رۆژنامەی ھەولێر

گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە ڕێژەی 70٪ تەواو بووە

کارەکانی دروستکردنی گەورەترین نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە شاری هەولێر بەردەوامە و تا ئێستا 70٪ـی کارەکانی تەواو بووە، بڕیاریشە پێش وادەی دیاریکراوی خۆی کارەکانی بگەیندرێتە کۆتایی.

ئەم پڕۆژە ستراتیجییە کە توانای لەخۆگرتنی 150 قەرەوێلەی هەیە، لەسەر ڕووبەری 30 هەزار مەتردووجا بونیاد دەنرێت. نەخۆشخانەکە نوێترین تەکنەلۆجیای سەردەم و سەرجەم پشکنینەکان و بەشی فریاکەوتنی خێرای تایبەت بەخۆی تێدا دەبێت.

لەڕووی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانەوە، نەخۆشخانەکە دەبێتە ناوەندێکی گشتگیر و کۆمەڵێکی فراوان لە چارەسەرە پێشکەوتووەکان پێشکەش بە نەخۆشان دەکات؛ کە پێک هاتوون لە چارەسەری نەشتەرگەری، چارەسەری کیمیایی، چارەسەری تیشکی و هەروەها چارەسەرکردن بە تیشکی ناوەکی.

ئەم پڕۆژە گرنگە، بەتەواوی لەلایەن دەستی کاری ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت. پڕۆژەکە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2024ـەوە بەردی بناغەی بۆ دانراوە و هەرچەندە وادەی تەواوبوونی 3 ساڵی بۆ دیاری کرابوو، بەڵام بەهۆی بەردەوامی و خێرایی لە کارکردندا، پێشبینی دەکرێت بەر لەو وادەیە تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.