دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە دیوی سنووری ئێرانەوە بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، “کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.”
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
دژەتیرۆری کوردستان جەختیشی کردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەکەن و رایانگەیاند “ئەم دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین و تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە.”

