ئەوەی مرۆڤ لە بوونەوەرەكانی دیكە جیا دەكاتەوە، ئاوەز و بیر كردنەوەیە بەو مانایەی مرۆڤ بیر دەكاتەوە و لێكدانەوەی لۆژیكی و ئەقلانی بۆ ڕووداوەكان هەیە. لە نێو بیركردنەوەشدا، گومانكردن یەكێكە لە و كردە هزریانەی كە نەك دەبێ هەبێ و پێویستە لە ژیانی مرۆڤ، بەڵكو ئەگەر مرۆڤ گومان نەكات، مانای وایە لای ئەو، تەنها یەك ڕاستی جێگیرو نەگۆڕ هەیە گەر تەنانەت زۆر هەڵە و نالۆژیكیش بێت. گومانكردن وا لە مرۆڤ دەكات، تێڕوانینی تایبەتی خۆی بۆ بوون و ژیان و هەموو شتێك هەبێت و تەنها بەوە ڕازی نەبێت كە دەیبینێت و دەیبیسێت! گەر گومانكردن نەبێت، مانای وایە مرۆڤ تێگەیشتنێكی ئسووڵیانەی بۆ ژیان هەیە، ئەم جۆرە تێگەیشتنەش داخراو دۆگما و نەگۆڕە و ناتوانێت، ئەقڵانیانە شتەكان لە یەكتری جیا بكاتەوە. مرۆڤ گەر گومانی نەبوو ڕەنگە بۆ هەمیشە ڕەش بە سپی ببینبێت. هزری مرۆڤ، هاوكێشەیەكی ماتماتیكی نییە، تا ڕێژەی نەگۆڕی هەبێت، بە پێچەوانەوە وەك چۆن بیركردنەوە، خەیاڵكردن و لێكدانەوەی لۆژیكیانە لە ژیان پێویستن، بەو شێوەیەش گومانمكردن پێویستە. ئەوانەی بە خەیاڵی خۆیان، ئامۆژگاری مرۆڤ دەگەن كە بە گومانەوە لە ژیان نەڕوانێت، گومان نەكات، ئەوانە جۆرە كولتوور و پەروەردەیەك لە نێو كۆمەڵگە دروست دەكەن دروست دەكەن، كە مرۆڤ خۆی نەبێت، بەڵكو لەگەڵ عەوامدا بێت، یان لەگە عامێ بچێتە شامێ مرۆڤ بوونەوەری بێ ئاوەز نییە، تاكو بۆ هەمیشە، یەك ڕاستی لای بێت و بە ڕەهاییش وەریبگرێت، بە پێچەوانەوە بەڵكو دەبێ گومانیش بكات، تا ئەو سنوورەی ئەم گومانكردنە نابێتە پشێوی و نەخۆشییەكی دەروونی و هزری! كردەی گومانكردن، بە شێكە لە سرووشتی هزرییانە و فیزیكییانەی ژیان، وەك چۆن ڕاستی و یەقین هەیە، خەیاڵ و بیر هەیە، بەو شێوەیەش دەبێ گومانكردن هەبێت. بۆیە نابێ كەسانێك بە خەیاڵی خۆیان، ئامۆژگاریی مرۆڤ بكەن، كە بە گومانەوە نەڕوانێتە ژیان، چونكە ئەوان ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێن لە كوێ پسا لەوێ گرێیدەوە، كە ئەمەش دژ بە بنەمای هزریی و مەعریفی و مرۆڤەكانە. مرۆڤ گا نییە تا ئەو ڕۆژەی دەمرێت لە پێستی خۆی بمێنێتەوە، ئەوانەشی وا بیر دەكەنەوە كە نابێ گومان لە ژیان بكەین، پێدەچێ مرۆڤ وەك گا ببینن!

