ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ئەمساڵی خوێندن دەبێت و فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە ڕاگەیەندراوێکدا، تەواوی وردەکاریی گۆڕانکاریی پرۆگرامەکان، ژمارەی مامۆستایان، ئامارەکانی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی بڵاو کردەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: ئەمڕۆ دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن دەبێت لە قوتابخانە و باخچەکانی ساوایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، بۆ ئەمساڵی خوێندن سەرجەم ئامادەکارییەکان بەباشی ئەنجام دراون.
سەبارەت بە پرۆگرامەکانی خوێندن، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەگوێرەی گۆڕانکارییە زانستییەکان و پێداویستییە پەروەردەییەکان، بەشێوەیەکی گشتی گۆڕانکاری لە 110 پەرتووکی خوێندندا لە سەرجەم قۆناغەکان کراوە. هەروەها نزیکەی 19 ملیۆن پەرتووکی نوێی خوێندن چاپ کراون و بەیەکسانی بەسەر قوتابخانەکانی شار، شارۆچکە و گوندەکاندا دابەش کراون. گۆڕانکارییەکانیش بە 5 شێوەزار و زمان ئەنجام دراون کە بریتین لە (کوردیی سۆرانی، کوردیی بادینی، عەرەبی، ئینگلیزی، سریانی و تورکمانی).
ئەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆگرامی خوێندنی ساڵی (2026-2027) کراون:
-کتێبی کوردیی پۆلی شەشی بنەڕەتی.
-کتێبی زانستەکان لە پۆلەکانی 6، 8 و 9ـی بنەڕەتی.
-کتێبی بیرکاریی پۆلەکانی 4، 5 و 6ـی بنەڕەتی.
-کتێبی بیرکاریی پۆلی 11ـی ئامادەییی زانستی و وێژەیی.
-کیمیا بۆ پۆلی 11ـی ئامادەیی.
-کتێبی هێمای پیتەکانی کوردیی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی.
-کتێبی تەکنەلۆژیای زانیاریی پۆلەکانی 7 و 8.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش داوە کە سەرجەم گۆڕانکارییەکان لەلایەن شارەزایان، مامۆستایان و پەروەردەکارانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دراون بێ ئەوەی هیچ تێچوویەکی هەبێت، لە کاتێکدا پێشتر ئەم پرۆسەیە لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرەوە بە تێچوویەکی زۆر جێبەجێ دەکرا.
بەپێی داتاکانی فەرمانگەکە، کۆی گشتیی ستافی قوتابخانەکان گەیشتووەتە 176 هەزار و 735 کەس، کە بەم شێوەیە دابەش بوون:
-مامۆستای میلاک: 107,426
-مامۆستای گرێبەست: 30,090
-فەرمانبەر: 31,219
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا گرنگیی زۆر بە ژێرخانی پەروەردە دراوە؛ تاوەکو ئەیلوولی 2026، لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان 236 قوتابخانە و باخچەی نوێی ساوایان دروست کراون، 476 پۆلی خوێندن زیاد کراون و 2650 قوتابخانەش نۆژەن کراونەتەوە، کە بەم جۆرەیە:
دروستکردنی قوتابخانە و باخچەی نوێ (236): دهۆک 73، هەولێر 58، سلێمانی 47، گەرمیان 17، سۆران 17، زاخۆ 11، ڕاپەڕین 8، هەڵەبجە 5 و کەرکووک 0.
نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکان (2650): سلێمانی 1211، دهۆک 697، هەولێر 258، ڕاپەڕین 176، سۆران 86، گەرمیان 76، زاخۆ 72، هەڵەبجە 45 و کەرکووک 29.
زیادکردنی پۆلی خوێندن (476): سلێمانی 132، هەولێر 123، دهۆک 97، ڕاپەڕین 36، هەڵەبجە 34، زاخۆ 34، گەرمیان 13، سۆران 7 و کەرکووک 0.
سەبارەت بە زانکۆ و پەیمانگاکانیش، ڕاگەیەندراوە کە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە پڕۆسەی خوێندن لە 16 زانکۆی حکوومی و 18 زانکۆی تایبەت دەستی پێ کردووەتەوە، کە 166 کۆلێژ و پەیمانگا لەگەڵ 893 بەش لەخۆ دەگرن. تێیاندا 145 هەزار و 513 قوتابی لە زانکۆ حکوومییەکان و 40 هەزار و 887 قوتابی لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن، هاوکات 11 هەزار و 916 مامۆستای حکوومی و 1939 مامۆستای تایبەت سەرپەرشتیی پڕۆسەی وانەوتنەوە دەکەن

