دیمانە:حەسەن حەمەد ئاندێکی
بەشی یەکەم
پ.ی.د.هۆشەنگ ساڵح نەجاڕ، مامۆستای بەشی مێژووی کۆلێژی ئاداب زانکۆی سەڵاحەددین ،دکتۆرا لە مێژووی نوێ وهاوچەرخی کورد،ئەندامی یەکەی بەڵگەنامە مێژووییەکانی سەنتەری ڕۆشنبیری و ئەکادیمی زانکۆی سەڵاحەددین،لەدیمانەیەکی هەولێردا تیشکی خستەسەر هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵگیرسانی شۆڕشی ١١ی ئەیلول ١٩٦١ ، گرنگترین دەستکەوتە سیاسی و نەتەوەییەکانی شۆڕشی ١١ی ئەیلوول .
شۆڕشی ١١ی ئەیلول ١٩٦١ لە چ بارودۆخێکی سیاسی و نەتەوەییدا هەڵگیرسا، و هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵگیرسانی چی بوون؟
لە دووەم ساڵی دوای شۆڕشی چواردەی تەممووزی ١٩٥٨، جۆرێک لە دژایەتی بەرامبەر دۆزی کورد لە کوردستانی عێڕاقدا بەدی دەكرا، وەك پاشگەزبوونەوە لەو بەڵێنانەی كە لە بەرایی شۆڕشدا بە كوردییان دابوو. هەروەها هێرشی ڕاگەیاندنی ناڕەوایان دەكردە سەر كوردو هەوڵ دەدرا بۆ پشتگوێخستنی كێشەكەی، ئەمەش سەرەتایەكی ڕووكەشی تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان كورد و دەسەڵاتی سیاسی عێراق بوو، بە تایبەت لە سەرەتاكانی ساڵی ١٩٦٠ دا، تا دەهات بارودۆخەكە بەرەو ئاڵۆزی دەڕۆیشت، کە چەند هۆكارێكی لە دواوە بوو، یەكێك لە گرنگترینییان كاریگەری عەرەبە شۆڤێنییەكان بوو لە سەر (عەبدولكەریم قاسم)، هەمیشە هانیان دەدا لە دژی ئەو داخوازییانەی كە كورد لە دوای شۆڕشدا لە سایەی ڕژێمی تازەی وڵاتدا، هیوای دەستەبەر كردنیانی هەبوو. لە کاتێکدا عەبدولکەریم قاسم کە خۆی زیاتر کەسایەتییەکی سەربازی بوو، لەلایەكی دیكە، وڵاتانی دراوسێی عێراقیش- كە كوردستانیان بەسەر دابەشكراوە- كاریگەرییان لەسەر دەستپێكی ئاڵۆزییەكاندا هەبوو. ئەمانەو هۆكاری دیکەش، بوونە هۆی تێكچوونی پەیوەندی نێوان (كوردو دەسەڵاتی ناوەندی عێراق). تێكچوونی پەیوەندییەکە، ڕەوشێكی ناهەمواری هێنا پێشەوە، وەك داخستنی ڕۆژنامە كوردییەكان، لە سەرووی هەموویانەوە (ڕۆژنامەی خەبات)ی زمانحاڵی (پارتی دیموكراتی كوردستان) و ڕاگرتنی جموجۆڵەكانی ئەو پارتە. ئەمە وێڕای زیندانیكردنی كوردەكان، بە تایبەت لە پۆلیس و سوپادا. دوا جاریش لە كۆتاییەكانی ساڵی ١٩٦٠ دا، دەست بەسەر خانوو و ئۆتۆمبێلی مەلا مستەفا بارزانی لە شاری (بەغدا)دا گیراو بەمەش شەڕێكی ڕانەگەیەندراو بەسەر كورددا سەپێندرا، بۆیە بارزانی لە سەرەتای ساڵی ١٩٦١ دا بەغدای جێهێشت و گەڕایەوە كوردستان. دوای دەستپێكردنی چەند پەلامارێكی سوپای عێراق بۆ سەر كوردستان، لە ڕێكەوتی ١١/٩/١٩٦١ دا شەڕ لە نێوان كورد و سوپای عێراقدا دەستی پێكرد، كە لە مێژووی كورددا بە (شۆڕشی ئەیلوول) ناسراوە.
بۆچی شۆڕشی ئەیلول تەنها خەباتێکی سەربازی نەبوو، بەڵکوو خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی سیاسی و نەتەوەیی کورد بوو؟
– لە هەموو ڕووداوێکی مێژووییدا ئامانج و ئامراز هەیە، ئامانج ئەو وێستگەیەیە ڕێگای بۆ دەبڕی، ئامرازیش ئەو هۆکارەیە کە ڕێگاکەی پێ دەبڕی، لە شۆڕشی ئەیلوولدا خەباتی چەکداری تەنها ئامراز بوو، ئەگەرنا ئامانجی شۆڕش دۆزینەوەی چارەسەری کێشەی کورد بە ڕێگایەکی ئاشتییانە بوو، بەڵام کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێڕاق ڕێگای ئاشتیانەیان ڕەت دەکردەوە، هەوڵیان دەدا بەزۆر مەرامی خۆیان بەسەر نەتەوەی کورددا بسەپێن، ئەوسا باشترین و ڕەواترین ئامراز خەباتی چەکداری بوو، لەگەڵ ئەوەشدا تاکە ئامرازیش نەبوو، سەرکردایەتی شۆڕشی کورد ماوەی ئەو چواردە ساڵە گەلێک ئامرازی دیکەی بۆ هەمان مەبەست بەکاردەهێنا، وەک گەیاندنی پەیامی شۆڕشی کورد بە دنیا ئەمەش لە ڕێگەی ناردنی نوێنەرانی شۆڕش بوو بۆ کونسوڵخانە و ناوەندە دیبلۆماسییەکانی وڵاتان، هەروەها لە ڕێگەی ئەو ڕۆژنامەنووسە جیهانییانەی کە سەردانی ناوچەکانی شۆڕشیان دەکرد، هەر لەو ماوەیەدا ڕەوەندی کورد لە ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆلی گرنگیان لە گەیاندنی پەیامی شۆڕش بە ناوەندە فەرمییەکاندا دەگێڕا. لەگەڵ ئەوانەشدا ساڵی ١٩٦٤ لە کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بڕیاری دروستکردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش درا، کە ئەمە شێوە بەڕێوەبردنێکی ناوچەکانی شۆڕش بوو، لە ڕووی کارگێڕی و ئابووری و پەروەردە و ڕۆشنبیری و دادوەری، واتە شۆڕش وێڕای سەرقاڵی بە ڕێکخستنەکانی پێشمەرگە و خەباتی چەکداری، بەڵام هەرگیز لایەنەکانی دیکەی بەڕێوەبردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی فەرامۆش نەکردبوو.
گرنگترین دەستکەوتە سیاسی و نەتەوەییەکانی شۆڕشی ١١ی ئەیلوول چی بوون، و کامێکیان کاریگەرییەکەی تا ئەمڕۆ بەردەوامە؟
سەرکردایەتی شۆڕشی کورد بەدرێژایی ماوەی خەبات و تێکۆشانیدا، هەموو دەرگاکانی ئاشتەوایی لەگەڵ حکوومەتی عێڕاقدا واڵاکردبوو، لە هەموو دانوستانەکاندا بە پێداگرتن لەسەر دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد، ئامادەیی بڕانەوەی شەڕ و ئاشتی یەکجارەکی بوو. لە ساڵانی ١٩٦٣-١٩٧٠ زنجیرەیەک دانووستان لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکوومەتی عێڕاق هاتنە ئارا، لە هەر هەموویاندا سەرکردایەتی شۆڕشی کورد ڕژد بوو لەسەر ئەوەی پێویستە مافە کارگێڕی و ڕۆشنبیرییەکانی کورد لە عێڕاقدا دەستەبەر بکرێت، گرنگترینیان ڕێککەوتننامەی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ بوو، کە تواندرا بەهۆیەوە گەلێک دەستکەوتی گەورە بە فەرمی لە چوارچێوەی بڕیاری یاسایی بۆ کورد بەدی بهێندرێت، بە جۆرێک تا ئێستا کاریگەری ئەو دەستکەوتانە بەردەوامن، ئەمە پرسی کوردی تا ئاستێکی باش بەرەو پێشەوە برد.

