رۆژنامەی ھەولێر

ئاسایشی هەرێم: 22 تیرۆریستی داعش لە چەند ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشدا دەستگیرکران

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنی ورد و سەرکەوتوودا کە لە ماوەی 96 کاتژمێری ڕابردوودا ئەنجامدراون، توانیویانە تۆڕێکی بەرفراوانی تیرۆریستی داعش تێکبشکێنن و 22  ئەندامی ئەو ڕێکخراوە دەستگیر بکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەزگاکە، ئۆپراسیۆنەکان بە فەرمانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بە هەماهەنگی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەنجامدراون.

لە کاتژمێر 23:20ـی شەوی شەممە، لە سنووری خورماڵ و پاش ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری، ئەمیرێکی شەرعی تیرۆریستانی داعش دەستگیرکرا و لەگەڵیشیدا 22 تیرۆریستی دیکە دەستگیر کرا و دەستگیرکراوەکان سەرجەمیان لە ڕەگەزی کوردن و لە چوارچێوەی دوو مەفرەزەی چەکدار و ژمارەیەک ئەندامی نهێنی کاریان کردووە.

ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند کە هەر لە ئۆپراسیۆنەکاندا دەستبەسەر بڕێکی زۆری چەکی قورس، مامناوەند، سووک، بۆمبی دەستی، دووربینی سەربازی و تەقەمەنیدا گیراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تیرۆریستان پلانیان دانابوو لە ناوەڕاستی مانگی 9ـدا چەند کردەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، بەڵام پێش جێبەجێکردنی پلانەکانیان دەستگیرکران.

دەزگای ئاسایش جەختیکردەوە کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بەردەوامە و لە داهاتوویەکی نزیکدا، کۆی دانپێدانانەکان و بەڵگەکان بۆ ڕایگشتی بڵاو دەکەنەوە. ئاماژە بەوەش کراوە، ئۆپراسیۆنەکان بەبێ زیانی گیانی کۆتاییان هاتووە.