حکوومەتی عێراق دەستی بە تۆمارکردنی چەکی نایاسایی کردووە و مەبەست لەو هەڵمەتە ئەو چەکانە نییە کە لە دەستی حەشدی شەعبی و گرووپە میلیشیاکاندایە بەڵکوو ئەوا چەکانەیە کە پێشتر تۆمار کراون بەڵام دواتر دیار نەماون و لە بانکێکی زانیاریدا شەش ملیۆن پارچە چەک تۆمار کراون.
بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کە لە ساڵی ٢٠١٨ دەرچووە دەبێت چەکی نایاسایی کۆ بکرێتەوە و هەموو ئەو چەکانە بگەڕێنەوە بۆ حکومەت. بڕیارەکە لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە دوای ئەوەی لیژنەی تایبەتی بۆ دامەزرێنرا.
بۆ کۆکردنەوەی چەکی نایاسایی لە عێراق چوار قۆناغ دستنیشان کراوە کە بریتین لە یەکەم بانکی زانیاری، دووەم تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتییان، سێیەم دەستبەسەرداگرتن و پشکنین و چوارەمیش بەدیهێنانی ئاسایش. هەر بە پێی ئەو پلانەی دانراوە دەبێت تا ساڵی ٢٠٣٠ هەر سێ قۆناغەکە جێبەجێ بکرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق کۆکردنەوەی شەش ملیۆن پارچە چەکی ڕاگەیاند کە لە بانکی زانیاری تۆمار کراون. لیوا مقداد مێری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بە داخستنی حەفتا و یەک بارەگای وەهمی کرد کە بانگەشەی ئەوەیان کردووە پەیوەندییان بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە هەبووە. هەروەها سەد و نۆزدە دوکانی فروشتنی نایاسایی چەکیان داخستووە.
ئەم زانیارییە دەیسەلمێنێت ئەو بارەگایانەی کە حەشدی شەعبین هیچ کێشەیەکیان لای حکوومەتی عێراق نییە و ئەوانە دادەخرێن یان ئەو چەکانە دەستیان بەسەردا دەگیرێت کە دەرەوەی حەشدی شەعبین و لەدەست گرووپ و کەسی دیکەدا هەڵگیراون.
لیواکە ڕوونی کردەوە لێژنەکە بە چاودێریی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کار دەکات و وەزارەتی ناوخۆ بەپێی پسپۆڕی سەرۆکایەتی دەکات، ئەرکی لێژنەکە بریتییە لە ڕێکخستنی چەک، ڕێگریکردن لە دیمەنە چەکدارییەکان، بەدیهێنانی ئاسایش و گەشەپێدان و پاراستنی بووژانەوەی ئابووری”، دیاریشی کرد کە لێژنەکە سێ مانگ جارێک کۆنگرەیەک بۆ ڕێکخستنی کارەکانی ساز دەکات.
هەر بە پێێ ئامارەکە ژمارەی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک بۆ هاووڵاتییان و مۆڵەتی خاوەندارێتی کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ناسنامەکان و مۆڵەتی چەکەوە دراوە، گەیشتووەتە سەرووی سەد و شەست هەزار.
جگە لەمە بەدواداچوون بۆ سەد و چل و سێ هەزار و سێسەد و نۆ چەکی دزراو کراوە، هاوکات بەدواداچوون بۆ چەکی سەد و سی و چوار کۆمپانیای ئەمنیی تایبەت کراوە دەستبەسەرداگرتنی بیست و یەک هەزار و دووسەد و بیست و چوار پارچە چەک ڕاگەیەنراوە و زیاتر لە نیو ملیۆن پارچە چەک لە چوارچێوەی داواکارییەکانی تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتییاندا تۆمار کراون. لێژنەکە بەدواداچوونی بۆ چەکی هێزەکانی سەحوە، چەکە ونبووەکانی وەزارەتی ناوخۆ، کۆمپانیا ئەمنییەکان کردووە و دەستی بەسەر هەزاران پارچە چەکدا گرتووە. لێژنەکە لەمساڵدا دەستی بەسەر چل و نۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا گرتووە.
تا کۆتایی ئەمساڵ تۆمارکردنی چەکی بێۆڵەت بەردەوامە و ئەوەی چەکەکەی تۆمار نەکات بە یاسدا دەرچوو دادەنرێت و ڕووبەڕوی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق جێبەجێی دەکات هەنگاوێکی باشە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی نایاسایی بەڵام ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بەو چەکە قورس و هامەڕ و درۆن و هاوەنانە نییە کە لە لایەن گرووپەکانی حەشدی شەعبی ڕاگیراون و زۆر جار لە دژی بەرژەوەندییەکانی عێراق بەکاریان دەهێنن. بەڵام سەیر لەوەدایە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق تا ئەم ساتە حەشدی شەعبی و چەکەکانیان بە نایاسایی نازانن.
بەپێی قسەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت تا کۆتایی ئەیلوول هەموو ئەو گرووپانە چەک بکرێن و چەکەکان بۆ سوپا و دەوڵەت بگێڕدرێنەوە بەڵام لەم ڕووەوە هیچ هەنگاوێک نەنراوە و ئەو چەکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە زیاتر ئەو جۆرە چەکە سووکانەن کە لای خەڵک بوون.

