بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕێوڕەسمی بەخشینی بڕوانامەی خولی راهێنان دامەزراندنی سیستەمی وزەی خۆر، تایبەت بە ئەندازیارانی ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.
ئەم خولە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان پارێزگای هەولێر و سەنتەری تەکنەلۆجیا و ڕاهێنانی ئەوروپ (ETTC)، و بە هاوکاری کۆمپانیای «تیشکی بەختیاری» ڕێکخرابوو، و بە مەبەستی پەرەپێدان و پێشخستنی تواناکانی ئەندازیاران و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پیشەییان لە بواری وزەی خۆر ئەنجامدرا.
خولەکە بۆ ماوەی دوو ههفته بەڕێوەچوو و تێیدا بەشداربووان لەگەڵ نوێترین زانیاری و بنەما تەکنیکییەکانی پەیوەندیدار بە وزەی سۆلار، شێوازەکانی بەکارهێنان و پەرەپێدانی ئەم جۆرە وزەیە، و هەروەها ئەرک و بەرپرسیارتییە پیشەییەکانیان لەم بوارەدا ئاشنا کراون.
خولەکە لەلایەن سەنتەری تەکنەلۆجیا و ڕاهێنانی ئەوروپی (ETTC) و بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری دیوانی پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر بڕوانامەکانی خولەکەی بەسەر بەشداربوواندا دابەش کرد و پیرۆزبایی لێکردن. هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ بەشداربووان خواست و جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی خولە تایبەتی و پیشەییەکان کردەوە، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای کارمەندان، پێشخستنی ئاست و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان .

