ڕائیب جادر – هەولێر
بە تام و ڕەنگی جیاوازەوە دووەمین فیستیڤاڵی ترێ لە قەزای ڕواندز بەڕێوەچوو، ئامانجی سەرەکی ئەو فیستیڤاڵە خستنەڕووی بەرھەمی ناوخۆیی و ڕەخساندنی بازاڕێکی ڕاستەوخۆیە بۆ جووتیاران .
فیستیڤاڵەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری ڕواندز ڕێکخرا بوو و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو، بووە سەکۆیەک بۆ ٤٤ جووتیاری ناوچەکە و ٢٠ ھاووڵاتیی پیشەوەر، تا ڕەنجی دەست و بەرھەمی باخەکانیان نمایش بکەن و ساغی بکەنەوە.
لە فیستیڤاڵەکەدا تەنیا ترێ نمایش نەکرا بوو، بەڵکو بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی دیکەی وەک ھەنگوین، ھەنار، فستق و کاری دەستیی خانمانیش خرانەڕوو، ھەروەھا چالاکییەکە بە کەرتی گەشتیارییەوە تێکەڵکێش کراو و ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان و گەشتیاران ڕوویان تێکرد بوو.
ئەم چالاکییە ھاوکات دەرفەتێکی لەبارە بۆ ھاووڵاتییان و کڕیاران، تا لە یەک شوێندا دەستیان بە بەرھەمی سروشتی و دڵخوازی ناوچە شاخاوییەکان بگات.
ڕێکخەرانی فیستیڤاڵەکە ئاماژە بەوە دەکەن، ئامانجیان تێکەڵکردنی ھەردوو سێکتەری کشتوکاڵ و گەشتیاریی بوو، تا لەو ڕێگەیەوە بازاڕێکی گونجاو بۆ ساغکردنەوەی بەرووبوومی جووتیاران بڕەخسێنن و گەشتیارانیش لە سەردانەکانیاندا کڕیاری ڕاستەوخۆی بەرھەمە خۆماڵییەکان بن. پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ئامانج لەو فیستیڤاڵە بە نەریتکردنی فیستیڤاڵی ترێ بوو، جیاوازییەکەی لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ئەوە بوو ڕێژەی بەشداربووان ڕێک دووبەرامبەر بوو، پێکھاتەکانیش جیاوازتر بوون، وەکو دەبینین جگە لەوەی ترێ و ھەنجیر و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، بەرووبوومی دیکەشی تێدا بوو، بۆ نموونە فستەق، گوێز، ھەنگوین، کەلەپوور، کاری دەستی و ھەموو ئەو بابەتانە لە فیستیڤاڵەکەدا نمایش کران.
بەردەوامی ئەو فیستیڤاڵانە، نەک تەنیا کەرتی کشتوکاڵ لە ناوچەکە دەبووژێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە ھۆی ڕاکێشانی گەشتیارێکی زۆر بۆ بینینی جوانییەکانی ڕواندز و تاقیکردنەوەی بەرھەمە ناوازەکانی.

