رۆژنامەی ھەولێر

شارەوانیی یەک بەردەوامە لە هەڵمەتی ڕێکخستنەوەی بازاڕی پردی سەیداوە لە ڕۆژانی هەینی

دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەک، بە هاوکاریی پۆلیسی شارەوانی ڕێنمایی و ئاگادارکردنەوەیان پێشکەشی سەرجەم کاسبکاران و فرۆشیارانی بازاڕی پردی سەیداوە کرد سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی شەقامەکان و پاراستنی پاکوخاوێنی و نەهێشتنی ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان و شۆفێران؛
خۆشبەختانە ئەمڕۆ دۆخی هاتووچۆ لە شەقامەکاندا بە تەواوی ئاسایی بووەوە.

لە درەنگانی شەوەوە تا بەرەبەیانی زوو، تیمەکانمان بەدواداچوون و چاودێریی وردی بازاڕەکەیان کرد و ڕێگریی توندیش کرا لەو کەسە بیانیانەی کە پێشتر بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بازرگانییان لەسەر موڵکی گشتی دەکرد، و بە تەواوی لەو بازاڕە دوور خرانەوە.

لێرەوە سوپاسی کاسبکارە بەڕێزەکان دەکەینەوە کە هاوکارن لەگەڵمان بۆ پاراستنی جوانی و پاکی شارەکەمان. هەروەها شارەوانیی هەولێر هەمیشە لە خزمەت هاووڵاتییاندا دەبێت و دۆخی کاسبکارانی خۆماڵی لەبەر چاو دەگرێت، هاوکات زۆرترین هەلی کارکردنیان پێدەخشێت و چاودێرییەکانیش بەردەوام دەبن، بۆ پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر و نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی و دروست نەبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ .

ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر