رۆژنامەی ھەولێر

چەند سەرنجێکی کورت سەبارەت بە بەرپرسیارێتی میدیایی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

کاتێک میدیا لە ئاکاری ڕاستەقینەی خۆی لادەدات و دەیەوێت کۆمەڵگە بە لاڕێدا بەرێت، ئیدی میدیاکار هەموو سنوورە ئەخلاقییەکان دەبەزێنێت، کە لە کاری میدیاییدا هێڵی سوورن و نابێت ببەزێنرێن، هاوکات لەبری پیشاندانی واقیع، خۆی لە هەوڵی دروستکردنی واقیعێکی ساختە دەدات. ئەرکی میدیای ئاراستەکراو، یان چەواشە، بەلاڕێدا بردنی کۆمەڵگە و بینەرەکانییەتی و خوینەرەکان و بیسەرەکانییەتی، نەک پیشاندانی حەقیقەت. ئەرکی ڕاستەقینەی میدیا پیشاندانی حەقیقەتە بینراو و نەبینراوەکانە. نەک دروستکردنی تەمومژ لە دەوری حەقیقەت و لەسەر ڕووداوەکان و بەلاڕێدا بردنی بینەر و بیسەر و خوێنەر.

نزیکەی چارەکە سەدەیەکە کاری میدیایی دەکەم و 20 ساڵی ڕێکە لەم ڕۆژنامەیە دەنووسم، هەوڵم نەداوە بە یەک وشە واقیع بشێوێنم و لە پرنسیپە ئەخلاقییەکانی میدیا لا بدەم، هەمیشە ویستوومە واقیع چۆنە ئەوە بگوێزمەوە، یان باس بکەم، یان نەبینراوەکان بۆ خوێنەران ئاشکرا بکەم. بۆیە سەربەرزانە دەتوانم بەرپرسیارێتی وشە بە وشەی ئەوەی لێرەدا نووسیومە هەڵبگرم، چونکە من ناتوانم دژ بە پرەنسیپەکانی کاری میدیایی کار بکەم و ئەخلاقی میدیاییم ڕێگەم پێ نادات لە هیچ کام لەو پرەنسیپانە لابدەم.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کەناڵێکی میدیاییدا بەرنامەیەک سەبارەت بە پرسی کتێب و خوێنەر کرا و تاڕادەیەکی زۆر زانیارییەکانی نێو ئەو بەرنامەیە ناڕاست بوون، بە حوکمی ئەوەشی خۆم چوار کتێبم سەبارەت بە پرۆسەی خوێندنەوە و بەکولتوورکردنی خوێندنەوە نووسیوە و وەکو ڕۆژنامەنووسێک کە چاودێری دۆخی کولتووریی دەکەم ڕێگە بەخۆم دەدەم چەند سەرنجێک بخەمەڕوو. سەرەتا من قسەم لەسەر بۆچوونی میوانەکان نییە، بەو پێیەی ڕێزی هەموو بۆچوونێکی جیاواز، یان کورتهێنانێک دەگرم و دەشێ لەگەڵیاندا نەبم، بەڵام وەکو بۆچوون گوێم لێگرتن، بەڵام ئەوەی سەیر بوو میدیاکارەکە بوو، کە لە هەوڵی شێواندنی واقیع و پیشاندانی دۆخێکدا بەرنامەکەی کردبوو کە خۆی مەبەستی بوو نەک ئەوەی واقیع چۆنە؟ چونکە ئەو لە نیوەڕۆدا و کاتی پشووی هاوین، کە هەموو فێرخوازێک لە پشووی ساڵانەی خۆیدایە، سەردانی کتێبخانەی گشتی سلێمانی کرد بوو و لە بەرنامەکەدا دەڵێ کتێبخانەکە چۆڵە، هاوکات لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەیدا نزیک بانگی ئێوارە سەردانی بازاڕی کتێب دەکات و دەڵێ داخراوە؟ وەک ئەوەی لە بۆسەدا بووبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەو کاتانەی کە مەبەستی بەرنامەکەیەتی کە خراپی دۆخی کتێب و کەمبوونەوەی خوێنەرە، بۆ ئەوەی کاڵاکەی هێندەی ئەو باڵایە بێت کە خۆی مەبەستێیەتی. لێرەدا پێداگرانە دەڵێم ئەو میدیاکارە دەیویست ئەوە بگەیەنێت کە “دۆخی کتێب خراپە و خوێنەر کەمە” ئیتر هەموو هەوڵی ئەوە بوو، کە هەرچی لێدوانێک وەردەگرێت لەچوارچێوەی ئەم کۆنسێپتەدا بخولێتەوە، نەک ئەوەی واقیع چۆنە و وەکو ئەرکێکی میدیایی واقیع پیشان بدات. دەشێ بپرسین ئەگەر دۆخی کتێب خراپە بۆچی دەزگاکانی چاپ بەردەوام لەکار؟ کەواتە دۆخی کتێب خراپ نییە؟ بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانیدا نییە؟ یان دۆخە دارایی و ئەمنییەکانی ئەم ناوچەیە کەشێکیان خولقاندووە، کە زەمینەی خوێندنەوە لەبار نییە، ئەمە بێجگە لەوەی لێشاوی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش کاریگەریی هەیە، کە گرنگە لە بەرنامەیەکی لەو شێوەیەدا هەموو هۆکارێک و لایەنەکانی ئەم بابەتە شی بکرێتەوە و لەبەرچاو بگیرێت.
من لێرەدا تەنها ئاماری چاپی چوار بۆ پێنج دەزگای چاپ دەخەمە ڕوو کە لە شاری سلێمانین و خۆم لە نزیکەوە خوێنەریانم و ئاگام لە چاپکراوەکانی ئەمساڵیانە: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لەمساڵدا زیاتر لە 60 ناونیشانی نوێی چاپ کردووە. ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند زیاتر لە 40 ناونیشان. ناوەندی رۆمان 30 ناونیشان. ناوەندی جەمال عیرفان زیاتر لە 20 ناونیشان. ناوەندی غەزەلنووس زیاتر لە 15 ناونیشان. بێگومان بۆ ئەم ئامارانە پشتم بە زاکیرەی خۆم بەستووە و فەرمی نین و دڵنیام هەندێک ناوەندی زیاتریان چاپ کردووە. ئەم ئامارانە دەری دەخەن، ئەگەرچی دۆخی کتێب و فرۆشتنی وەکو پێویست نەبێت، بەڵام گەشەکردنی پیشەسازی چاپ لە ئاستێکی باشدایە و جوڵەی خوێنەریش بەردەوامە. ڕەنگە بەچاو وڵاتانی دیکەوە جوڵەی خوێنەر و ڕێژەی خوێنەر کەم بێت، بەڵام ئێمە لەسەرتای ڕێگەیەکی نوێدا بۆ بەکولتوورکردنی خوێندنەوە و بونیادنانی کۆمەڵگە.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەو میدیاکارە لە پرەنسیپەکانی کاری میدیایی لایداوە و ویستوویەتی ئەو وێنە ساختەیەی لەسەر خوێنەر و دۆخی کتێب کە لە هزری خۆیدا گەڵاڵەی کردووە پاڵپشت بۆ ئەوە بدۆزێتەوە، ئەمەش لەبەر هۆیەکی سادە، چونکە خۆی ناخوێنێتەوە؟ میدیاکارێک نەخوێنێتەوە چۆن دەتوانێت واقیع و واقیعی نادیار کەشف بکات، چون دەتوانێت ئەودیوی ڕووداوەکان ببینێت؟ چۆن دەتوانێت لە بەرپرسیارێتی میدیایی تێبگات؟
لە هەر کۆمەڵگەیەکدا میدیایەکی بەرپرسیار لە ئارادا نەبوو، سەرلێشێواوی لە هەموو بوارەکاندا دێتە ئاراوە. بۆ ئەوەشی ئەو سەرلێشێواوییە نەمێنێت، دەبێت میدیا و میدیاکار بەرپرسیارانە هەڵسووکەوت بکەن و وێنە بۆ واقیع دانەتاشن، بەڵکو واقیعی بینراو و نەبینراو بگوازنەوە، هەڵبەت هەموو ئەمانەش لەژێر ڕۆشنایی پرەنسیپەکانی کاری میدیاییدا.