ڕائیب جادر – هەولێر
چەند ڕۆژێکە جووتیاران دەستیان بە ڕنینەوەی سماق کردووە، سماق خواستێکی زۆری لەسەرە و ھەناردەی دەرەوە دەکرێت. بەرپرسانی کشتوکاڵ، دەڵێن، حکوومەتی ھەرێم بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگی بە کشتوکاڵ و بەرھەمی جووتیاران دەدات، ھەر ئەوەش ھۆکار بووە کە سالڕ بۆ ساڵ ژمارەی جووتیاران زیاتر ببێت، ئەوەش ھاندەرێکی باش بوو بۆ ئەوەی جووتیاران زیاتر گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ بەتایبەتی سماق بدەن.
ئەحمەد حاجی، کە خەریکی ڕنینی سماق بوو، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: سماق زیاتر لە سێ جۆری ھەیە، ھەر جۆرێکی لە کاتێکدا پێ دەگات، بەڵام بە گشتی ساڵانە لە سەرەتای مانگی ھەشتەوە دەست بە ڕنینی بەرھەمەکەی دەکەین و لە بازاڕ دەفرۆشینەوە.
ئەو جووتیارە، دەشڵێ: بەم دوایە خەڵکێکی زۆر لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان ڕوویان لە چاندنی سماق کردووە، ئەوەش بۆ ئاو و ھەوای کوردستان و ئەو گرنگی دانەی حکوومەتی ھەرێم دەگەڕێتەوە، ساڵانە بژێو و ژیانی خەڵکێکی زۆر لەسەر بەرھەمی سماقە، ئەمساڵ کیلۆی سماق زۆر گران بووە کیلۆی سماقی باش بە ١٤ ھەزار دینارە، بەرھەمی سماق نەک لە ناوخۆی کوردستان دەفرۆشرێت، بەڵکو ھەناردەی شارەکانی عێراق و دەرەوەش دەکرێت، سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین بۆ ئەو پاڵپشتییەی کە بەردەوام لە جووتیاران دەکرێت.
ڕەشید محەممەد، لەناو باخەکەی خەریکی ڕنینی سماق بوو، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بە سێ ساڵ سماق بەرھەم دێت، ئەمساڵ بەرھەمی سماق زۆر باشە، باخەکەم بەرھەمێکی باشی ھێناوە، کە پێشبینی دەکرێت بە دەیان تۆن بێت، دوای چنینی سماق، لەبەر ڕۆژ دادەنێین دوای وشکبوونی بە دار ھەمووی ورد ورد دەکەین دواتر دەبەینە بازاڕ و دەفرۆشینەوە.
ئەو جووتیارە، گوتیشی: سێ جۆر سماق لە ئاکرێ بەرھەم دێت، سماقی سپی، سوور، لەگەڵ سماقی کیڤە زەرد، بەڵام سماقی سپی لە ھەموویان بەناوبانگترە و تامەکەشی لە ھەمووی خۆشترە و بە نرخترە، بەڵام دوای جۆرەکانی دیکە پێ دەگات.
بەختیار موحسێن، کە دووکانی فرۆشتنی بەرھەمی خۆماڵی ھەیە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، زیاتر لە ١٥ ساڵە لە دووکانەکەم بەرھەمی خۆماڵی دەفرۆشم، لە ئێستادا بەھۆی پێگەیشتنی سماق، کڕیاری تایبەتیم ھەیە، ھەتا ڕەوانەی شارەکانی عێراق دەکرێت، ئەمساڵ بەرھەمی سماق زۆر باشە، کڕین و فرۆشتنێکی زۆری لەسەرە.
ئەندازیار فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: تەنیا لە ئاکرێ ٣ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بنەداری سماق ھەیە، بەرھەمی سماقی ئەمساڵ نزیکەی حەوت ھەزار تۆن دەبێت، ئەگەر بەراورد بکەین لەگەڵ ساڵی ڕابردوو بەرھەمی سماق ئەمساڵ زۆر زیاترە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، ئاشکراشی کرد: تایبەتمەندی سماقی ئاکرێ ئەوەیە ترشییەکەی زۆرترە لە سماقی ھەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، ھەروەھا ڕەنگیشی جیاوازترە، ھەر ئەوەش وای کردووە کە سماقی ئاکرێ خواستێکی زیاتری لەسەر بێت، لە ھەموو شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان ھەتا لە شارەکانی عێراق بە مەبەستی کڕینی سماق ھاووڵاتییان ڕوو لە ئاکرێ دەکەن، سماقی ئاکرێ بەشی ھەموو کوردستان دەکات، ئەوەش وای کردووە کە چەندین کارگەری ھاڕینی سماق لە ناوچەکە بکرێنەوە، ئەوەش زیاتر جووتیارانی ھانداوە کە ڕوو لەو بەرھەمە خۆماڵییە بکەن.
ئەندازیار فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، ئەوەشی گوت: حکوومەتی ھەرێم بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگی بە کشتوکاڵ و بەرھەمی جووتیاران دەدات، ڕێگەی بۆ ھەموو گوند و ئاواییەکان بردووە، ھەروەھا بازاڕشی بۆ بەرھەمی ناوخۆ دۆزیوەتەوە، ساڵی ڕابردوو سماقی ھەناردەی دەرەوە کرد، ئەوەش ھاندەرێکی باش بوو بۆ ئەوەی جووتیاران زیاتر گرنگی بە چاندنی ئەو بەرھەمە بدەن.

