رۆژنامەی ھەولێر

رێبەر ئەحمەد: کار لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکەین

لە رێوڕەسمێکی یادی 43 ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکاندا، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە ئەنفال نەیتوانی ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنێت و جەختی کردەوە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و رێگە نادەن هیچ کەس و لایەنێک مەترسی بخاتە سەری.

رۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2026، لەژێر ناونیشانی “مردنێک لەپێناوی مانەوەی نیشتیماندا”، یادی 43 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکان بەڕێوەچوو. رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا بەو بۆنەیەوە رایگەیاند: “بەوپەڕی رێز و شکۆوە لە حزووری شەهیدبوونی 8 هەزار هاووڵاتی بێتاوان دەوەستین و ئەو یادە بەرز رادەگرین کە کارەساتی جینۆسایدی بارزانییەکانە؛ گەورەترین کۆمەڵکوژی سامناک لە مێژووی هاوچەرخدا.”

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد. ئەنفال هەوڵێکی نەزۆک بوو بۆ سڕینەوەی شوناسی گەلی کوردستان، بەڵام ئیرادەی گەلەکەمان سەرکەوت. گوتیشی: “ئەمڕۆ جێگەی خۆیەتی دەستی ئەو دایک و خوشکە مەزنانە ماچ بکەین کە دوای شەهیدبوونی باوک و هاوسەر و براکانیان، پیائاسا بوونە هەوێنی شۆڕشی بەرخودان و پەروەردەکردنی نەوەیەک کە ئێستا دژ بە تاریکی و زوڵم دەجەنگن.”

رێبەر ئەحمەد جەختی لە پابەندبوونی حکوومەت کردەوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و ناوەندە جیهانییەکان بە مەبەستی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ناسینەوە و گەڕاندنەوەی روفاتەکان بۆ باوەشی کوردستان. لەو چوارچێوەیەدا، ستایشی رۆڵی سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی: “بە هەوڵی جەنابیان تاوەکو ئێستا روفاتی زیاتر لە 700 شەهید گەڕێندراونەتەوە و فێری کردین کە ئەنفال نەکەینە رق و تۆڵە، بەڵکو بیکەینە هەوێنی برایەتی و لێخۆشبوون.”

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆک بارزانی لێبڕاوانە دۆسیەی ئەنفالی بردە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی یاسایی بە جینۆسایدی گەلی کوردستان.

وەزیری ناوخۆ رووی دەمی کردە نەوەی نوێ و رایگەیاند کە ئازادیی ئەمڕۆ بەرهەمی خوێنی شەهیدانە. هەروەها هۆشدارییەکی توندی دایە ئەو کەسانەی دەستیان لەگەڵ دوژمنان تێکەڵ کردووە بۆ تێکدانی قەوارەی هەرێم و گوتی: “بەبیریان دەهێنمەوە کە ئەم قەوارەیە و دامەزراوەکانی بە خوێنی ئەنفال و شەهیدان بەدەستهاتوون و بە دەستوبازووی پێشمەرگە پارێزراون، هەر بە خوێنیش پارێزگاری لە شەرعیەت و قەوارەی خاکەکەمان دەکەین.”