رۆژنامەی ھەولێر

١٦ی ئــــــــــــــاب؛ وێستگەیەکی پڕشنگدار لە مێژووی کوردستاندا

١٦ی ئاب یەکێکە لە ڕۆژە گرنگ و مێژووییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، کە چەند ڕووداوێکی گەورەی لەخۆ گرتووە و وەک وەرچەرخانێکی سیاسی لە مێژووی هاوچەرخی کورددا دەبینرێت.

ڕووداوە مێژووییەکانی ١٦ی ئاب:
١. دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان: لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦دا، بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفا بارزانی و تێکۆشەرانی کورد، پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) دامەزرا. ئەمە قۆناغێکی نوێ بوو لە خەباتی ڕێکخراوەیی و نەتەوەیی کورد لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیدا.
٢. لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی: لە هەمان ڕۆژدا (١٦ی ئابی ١٩٤٦)، سەرۆک مەسعود بارزانی لە شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بوو.
بەم شێوەیە، ١٦ی ئاب بووەتە سیمبولێکی نەتەوەیی و هاوکاتە لەگەڵ بناغەدانانی هێزێکی سیاسیی کاریگەر لە مێژووی کوردستاندا.
زەهرا محەمەد، چالاکوان و ڕاگەیاندنکار، لە لێدوانێکیدا بۆ (هێلین) دەڵێت:
“١٦ی ئابی ١٩٤٦ ڕۆژێکی ئاسایی نییە لە مێژووی گەل و نەتەوەیەکدا، بەڵکو ڕۆژی بەرگریکردنە لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد. ئەم ڕۆژە کە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵیادی هاتنە دنیای ڕێبەر و سەرۆکمان مەسعود بارزانییە، هیوا و ئومێدی زۆری بە گەلی کورد بەخشی لە پێناو ئازادیی گەل و نیشتماندا.”
زەهرا ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی لە ساتەوەختی دروستبوونییەوە قوربانیی زۆری داوە تاوەکو میلەتەکەی لە چنگی زوڵم و زۆرداری ڕزگار بکات. دەشڵێت: “ئەو ڕۆژانەی ئەمڕۆیان دروست کرد، بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و هەوڵ و خەباتی بەردەوامی میلەتێکە کە هەمیشە مافی خوراوە. بەڵام پارتی بە سەرۆکایەتیی باوکی ڕوحی و نەتەوەییمان، مەلا مستەفا بارزانی، توانی بەوپەڕی خۆڕاگرییەوە بەرگری لە کوردستان بکات.”
لە کۆتاییدا زەهرا محەمەد وتی: “پارتی تەنها حزبێک نییە، بەڵکو مێژوو و تەمەنێکە پڕ لە سەروەری و شکۆمەندی. ئەمڕۆش بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، دۆزی ڕەوای کوردی بە جیهان ناساندووە و ئارامی و ئاوەدانیی بۆ کوردستان بەدی هێناوە. ئێمەش بەڵێن دەدەین نەوەیەکی بەوەفا بین بۆ گەل و نیشتمان.”
یوسف حەسەن، چالاکوانی ڕاگەیاندن، بۆ (هێلین) دەڵێت:
“لە ١٦ی ئابدا، مێژوو قەڵەمەکەی خستە دەست کورد تا خۆی چیرۆکی مانەوە و سەربەرزیی خۆی بنووسێتەوە. ئەم ڕێکەوتە تەنها ڕۆژێکی ئاسایی نییە، بەڵکو سیمبولێکی زیندووی خەبات و سەرەتای قۆناغێکی نوێی سیاسییە.”
لەدایکبوونی ئومێدێکی نوێ لە ساڵی ١٩٤٦
یوسف حەسەن باس لەوە دەکات کە دامەزراندنی پارتی لە ساڵی ١٩٤٦دا، وەڵامێکی مێژوویی و پێویستییەکی حەتمی بوو بۆ ڕێکخستنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی سیاسیی مۆدێرندا. ئەم هەنگاوە بووە بزوێنەری شۆڕشە مەزنەکانی وەک شۆڕشی ئەیلوول، کە حکومەتی عێراقی ناچار کرد دان بە مافەکانی کورددا بنێت لە ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداردا.

پەیامی ١٦ی ئاب بۆ ئەمڕۆی کوردستان
یوسف حەسەن دەشڵێت: “کاتێک یادی ١٦ی ئاب دەکەینەوە، تەنها گێڕانەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو وەرگرتنی وانەی یەکڕیزییە. لە نێو ئاڵنگارییەکانی ئەمڕۆدا، پەیامی ئەم یادە پاراستنی دەستکەوتەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە. ئەرکی گەنجانی ئەمڕۆش ئەوەیە کە ئەو وزەیەی جاران بۆ خەباتی چەکداری تەرخان دەکرا، ئێستا بۆ پێشخستنی زانست و ئابووری و بونیادنانی وڵات بەکاری بهێنن.”
لە کۆتاییدا یوسف حەسەن دووپاتی کردەوە کە ١٦ی ئاب وێستگەیەکە تێیدا ئیرادەی کورد بۆ ژیانێکی سەربەرزانە بەرجەستە دەبێت و تا خەبات بۆ ئاشتی و ئاوەدانی بەردەوام بێت، ئەم یادە بە گەشی دەمێنێتەوە.