رۆژنامەی ھەولێر

لە چۆمان د. سالار عوسمان کۆڕێکی بە ناونیشانی (کادیر و ئەرکی میدیایی) پێشکەش کرد

دوێنێ، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی بەرزڕاگرتنی یادی پڕ شکۆی ١٦ی ئاب، ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، لقی ٢٦ی گوڵان کۆڕێکی فکری و میدیایی بۆ د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، لەژێر ناونیشانی (کادیر و ئەرکی میدیایی) ساز کرد.

کۆڕەکە لە بارەگای لقی ٢٦ی گوڵان لە چۆمان بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان، هەڤاڵانی لق، و جەماوەرێکی بەرفراوانی سنوورەکە لە کادیران، ڕۆشنبیران و کەسایەتییەکانی ناوچەکە.
لە میانەی کۆڕەکەدا، د. سالار عوسمان بە وردی تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیی کادیران لە قۆناغی هەنووکەییدا و ئەرکە میدیاییەکانیان لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکان.و، جەختی لەسەر گرنگیی هۆشیاریی میدیایی، گەیاندنی پەیامی ڕاستەقینەی نەتەوەیی، و بەکارهێنانی زانستییانەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن کردەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و خزمەتکردنی هاوڵاتییان.

لە کۆتایی کۆڕەکەشدا، دەرگای پرسیار و گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان کرایەوە و ئامادەبووان بە سەرنج و تێبینییەکانیان بابەتەکەیان زیاتر دەوڵەمەند کرد.