئەمنی و سەربازیی عێراق، بەبێ جیاوازی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراق.
د.ئەحمەد ساعدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق کۆبووینەوە و وەزیری دارایی پێی ڕاگەیاندین لەنێو پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٧دا دامەزراندنی ١٠٠ ھەزار دەرچووی ساڵانی ڕابردووی تێدایە بە گرێبەست، ئەو دامەزراندنەش بۆ دەرچووانی دانەمەزراو دەبێت لە بوارە جیاوازەکاندا، لە ھەمان کاتدا پێویستە لەسەر بنەمای ئامارە نوێیەکانی سەرژمێریی گشتیی عێراق، پشکی ھەرێمی کوردستان بۆ ١٤.١٤% بەرز بکرێتەوە و ئەمەش بکرێتە بنەمای یاسایی لە بودجەی داھاتوودا.
مستەفا موسەوی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەشی گوت: ئەنجوومەنی وەزیران لە ماوەی ئەم مانگەدا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ ئاراستەی پەرلەمان دەکات بە مەبەستی خوێندنەوە و تاوتوێکردنی و پێشبینی دەکرێت پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێ پرۆسەی دەنگدان لەسەری کۆتایی بێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
موسەوی، ئاماژەی بەوە کرد، بودجەی ٢٠٢٧ لە ڕووی پێکھاتە و فەلسەفەی داراییەوە جیاواز دەبێت لە ساڵانی ڕابردوو، سەرنجی سەرەکی دەخاتە سەر کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویست و بەکاربەرەکانی حکوومەت لە پاڵ کاراکردنی کەرتە بەرھەمھێنەرەکان، ئەوەش لە ڕێگەی گۆڕینی میکانیزمی بودجە لە سیستمی کۆنەوە بۆ شێوازی بودجەی بەرنامەکان، کە ھاوسەنگیی زیاتر لەنێوان خەرجی و داھاتەکاندا دروست دەکات.
ئەم پێشھاتە لە کاتێکدایە کە ھەفتەی ڕابردوو، لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی، ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی ھەموارە بنەڕەتییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ گۆڕینی سیستمی دارایی و چۆنیەتیی داڕشتنی بودجەی نوێی وڵات.
ڕائیب جادر – ههولێر

