دوێنی دووشەممە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وابڵاوکرایەوە کە هاووڵاتییەک لە ڕێگای هەولێر – شەقڵاوە کوژراوە، بەڵام ئەمڕۆ ئاسایشی هەولێر گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ئەو هاووڵاتییە بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستداوە و شۆفێرەکەش دەستگیر کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردەوە: لە ڕێکەوتی 4ـی تشرینی یەکەمی 2026 لەسەر ڕێگای (هەولێر – شەقڵاوە)، لە نزیک گوندی بانەمان، تەرمی هاووڵاتییەک بە ناوی (سەنعان عەبدولڕەحمان تەها) دۆزرایەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: دەستبەجێ لەلایەن تیمی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پیرمام بەدواداچوون دەستیپێکرد، دەرکەوت ئۆتۆمبێلێکی جۆری بارهەڵگر خۆی بەو هاووڵاتییەدا کێشاوە و پاشان تەرمەکەی لە شوێنی ڕووداوەکە بەجێ هێشتووە و هەڵاتووە.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوای ئاشکراکردنی ناسنامەی شۆفێرەکە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، تۆمەتبار بە ناوی (گ. س. ص) دەستگیر کرا، هەروەها لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە ڕووداوەکە هاتوچۆ بووە و لێکۆڵینەوەش لە تەواوی وردەکارییەکانی بەردەوامە.

