بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری لە شاری هەولێر، ئاماری سەردانی چارەخوازانی بۆ بەش و سەنتەرە جیاوازەکانی ناو نەخۆشخانەکە لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا بڵاوکردەوە و تێیدا هەزاران هاووڵاتی لە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان سوودمەند بوون.
بەپێی ئامارەکان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ١٠٢٤ چارەخواز سەردانی بەشی ڕاوێژکاریی هەرس و جگەریان کردووە. لە بەشی نازووریش، ٣٢٦ پشکنینی گەدە، ١٥٦ پشکنینی کۆڵۆن و ٢٦ پشکنینی ڕێڕەوەکانی زراو بۆ نەخۆشان ئەنجامدراون.
نەخۆشخانەی ڕزگاری بۆ گرێ و شێرپەنجە پێشوازی لە ٣٠٤٨ چارەخواز کردووە. هاوکات لە بەشی چارەسەری سروشتی دوو هەزار و ٤٤٠ کەس چارەسەریان وەرگرتووە و ٧٦٠ نەخۆشیش دەرزی تایبەت بە ڕۆماتیزمیان بۆ کراوە.
لەو مانگەدا ٦٣٠ چارەخواز سەردانی سەنتەری هەناسەیان کردووە و ٤ چارەخوازی دیکەش پشکنینی ناوبینیی سییەکانیان بۆ ئەنجامدراوە.
ئامارەکان دەریدەخەن کە ٣٠٨ چارەخواز سەردانی سەنتەری هاوچەرخیان بۆ بیستن و ئاخاوتن کردووە و ٤٤٣ هێڵکاریی گوێ ئەنجامدراوە. لە بەشی نەشتەرگەرییەکانیشدا، ٣ پڕۆسەی چاندنی گورچیلە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراون. ئاماژە بەوەش دراوە کە بەهۆی کارکردن و نۆژەنکردنەوە، بەشی ناوبینیی میزڵدان لەو مانگەدا هیچ پشکنینێکی تێدا ئەنجام نەدراوە.
ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری جەخت دەکاتەوە کە تیمە پزیشکی و کارگێڕییەکانیان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستی بە هاووڵاتییان.

