ئا/ نیگار نەجات
پرسی کارکردن و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری بۆ ئافرەتان، لە ئێستادا بووەتە یەکێک لە تەوەرە هەرە گرنگ و زیندووەکانی کۆمەڵگەی کوردی. چیتر خانمان تەنیا چاوەڕوانی دامەزراندنی حکوومی و بڕوانامەی سەر کاغەز ناکەن، بەڵکوو بە پشتبەستن بە بەهرە و کارامەیییەکانی خۆیان، هاتوونەتە ناو کەرتی تایبەت و بازاڕی کارەوە.
تۆڕی میدیایی هێلین بۆ قووڵبوونەوە لەم بابەتە و تێگەیشتن لە ڕەهەندە پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی، ڕا و سەرنجی چەند لایەنێکی بەسەر کردووەتەوە. سەرەتا، خاتوو بەفرین مەحموود مستەفا (بەڕێوەبەری قوتابخانە) وەک بەشداربوویەکی سەرەکی، ڕوانگەی خۆی لەسەر ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە بەم شێوەیە دەخاتە ڕوو:
خاتوو بەفرین مەحموود دەڵێت: “سەرەتا دەستخۆشیم هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەم بابەتە گرنگە لە لایەن ئێوەوە. دەتوانین بڵێین لە ئێستادا ئافرەتان بەراورد بە پێشوو، زۆرینەیان خاوەنی داهاتی خۆیانن. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی پێشوو، هەرچەندە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان کەمتر بوو لە ئێستا، بەڵام بڕوانامە تاکە ئامراز بوو خانمان بیریان لێ دەکردەوە بۆ بەدەستهێنانی داهات. لە ئێستادا زۆرینەی خانمان پشت بە خۆیان دەبەستن و هەوڵی دۆزینەوەی کار دەدەن لە ناو شار و شارۆچکەکاندا؛ ئەگەر کاریشیان دەست نەکەوت، هەوڵ دەدەن بە هەر شێوەیەک بێت ببنە خاوەنی پیشەیەکی تایبەت لە ڕێگەی کاری دەستیی خۆیان و ئەو بەهرە جیاوازانەی هەیانە.”
دەشڵێت: “بە گشتی دەبینین ڕێگریی خێزان کەمترە و هۆشیاریی تاک و کۆمەڵگەش لەم ڕووەوە زیاترە. گرنگیی ئەم بابەتەش بێگومان کاریگەریی لەسەر تاک و کۆمەڵگەش هەیە. بۆ نموونە خانمێک جگە لەوەی داهاتی خۆی سەربەخۆ دەبێت و ئازاد دەبێت لە چۆنیەتی و چەندێتیی خەرجکردنی داهاتەکەی، دەکرێ ببێتە هۆی هاندانی دەوروبەر بۆ دۆزینەوەی بەهرە جیاوازەکانیان. هاوکات ئەگەر خانمێک کارێکی پیشەسازی یان بازرگانی بکات، دەکرێ ببێتە هۆی دابینکردنی هەلی کار بۆ چەندین خانمی تر.”
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد: “ئێمەی خانم لە کاتی سەردانی پزیشک، نۆڕینگە، شوێنە گشتییەکان و مۆڵ و بازاڕەکاندا، زۆر ئاسوودەتر دەتوانین لەگەڵ فرۆشیاری خانم مامەڵە بکەین. بۆیە من لێرەوە پشتگیریی تەواو بۆ خانمانی خاوەنکار دەردەبڕم و پێیان دەڵێم: ژیان ئەو کاتە ناوەستێت کە بڕوانامەکەت لەناو گیرفانت بێت و هەلی دامەزراندنت لە کەرتی گشتی نەبێت؛ تکایە پشت بە خۆت و تواناکانت ببەستە بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەیەکی بژێویی سەربەخۆ.”
هەنا مستەفا، کچە خاوەنکار و مامۆستای تەمەن ٢٦ ساڵ، دانیشتووی دەڤەری بارزان لە قەزای مێرگەسۆر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی هێلین، باسی لە ئەزموونی سەرکەوتنی خۆی لە جیهانی بزنس و کاری سەربەخۆدا کرد. ئەو ماوەی ساڵێکە لەپاڵ پیشەکەی وەک مامۆستا، لە دوو بواری جیاوازدا کار دەکات؛ یەکەمیان کاری نێتۆرک مارکێتینگە کە تێیدا توانیویەتی تیمێکی بەهێز لەسەر ئاستی کوردستان و وڵاتی تورکیا دروست بکات، و بواری دووەمیشیان هاوردەکردنی کەلوپەلی جۆراوجۆرە لە براندە جیهانییەکانەوە.
پڕۆژەکەی هەنا لە بیرۆکەیەکی بچووکەوە دەستی پێ کرد، دواتر بە هاوکاریی هاوسەرەکەی و بەهۆی زیادبوونی کڕیاران، پەرەی بە کارەکەی دا. هەنا دەڵێت: “کاری سەربەخۆ گۆڕانکارییەکی گەورەی لە ژیانمدا دروست کرد. لە ڕووی کەسایەتییەوە، فێری هزر و ڕەفتاری بازرگانی بووم، وەک قبووڵکردنی بیروڕای جیاواز و مامەڵەکردن لەگەڵ نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان. لە ڕووی ماددییەوەش، بووە هۆی بەدیهێنانی سەربەخۆیی دارایی بۆم. توانیم بگەمە ئەو ئاستەی چاوەڕێی دەستی کەس نەبم، بەشێک لە خەونەکانم بکەمە ڕاستی و چێژ لە ژیانم وەربگرم.”
زێدەتر گوتی: “من لە کاری نێتۆرک مارکێتینگدا توانیم هەلی کار بۆ چەندین گەنجی بەتوانا لە زۆربەی ناوچەکان و دەرەوەی وڵات بڕەخسێنم. کاتێک دەبینم ئەو کەسانەی لە ڕێگەی منەوە کار دەکەن، بزنسێکی تایبەت بە خۆیان داناوە و داهاتیان هەیە، زۆر دڵخۆش دەبم.”
پەیامێک بۆ کچان و گەنجان:
هەنا هانی گەنجان دەدات کە کار بۆ خۆبژێوی و سەربەخۆیی ئابووریی خۆیان بکەن، نەک تەنیا چاوەڕوانی دامەزراندنی حکوومی بن. ئەو دەڵێت: “سەربەخۆیی ئابووری بۆ من تەنیا پەیداکردنی پارە نەبوو، بەڵکوو بەدەستهێنانی کەرامەت و ئازادیی بڕیاردان بوو لە ژیانمدا. کاتێک وەک کچێک متمانەت بە خۆت دەبێت، بازاڕی ئێستاش گۆڕاوە؛ پێویست ناکات کچان باوەڕیان بە تواناکانی خۆیان نەبێت، بەڵکوو دەتوانن بە بیرۆکەی نوێ و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، ببنە خاوەنی براندی تایبەت بە خۆیان.”
لە کۆتاییدا، هەنا مستەفا جەختی لە گرنگیی پاڵپشتیکردنی خاوەنکارەکان کردەوە و گوتی: “پێویستە سوپاسی هەموو ئەو ڕێکخراو و لایەنانە بکەین کە وەک پاڵپشتێکی بەهێز، هاوکاری و پشتیوانیی دارایی و مەعنەوی پێشکەش بە خاوەنکارە سەربەخۆکان دەکەن.”

