رۆژنامەی ھەولێر

تۆمارکردنی دەنگدەرانی نوێ و لەدایکبووانی ساڵی ٢٠٠٨ چوار مانگە دەستیپێکردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت، دەرگای گواستنەوەی بنکەی دەنگدان لە بنکەیەکەوە بۆ بنکەیەکی دیکە کراوەتەوە، ھەر دەنگدەرێک ئارەزوو دەکات بنکەی دەنگدانی بگۆڕێت دەتوانێت سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بکات.

نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: گواستنەوەی بنکەی دەنگدان تەنیا لە چوارچێوەی یەک پارێزگایە و دەنگدەر ناتوانێت بنکەی دەنگدانی لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە بگوازێتەوە، بۆ نموونە دەنگدەر ناتوانێت بنکەی دەنگدانی لە سنووری بازنەی ھەولێر بۆ سلێمانی بگوازێتەوە یان بە پێچەوانەوە.
سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتیشی: پرۆسەکە تا مانگێک پێش ماوەی دیاریکراوی ھەڵبژاردن بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر ھەشت و نیوی بەیانی تاوەکو سێی دوای نیوەڕۆ بنکەکان کراوەن و دەنگدەر دەتوانێت سەردانیان بکات. سەبارەت بە مەرجەکانی گواستنەوەی بنکەی دەنگدان، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەشڵێ: پێویستە دەنگدەر کارتی دەنگدان، کارتی نیشتمانی و زانیاری پێبێت و کۆمیسیۆن ڕێکارەکانی بۆ تەواو دەکات.
ھەروەھا لەبارەی تۆمارکردنی دەنگدەری نوێ سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، تۆمارکردنی دەنگدەرانی نوێ و لەدایکبووانی ساڵی ٢٠٠٨ چوار مانگە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٣٠ ھەزار کەس تۆمارکراون.
لەلایەکی دیکەوە جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت، پرۆسەی گواستنەوەی بنکەی دەنگدان کراوەتەوە و تەنیا لە ڕۆژانی ھەڵبژاردن ناکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی نیسانەوە تۆمارکردنی دەنگدەری نوێ دەستیپێکردووە و بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو لەدایکبووانی ساڵی ٢٠٠٨ دەتوانن دەنگ بدەن.